لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماندەگرن ئێران

نوچەنێت:

لە ساڵیادی کۆچی دوایی مەهسا (ژینا ئەمینی)، سەرچاوەکانی هەواڵ مانگرتنی بەربڵاوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بڵاو کردەوە.

رۆژی شەممە (16/ئەیلوول/ 2023) بی بی سی فارسی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە گرنگی بە هەواڵەکانی کوردستان دەدات رایگەیاندووە، کە تا ئێستا لانیکەم لە شارەکانی سنە، کامیاران، بانە، سەقز و دیواندەرە، "بە تەواوەی مانیانگرتووە".

ئەمڕۆ یەکەم ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییە، لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار لە تاران. ناڕازییان و نەیارانی حکومەتی ئێران چاویان لەم رۆژە و هەڵگیرسانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتییەکانە؛ بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەکان بوونی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانیشیان لە شارەکاندا زیاد کردووە و چالاکانی مەدەنی و هەروەها بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوودا کوژراون، چەندین جار هەڕەشەی بەشداری نەکردنیان لە ساڵیادی ژینا کردووە.

موژگان ئفتخاری و ئەمجەد ئەمینی، دایک و باوکی ژینا ئەمینی، ئێوارەی رۆژی هەینی هەفتەی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی دەقێک رایانگەیاند، کە لە ساڵیادی کچەکەیاندا، لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، رێوڕەسمێک لە سەر گۆڕەکەی ساز دەکەن. 

لە سەروبەندی ئەم رێوڕەسمە، سەرچاوە جیاوازەکان رایانگەیاند، کە لە ئێوارەی هەینیەوە هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەورووبەری ماڵی باوکی ژینا لە سەقز جێگیر بوون و هەروەها حکومەت رێگای بانەی بۆ سەقز، کە شوێنی لە دایک بوون و ناشتنی ژینایە، داخستووە.

پێشتر پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ئەم رۆژە داوای مانگرتنیان کردبوو، دامەزراوەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانیش کاسبکارەکاناین ئاگادار کردبووەوە، کە بەشداری مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان نەکەن.

سەرچاوە: بی بی سی  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین