سەرۆک کۆماری ئێران بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکی کۆماری ئێران، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تارانی بەرەو نیویۆرک بە جێهێشت. بڕیارە لە بەردەم شوێنی وتاردان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری ئێران، خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.

لە رۆژی دووشەممە (18/ ئەیلول/ 2023) العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، بەرەو نیویۆرک بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تارانی بەجێهێشت.

بڕیارە رەئیسی لە 78ەمین کۆبوونەوەى گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک سەرۆکی وڵاتانی دیکەی جیهان وتارێک پێشکەش بکات. بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەفەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ نیویۆرک شەپۆلێکی رەخنە و دژایەتی لە نێو سیاسەتمەدارەکانی ئەمریکا و بەتایبەت کۆمارییەکانی کۆنگرێسی لێکەوتەوە.

سەرکوتکردنی توندی نەیاران و خۆپیشاندەران لە ئێران، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە سەردەمی  رەئیسیدا، لەگەڵ بەشداری لە "کۆمیسیۆنی مەرگ"ی دەستەی لێکۆڵینەوە لە دۆخی زیندانیانی سیاسی و هۆکاری جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی بەرفراوان نەیارانی سیاسی، یەکێکە لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئێرانە.

خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە ئەمریکا بەڵێنیان داوە، کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم شوێنی وتاردان و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەنجام بدەن.

ئەمە دووەم جارە رەئیسی بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات، شاری تارانی بەرەو نیویۆرک بەجێهێشت.

لە سەروبەندەدا، چەند یاسادانەرێکی ئەمریکی پلانێکیان بۆ کۆنگرەی ئەم وڵاتە پێشنیار کرد و خوازیاری قەدەغەکردنی هاتنی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندەکەی بۆ نیویۆرک بوون. بەڵام بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ئەمریکا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردوویەتی، واشنتۆن ناتوانێت رێگری لە سەردانی بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز بۆ بەشداریکردن لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکات.

هاوکات رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە کاتی دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئێران، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، چارەنووسی چالاکانی سیاسی دەستبەسەرکراو لە ئێران گرنگی پێبدەن. 

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین