قەیرانی کۆرۆنا: گیانکەنشتی گلۆباڵیزم و گیانگرتنەوەی ناسیوناڵیزم بیروڕا

د. محەمەد حوسەینزادە :

پێشەکی

لە ئێستادا لانیکەم دوو روانگەی زاڵ و سەرەکی باس لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی تەشەنە کردن و پەرەسەندنی خێرای ڤایرۆسی کرۆنا لە وڵاتی چین-ەوە بۆ زۆرێک لە وڵاتان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان و سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا دەکەن. دەستەیەک لەسەر ئەو بڕوایەن، کە سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە بەرهەمی رەوتی بەجیهانیبوون یان گلۆبالیزاسۆن (Globalization) و هەوڵدان بۆ لاواز کردنی پێگە و سەروەری دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دوور کەوتنەوە لە سیاسەتی نەتەوەیی و کەم بوونەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتان لەسەر سنوورە نیشتمانیەکانیانە. لە بەرانبەردا، دەستەیەک پێیان وایە، کە سیاسەتی نەتەوەیی یان ناسیوناڵیستی رێبەرانی وڵاتان – بەتایبەت زلهێزەکان،  دوژمنایەتی لەگەڵ رەوتی گلۆباڵیزاسیون و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان و بیرنەکردنەوە لە میکانیزمی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەری کێشە جیهانییەکان، بووەتە هۆی سەرهەڵدان و قووڵبوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا. ئەوەی، کە ئایا لە ئاستی تیۆریدا، گریمانەی کام یەک لەو دوو دەسەتەیە دروست و نزیکە لە راستییەوە، جێگای باس و مشتومڕە و لایەنگرانی هەر کام لەو دوو بیرۆکەیە بۆ سەلماندنی ئیدیعا و گریمانەکانی خۆیان بەڵگەی بەهێز و ڕوونکەرەوەیان بەدەستەوەیە و دەیانخەنە ڕوو. من لێرەدا ناپرژێمە ئەم لایەنە تیۆریکە. 

ئەوەی، کە گرنگە و لە پراکتیک و بە کردەوە دەرکەوتووە، کە لە ئیستادا خوێندنەوەی رێبەران و بڕیاردەرانی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی زلهێز ئەوەیە، کە قەیرانی کۆرۆنا بەرهەمی بەجیهانیبوون و کەمبوونەوەی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەتی نەتەوەییە و هەر بۆیە تا ئێستا لە جیاتی ئەوەی بیر لە پێکهێنانی میکانیزمێکی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە بکەنەوە، هەر وڵاتێک هەوڵی داوە لە رێگەی گەڕانەوە بۆ توانا نێوخۆییەکانی خۆی و زیاد کردنی کۆنترۆڵی لەسەر سنوورەکان و تەنانەت کەڵک وەرگرتن لە هێزە سەربازییەکان لە نێوخۆ، رێگە چارەیەک بۆ ئەو قەیرانە “لە وڵاتی خۆیدا” بدۆزێتەوە. ئەوەی، کە ئایا ئەنجام و بەرهەمی ئەو هەوڵ و هەنگاوانە چی دەبێت، روون نییە؛ بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە، کە ئێستا چرکەی گیانکەنشتی بەجیهانیبوون و گیانگرتنەوەی ناسیوناڵیزم و مێرکانتیلزمە (ناسیوناڵیزمی ئابووری). واتا قەیرانی جیهانی کۆرۆنا، کە دەرکەوتەی رەوتی بەجیهانیبوونە، بووەتە هۆی گیانکەنشتی ئەو رەوتە. پێویستە ئاماژە بکەم، کە مەبەستی من لە گیانکەنشتی، مەرگ و ڕاوەستانی بەجیهانیبوون نییە، بەڵکوو دۆخی زەحمەت و سەخت و پڕگرفتی ئەو رەوتەیە. 

گلۆباڵیزاسیون قەیرانێکی خولقاندووە، کە رێبەرانی جیهان، رێگاچارەکەی لە ناسیوناڵیزمدا دەبیننەوە، رێک ئەو شتەی، کە باوەڕمەندانی “گوندی جیهانی” پێیان وابوو، کە لە رەوتی گلۆباڵیزمدا بنبڕ بووە و فەوتاوە. لێرەدا، پێش ئەوەی باس لە هەوڵی وڵاتانی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی کۆرۆنا بکەم، بە کۆرتی سەرنج دەخەمە سەر کۆرۆنا، وەک دەرکەوتەی بەجیهانیبوون. 

کۆرۆنا وەک دەرکەوتەی گلۆبالیزاسیۆن

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دیسامبەری ساڵی ٢٠١٩ لە ووهانی چین سەریهەڵدا، بەڵام زۆری نەخایاند، کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە شوێنە جیاوازەکانی گۆی زەویدا گرتەوە و تووشبوونی هەزاران کەس و ژمارەیەک زۆر لە هاوڵاتیانی جیهان، ئەوەی سەلماند، کە بەجیهانیبوون و کاڵبوونەوەی سنوورە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەوانەی، کە گلۆباڵیزاسیون بە وەهم دەزانن، لە گوێی گادا خەوتوون و ئاگاداری راستییەکانی جیهان نین. کۆرۆنا زیاتر لە پێشوو سەلماندی، کە جیهان بەرەو “گوندی جیهانی” ملی ناوە و دەوڵەتەکان لە زۆر ڕووەوە دەستیان لە کۆنترۆڵی سنوورەکانیان هەڵگرتوو. بە جۆرێک، کە لە هەر شوێنێکی ئەو گوندەدا قەیرانێک بێتە ئاراوە، دەتوانێ پەرە بسێنێت و تەشەنە بکات بۆ شوێنەکانی تر. 

کۆرۆنا خۆنوێنی و درەوشانەوەی
لایەنێکی ”نیگەتیڤی” بەجیهانیبوونە

پەرەسەندنی گلۆباڵیزاسیون هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی سیستەمی لیبراڵی نێودەوڵەتی، کە بووە هۆی گواستنەوە و هاتوچووی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ئاستنی جیهانیدا بە مەبەستی جۆراوجۆر-لە خوێندن و فێرکاری و گەشتیارییەوە بگرە تا بازرگانی، ئێستا وەک فاکتەری سەرەکی گواستنەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاوی لێ دەکرێت. بە واتایەک دەتوانین بڵێین کۆرۆنا خۆنوێنی و درەوشانەوەی لایەنێکی ”نیگەتیڤی” بەجیهانیبوونە. گلۆباڵیزاسیون، کە پێشتر ئەو دەرفەتەی خوڵقاندبوو هەندێ دیاردە وەک تاوان و تیرۆریسم جیهانی ببنەوە، ئێستا یارمەتی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک داوە نەک هەر وڵاتانی پەرەپێدەری رەوتی بەجیهانیبوون و سیستەمی نێودەوڵەتی تووشی قەیران کردووە، بەڵکوو خۆدی رەوتی گلۆباڵیزاسیونی تووشی دڵەتەپێ کردووە. 

هەر لە سەرەتاوە پێش بینی ئەوە دەکرا، کە ئەگەر لە رەوتی بەجیهانیبووندا وڵاتێکی زلهێز، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، تووشی قەیران بێت، کۆمپانییە فرە رەگەزە جیهانییەکان لە رەوتی بەرهەمهێناندا تووشی قەیران دەبن و ئەوەش دەتوانێت هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری جیهانی. ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کردەوە ئەوەی سەلماند و سەرەتا زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکان لە چین، وەک بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان، توشی زیان و خەسار هاتن و دواجار ئابووری هەموو وڵاتانی لە خۆیەوە گلاند؛ چ ئەو وڵاتانەی، کە بنەمای ئابوورییان لەسەر هەناردە کردنە و چ ئەو وڵاتانەی، کە ئابوورییان لەسەر بنەمای گەشتیاری و توریزم داناوە. 

ئێستا زۆرینەی رێبەران و بڕیاردەرانی وڵاتانی جیهان،
دەرکەوتە نێگەتیڤەکەی گلۆباڵیزاسیون بەرۆکی گرتوون

بە کورتی، دەکرێت بڵێین پەرەسەندن و سەرهەڵدانی قەیرانی کۆرۆنا دەرکەوتە و بەرهەمی ڕەوتی تێکەڵاوبوون و کارلێکی خەڵک، کۆمپانیا و دەوڵەتەکانی جیهان یان رەوتی بەجیهانیبوونە. هەڵبەت ئەو رەوتە هەم لایەنی پۆزەتیڤ و سوودمەندی هەیە و هەم لایەنی نیگەتیڤ و خەسارهێنەر. ساڵانێکە زۆرێک لە وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی سیستەمی نێودەوڵەتی، قازانجەکانی لایەنە پۆزێتیڤەکەی دەچننەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا وڵاتانی جیهان و بەگشتی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دەرکەوتنی لایەنی نیگەتیڤی ئەو ڕەوتەیە. ئێستا زۆرینەی رێبەران و بڕیاردەرانی وڵاتانی جیهان، کە دەرکەوتە نێگەتیڤەکەی گلۆباڵیزاسیون بەرۆکی گرتوون و لە ئاستیدا دەستەوەستان بوون، زیاتر لە هەموو شتێک پەنایان بۆ داخستنی سنوور و دەرگا کراوەکان بردووە، وەک میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە و گەڕانەوە بۆ ناوەند و توانا نێوخۆییەکان و ناسیوناڵیزمیان وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەری هەڕەشە یان قەیرانی کۆرۆنا هەڵبژارد. هەوڵەکان روون و بەربڵاون و حاشایان لێ ناکرێت، بۆیە لە درێژەدا تەنیا ئاماژە بە هەندێ لەو هەوڵانە دەدەم. 

 ناسیوناڵیزم وەک چارەسەری قەیرانی کۆرۆنا

ڕەوتی زەق بوونەوەی ناسیوناڵیزم و سنوورە نیشتمانی/ نەتەوەییەکان، تەنانەت لە لایەن وڵاتەزلهێزەکانەوە، هەر پێش کۆرۆنا بەرچاو دەکەوت، ئەگەرچی زۆر کەس حاشایان لێ دەکرد. بۆ نموونە، ئەو کاتەی دۆناڵد ترامپ بە درۆشمی “سەرەتا ئەمریکا” و پاشان جیهان، هاتە نێو هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و دوایی وەک سەرۆک کۆمار، ئەو سیاسەتەی بە کردەوە گرتە بەر، هەندێ لە شارەزایان و بیرمەندانی سیاسەتی نێودەوڵەتی پێیان وابوو، کە قۆناغی بوژانەوەی ناسیوناڵیزم و لاوازبوونی گلۆباڵیزم دەستی پێ کردووە. چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا (برێکزیت: Brexit) زۆر کەسی نیگەرانتر کرد. بۆیە تەنانەت زۆرێک لە رێبەرانی جیهان رەخنەیان لەو سیاسەتانە گرت و نیگەرانی خۆیان دەربڕی کە گوایە جیهان بەرەو شوێنێکی مەترسیدارتر دەبن. بەڵام کەم کەس هەبوو کە پێش بینی ئەوە بکات دیاردەیەک وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو بیرۆکەیە لە ماوەیەکی کورتدا لە نێو ڕێبەران و بڕیاردەرانی زۆرێک لە وڵاتاندا بڵاو بکاتەوە و بە چارەسەرێکی گونجاو یان تاقە چارەسەری بزانن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانێکی جیهانی. 

ساڵانێک پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنایش، ترامپ داوای لە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کردبوو، کە وڵاتی چین جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا. بەڵام تا پاش سەرهەڵدانی کۆرۆنا ئەو بانگهێشتانە نەک کڕیاری ئەوتۆی نەبوو، بەڵکو ببووە هۆی رەخنەی رێبەرانی وڵاتانی تر و لایەنگرانی گوندی جیهانی. بەڵام کرۆنا هەلومەرجێکی هێنایە ئاراوە، کە نەک هەر ترامپ ئەمجارە بە دەنگێکی هەراش و بەرزترەوە داوا لە کۆمپانیا دەرمانسازییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی بکات، کە بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانیان بگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا، بەڵکوو رێبەرانی ئەو وڵاتانەیش، کە پێشتر رەخنەیان لە ترامپ دەگرت، خۆیان سیاسەتی قەدەغەکردنی هەناردە کردنی کاڵا پزیشکییەکان لە لایەن کۆمپانیاکانی وڵاتەکانیان گرتە بەر. بە واتایەک، روویان کردە هەمان سیاسەت یان دروشمەکانی ترامپ بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی جیهانی. 

دەبینین، کە کردەوە و سیاسەتی دەوڵەتانی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا و هەروەها ئەو قەیرانە ئابوورییەی، کە تێیکەوتوون، زۆر جیاوازە لە هەوڵ و سیاسەتەکانی پێشوویان. بۆ نموونە لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨، ڕێبەرانی گروپی ٨، لانیکەم دووجار بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزم یان چارەسەرێکی جیهانی و نێودەوڵەتی کۆبوونەوە و هەندێ بڕیاریان دا بۆ هاوکاری هاوبەش و ئەوە لە خۆیدا دەستکەوتێک بوو بۆ لایەنگرانی گلۆباڵیزم، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە هەوڵێکی گرنگ و بەرچاو لە ئاستی جیهانیدا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی ڤایرۆسی کرۆنا نەدراوە. بەپێچەوانەوە، رێبەرانی وڵاتان لە جیاتی پەنا بردن بۆ هەنگاوە جیهانییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕوویان کردووەتە ناسیوناڵیزم و سەنتەر و ناوەندە نێوخۆییەکان. 

وڵاتانی جیهان بە شێوەی جیا جیا و هەر کام بە شێواز و میکانیزمی خۆیان هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە نادیارە ببنەوە. تەنانەت هەوڵەکان بۆ درووست کردنی دەرمانیش جیهانی نین و هەر کۆمپانیا و وڵاتێک بۆ خۆی هەوڵی جیاواز دەدات. وڵاتان زیاتر سەرقاڵی کێبەرکێ و پێشبڕکێن تا هاوکاری لەگەڵ یەکتری، هەر لایەنێک هەوڵەکانی خۆی بە باش و گونجاو دەزانێت و دەوڵەتانی تر بەوە تۆمەتبار دەکات، کە هیچ هەوڵێک نادەن و قەیرانەکە قووڵتر دەکەنەوە. شی جین پینگ، دوناڵد ترامپ، مون جائە، مێرکێڵ، ماکرۆن، جانسۆن و خامنەیی، کە وڵاتەکانیان زیانێکی زۆریان بە هۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرکەوتووە، لە جیاتی هاوکاری، یەکتری تۆمەتبار دەکەن. 

لایەنگرانی ناسیوناڵیزم بە پێچەوانەی لاینگرانی گلۆباڵیزم بەردەوام سنوورە کراوەکانیان بە هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤ و هاوڵاتیانی وڵاتە جیاوازەکان زانیوە، بەڵام لانیکەم لە دوو دەیەی رابردوودا بە هۆی هەندێ دەستکەوتی سیاسەتی دەرگای کراوە و سنووری کراوە، دەنگیان تا ڕادەیەکی زۆر کپ کرابوو، بەڵام کۆرۆنا ئێستا بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی بوێرانەی رەخنەکان لە سیاسەتی کردنەوەی سنوورەکان و دەرگاکان. ئەوە تەنیا کەسایەتییەکی وەکوو ترامپ ناگرێتەوە و ناسیوناڵیستەکان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا دەنگیان هەڵبڕیوە و رێبەران و بڕیاردەرانیان خستووەتە ژێر گوشار. 

ئێستا چرکەی دڵەکوتێ و گیانکەنشتی گلۆباڵیزم و
گیانگرتنەوەی ناسیوناڵیزمە

بۆ نموونە تا پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، قەیرانی پەنابەران گوشاری خستبووە سەر ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا، کە سنوورەکانی وڵاتانێکی دوورە دەست تر، وەک یۆنان و بولغاریا دابخەن. ئێستا لە ناوەندی ئەوروپا و لە کاتی سەرهەڵدانی قەیران، داوای داخستنی سنوورە نیشتمانییەکان دەکرێت. لە مارین لێ پێن (Marine Le Pen) سیاسەتڤانی ناسیونالیستی بەرەی راستی فەرەنساوە بگرە، کە بوێرانەتر هاوار دەکات، سنووری وەڵاتەکی لەگەڵ دراوسێکان و بەتایبەت ئیتالیا دابخرێت، تا لۆرێزۆ کوادری (Lorenzo Quadri) رێبەری سیاسی بەرەی راست لە سوئیس، کە بەشێوەی ئاشکراتر سەرسووڕمانی خۆی رادەگەیەنێت لەوەی، کە بڕیاردەرانی باڵای وڵاتەکەی هێشتا وەک ئەولەوییەتێك چاو لە کراوەبوونی سنوورەکانی وڵاتەکەیان دەکەن. لەو لایشەوە، نەمسا دەبینین کە هاتوچووی شەمەندەفەرەکانی بۆ ئیتالیا رادەگرێت. ڕۆژانە دەبینین، کە چۆن زۆربەی هاوڵاتیانی ئەوروپی لەم دۆخەدا ڕوو لە وڵاتانی خۆیان دەکەنەوە. 

بە کورتی، لە کاتێکدا، کە چاوەڕوان دەکرێ یەکێتی ئەوروپا بە پاڵپشتی نزیکەی شەست ساڵ ئەزموون بۆ بەهێز کردنی ئەو یەکێتییە و پەرەپێدان بە هاوکاری، بەرپرسی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سەرەوەی نەتەوەیی بێت، بەپێچەوانەوە هەرکام لە ئەندامانی ئەو یەکێتییە سیاسەتی نەتەوەیی جیاوازی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە گرتووەتە بەر و بە کردەوە وا پێدەچێ وڵاتێکی وەک ئیتالیا، بەتەواوەتی لەو یەکێتییە دابڕاوە و پەراوێزخراوە. ئەمە شکستێکە، کە یەکەم بۆ هەرێمگەراکان (Regionalist) و پاشان بۆ گلۆباڵیستەکان، کە دەبینن ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، کە دژبەرانی ناسیوناڵیزم زۆر دڵیان پێ بەستووە، لە گەورەترین تاقیکاری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتییدا، روو لە رێگاچارە نێوخۆیی و نەتەوەییەکان دەکەنەوە. 

لە شوێنەکانی تری جیهان، دۆخەکە لەوە خراپتر و دیمەنەکە رەشترە و ئاراستەی جیهان بەرەو داخرانی زیاترە. تەنانەت لە ئێران، کە ساڵەهایە بە هۆی گوشار و گەمارۆی دەرەکی دەرگاکانی جیهانی لە روویان داخراوە، ئێستا خۆی بە بیانووی لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا، نەک یارمەتی وڵاتانی تر ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو پزیشکە نێودەوڵەتییە خۆبەخشەکان دەر دەکات و مۆڵەتی چالاکی و یارمەتیدان بە تووشبووانیان پێ نادرێ. لەوانەیە هەوڵێک بێ بۆ شاردنەوەی کەموکۆڕی و دۆخی نالەباری سیاسی و تەندروستی نێوخۆیی و بە گشتی شاردنەوەی ڕاستییەکان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دراوسێکانی ئەو وڵاتەیش زۆربەی سنوورە ئاوی، زەمینی و ئاسمانییەکانیان داخستووە. هەر وڵاتێک لە فکری خۆیدایە. 

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆناوە،
نیشانەکانی ناسیوناڵیزم لە
ئاستی جیهانیدا خۆیان دەرخست

ڕێبەرانی زۆرینەی وڵاتان، وەک “دۆخی جەنگی” چاو لە هەلومەرجی ئێستا دەکەن و هاوڵاتیانیان بانگهێشت دەکەن بۆ یەدەنگی و یەکانگیری لە بەرانبەر دۆژمنێکی نادیاردا. تەنانەت لە ڕۆژئاوا، مێرکێل، سەرۆکی وڵاتی ئەڵمانیا ڕوو لە هاوڵاتیان دەڵێت، کە وڵاتەکەیان لە پاش جەنگی دووەمی جیهانەییەوە، دۆخێکی دژوارتر لە ئێستایان بۆ نەهاتووەتە پێش و بۆیە داوا لە هەموو ئەڵمانییەکان دەکات، کە هاودەنگ بن و لەبەرانبەر ئەو مەترسییەدا یەک بگرنەوە. هاوکات وڵاتان پەرە بە بیرۆکەی بەهێزکردنی ئابووری نیشتمانی و مێرکانتیلیزم دەدەن. واتا هەمان بیرۆکە، کە کەسایەتییەکی وەک دۆناڵد ترامپ، چەند ساڵە بانگەشەی بۆ دەکات و تا پێش قەیرانی کۆرۆنا زۆرینەی ڕێبەرانی وڵاتانی تر بە بیرۆکەیەکی قیزەون و دواکەوتووانەیان دەزانی. 

ئەمانە تەنیا هەندێ لە دوایین نموونە و دەرکەوتەکانی ناسیوناڵیزمن لەم کاتی قەیرانەدا. بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین، کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لە چین، نیشانەکانی ناسیوناڵیزم لە ئاستی جیهانیدا خۆیان دەرخست. واتا ئەو کاتەی، کە هەندێ لە میدیاکان و هەروەها خەڵکی وڵاتانی جیهان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیان دەکردە سەر خەڵک و کلتوور و مێژووی وڵاتی چین. ئەو کاتەی، کە لە جیاتی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باس لە “ڤایرۆسی چینی” دەکرا و تەنانەت هەندێ لە دەوڵەتان بیریان لەوە دەکردەوە، کە چۆن دەتوانن لەو دۆخە وەک دەرفەتێک کەڵک وەربگرن بۆ پێشخستنی ئابووری خۆیان، بەڵام کەم کەس هەبوون، کە پێشبینی ئەوە بکەن، کە لە ماوەیەکی کورتدا، لە کاتی قەیرانێکی جیهانیدا و لە جوگرافیایەکدا، کە ناویان نابوو گوندی جیهانی، ئەو هەموو نیشانە و دەرکەوتانەی ناسیوناڵیزم بە چاوی خۆیان ببینن. 

ئەنجام

بە چاوپۆشین لەوەی، کە ئایا ئەوە هەوڵ و هەڵوێستانە دروستن یا نا، دەبینین، کە تا ئەم چرکەیە زۆرینەی ڕێبەرانی وڵاتانی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە هەموو جیهانی توشی قەیران کردووە، روویان لە توانای نێوخۆیی و سیاسەتە ناسیوناڵیستییەکان کردووە. ئەوە هەمان ستراتیژیی خۆپارێزییە، کە بیرمەندانی ریاڵیزمی سیاسی پێی دەڵێن ”ستراتیژی خۆیارمەتی” (Self-helping). زۆرینەی وڵاتانی تووشبوو بەو نەخۆشییە، نەک هەنگاوێکی ئەوتۆیان لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتی هەڵنەگرتووە، بەڵکو هەوڵی داخستنی دەرگاکان، راکێشانەوەی ئەو کۆمپانیایانەی، کە لە دەرەوە چالاکن بۆ نێوخۆی وڵاتی خۆیان، خۆ جیا کردنەوە و خۆ دابڕین لە وڵاتانی تر و تۆمەتبارکردنی یەکترییان داوە. ئەو قەیرانە، نەک تا ئێستا نەبووەتە هۆی هاتنەئارای هاوکارییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی، بەڵکو بووەتە هۆکارێک بۆ ململانێ و پێشبڕکێی وڵاتان. 

دەوڵەتەکان بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ
تێچوو – و قازانجی
سیاسەتەکانی خۆیان دەکەن

ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆر بە روونی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە گلۆباڵیزم کێشە و گرفتی زۆری لەبەردەمدایە و رەوتێکی بەردەوام روو لە سەرکەوتن نییە بەو جۆرەی، کە لایەنگرانی بانگەشەی بۆ دەکەن. تەنانەت ئەگەر هەموو رێبەرانی دەوڵەتان ئاگاداری ئەوە بن، کە کێشە و گرفتەکان جیهانین و پێویستییان بە هاوکارانی جیهانییە، مەرج نییە، کە لەو ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵ بگرن و روو لە هاوکاری بکەن. دەوڵەتەکان بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ تێچوو-قازانجی سیاسەتەکانی خۆیان دەکەن و هەر سیاسەتێک، کە قازانجی زیاتر لە تێچووەکەی بێت، ئەو سیاسەتە دەگرنە بەر، تەنانەت ئەگەر بە مانای فەوتانی لایەنەکانی تر بێت. لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تا ئێستا هەڵسەنگاندنیان ئەوە بووە، کە گەڕان بە شوێن ڕێگاچارە و دەرمان لە سنووری وڵاتانی خۆیاندا قازانجی زیاتر دەبێت لە هاوکاری لە ئاستی جیهانیدا. 

ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسیوناڵیستەکان خۆشحاڵ دەکات و گلۆباڵیستەکان وەڕەز. ئێستا چرکەی دڵەکوتێ و گیانکەنشتی گلۆباڵیزم و گیان تێ هاتنەوە و گیانگرتنەوەی ناسیوناڵیزمە. واتا دوور کەوتنەوە لە جیهان و گەڕانەوە بۆ تواناکانی یەکینە نەتەوەییە سەروەرەکان. لەوانەیە ئەنجامی ناسیوناڵیزم نەک باشتر، بەڵکو خراپتر لە گلۆباڵیزم بێت، بەڵام هێشتا خوازیار و لایەنگری زۆرە و دیاردەیەکی زەقی جیهانی راستەقینەیە و گلۆباڵیزم توانای بنبڕ کردنی ئەو ئایدۆلۆژیایە نەبووە و ئێستاش حاشای لێ ناکرێ. هەڵبەت دەتوانێن باوەڕمان بەوە ببێت، کە دەوڵەتەکان (وەک بەهێزترین بوونەوەری سیاسی) ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆیان ببینن، دەتوانن وەڵامی جیهانی بدەنەوە، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت تا ئێستا ئەو وڵامەیان نەداوەتەوە و ئیرادەی خۆیان بۆ هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە لە ئاستی جیهانیدا نیشان نەداوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین