ئەنجوومەنى ئاسایشى ئەمەریکا ستایشى ڕێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا دەکات وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئا: سنور یاسین

ئەمەریکا بەفەرمى پشتیوانى خۆى بۆ ڕێککەوتنى نوێى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات دەردەبڕێت لەبارەى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و هەرەها ڕایدەگەیێنێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بەردەوامی کار دەکات بۆ دووبارە کردنەوەی هێڵی بۆڕییەکانی نێوان عێراق- تورکیا بە زووترین کات."

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕاگەیێندراوێکدا، کە ماڵپەڕى کۆشى سپى بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاند، "ئەمەریکا پێشوازی لە دیالۆگی بنیاتنەری هەفتەی ڕابردوو لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بە گوێرەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ. ئێمە خۆشحاڵین بە ناردنی پارە لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە فەرمانبەران و مووچەخۆران شایستە داراییەکانیان وەردەگرن، هەروەها بۆ ئارامی و بەرەو پێشچوونی ئابووری."

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "ئەمەریکا بە بەردەوامی کار دەکات بۆ دووبارە کردنەوەی هێڵی بۆڕییەکانی نێوان عێراق- تورکیا بە زووترین کات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دڵنیایی سەقامگیری و پارێزگاری عێراق، گەشەپێدان و چڕ کردنەوەی زیاتری هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا." 

ئەم ڕاگەیێندراوە دوای چوونی وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان دێت بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە چەندین کۆبوونەوەی جیاواز ئەنجامدرا دەربارەی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی تەمموز، ئاب، ئەیلوولییان وەرنەگرتووە، هاوکات ڕۆژی یەکشەممە (2023-9-17) لە کۆبوونەوەیەکی پێشخراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بەغدا لە ڕێگای سێ بانکەوە مانگانە بڕێ (700) ملیار دینار بۆ دابەشکردنى مووچەى سێ مانگ فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. 

دواى بڕیارى ناردنى بەشێک لە شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد لەسەر خستنی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق و لە پەیامێکدا گوتى، "سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدرال."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین