کەنەدا لە ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینى شەش بەرپرسی ئێران دەخاتە لیستی سزاکانەوە ئێران

نوچەنێت:

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، گەمارۆی نوێی مافی مرۆڤ، دژ بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی راگەیاند.

رۆژی شەممە (16/ ئەیلوول/2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ملانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، هەواڵی سزا نوێیەکانی سەر شەش بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا باس لەوە دەکات، کە بەم گەمارۆ نوێیانە، کەسانێک کە لە سەرکوتی سیاسی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران تێوەگلاون، کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایدەگەیەنێت، ئەمە 14هەمین پاکێجی گەمارۆکانە کە ئەم وڵاتە لە مانگی تەشرینی یەکەم ساڵی 2022ەوە بەسەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندووە. ئەم سزایانە 135 بەرپرس و 39 دامەزراوەی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، وەک چۆن کۆماری ئیسلامی سەرکوتی هاوڵاتیانی بەتایبەت بژنان و کچانی خێرا تر دەکات، کەنەداش لە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بەردەوام دەبێت.

کەنەدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە "کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و ئازاردان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی بهێنێت''.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین