ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسای مەهسا پەسەند دەکات ئێران

نوچەنێت:

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا "یاسای مەهسا"ی پەسەند کرد و بەم پێیەش خامنەی و ئیبراهیم رەئیسی دەبێ سزا بدرێن بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە.

ڕۆژی سێشەممە (13/ئەیلوول/2023) بی بی سی فارسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا "یاسای مەهسا" (ژینا)ی بە دەنگی 410 بەڵێ لە بەرامبەر سێ دەنگی نەخێر پەسەند کرد و ئەم پرۆژە یاسایە داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکات، کە عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، بە تاوانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تێکدانی سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە سزا بدات.

هەروەها داوای سزادانی دامەزراوەی رێبەری، دامەزراوەی سەرۆککۆماری، بەرپرسانی دیاریکراوی رێبەری ئێران و تۆڕی دامەزراوە و کۆمپانیاکانی ژێر دەسەڵاتی رێبەری ئێران دەکات. 

گۆڕینی ئەم بڕیارنامەیە بۆ یاسا پێویستی بە کردەوەی هاوشێوە هەیە لە ئەنجومەنی سەنا (پیران)، دوای ئەوە دەبێت لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ بکرێت.

لە ئەگەری پەسەندکردنی کۆتایی یاسای مەهسا، جۆ بایدن دەبێت لە ماوەی ٩٠ رۆژدا وەڵامی کۆنگرێسی ئەمریکا بداتەوە و هەموو ساڵێک هۆکاری درێژکردنەوە یان نوێنەکردنەوەی ئەو سزایانە بۆ نوێنەرانی کۆنگرێس روون بکاتەوە.

بەشی یەکەمی ئەم بڕیارنامەیە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی موشەک و درۆن  لەلایەن ئێرانەوە لەڕێگەی سزادانی ئەو کەسانەی بەشدارن لەو بەرنامانە دەکاتە ئامانج و بەشی دووەمیش سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای حکومەتدا دەسەپێنێت، بەهۆی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە تیرۆر". بەشێکی دیکەی ئەم بڕیارنامەیە سەرکوتی کەمینەی بەهاییەکان لە ئێران سەرکۆنە دەکات.

مایکل مەکاڵ، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کۆماریخواز بە ئاماژە بە کوشتنی مەهسا ئەمینی، رایگەیاند: "ئێران پێشێلکارییەکی دڕندانەی مافی مرۆڤی ئەنجامداوە. ئەم دەسەڵاتە ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ دەکات و راستییەکان سەرکوت دەکات و ئەوانەی دەوێرن دژایەتی بکەن، دەرئەنجامە سەختەکانی لەوانە مردن، خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە راگرتنی"چەوسێنەرانی گەلی ئێران" سەرکەوتوو نەبووە ناچاریان بکات کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنن، بەمەش گەلی ئێران بێ هیوا کردووە.

ئەم یاسایە لە سەروبەندی گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی هاوڵاتییەکی تەمەن 22 ساڵانی کوردی ئێران لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن دەوریەی ئیرشادەوە دەرچووە.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین