یەکێتی ئەوروپا داوای رێگەدان بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی لە ئێران دەکات ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران کرد. بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە خێرایی خوازراو ناچێتەپێش و دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسەکە لە ئێران، بە کارێکی "نا بنیاتنەر" وەسف دەکات.

رۆژی چوارشەممە (20 /ئەیلوول/2023) ئەلعربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە دیدارێکدا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، خوازیاری گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەو بەرپرسەی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەروەها داوای کرد، کە ئێران پێداچوونەوە بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی چالاکی ژمارەیەک لە پشکنەری پسپۆڕی ئاژانس بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە باشتر بکات. هەروەها داوای لە تاران کرد، کە بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمی، پەرەسەندنی گرژییەکان رابگرێت.

هاوکات بۆرێل جەخت لە چارەسەری دیپلۆماسی لە پرسی ئەتۆمی ئێران، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە.

لەگەڵ ئەوەش خوازیاری راگرتنی هاوکاری و پشتیوانی سەربازی ئێران بۆ رووسیا لە "جەنگ دژی ئۆکراین" بوو.

رافائیل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، جەختی لەوە کردەوە کە "دانوستانەکان لەگەڵ ئێران" سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە "بە خێرایی خوازراو" بەرەوپێش ناچێت و دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسەکەی لە ئێران بە "نا بنیاتنەر" وەسف کرد.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە حکومەتی ئێران، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە بڕیارێکی سەروەری لەسەر بنەمای بڕیار و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە.

ناکۆکی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، جگە لە دۆسیەی شوێنە شاراوەکان، بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لە ئەو ئاستەی رێککەوتنی لەسەرکراوە. هەروەها پرسی چاودێریکردنی شوێنە ئەتۆمییەکان بە دووبارە دەستپێکردنەوەی کامێرای چاودێری ئاژانسەکە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین