بن سەلمان: بە ئەتۆمی بوونی ئێران دەبێتە هۆی بە ئەتۆمیکردنی سعودیە ئێران

نوچەنێت:

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ئەمریکا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل قسەی کرد و هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە بە ئەتۆمی بوونی ئێران دەبێتە هۆی بە ئەتۆمیکردنی سعودیەش.

ڕۆژی پێنجشەممە (21/ئەیلوول/ 2023) بی بی سی فارسی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاندووە، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، پرسی فەلەستین بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەبێت ئەم بەشەی کێشەکە چارەسەر بکەین.

بن سەلمان لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا باسی لە بەرنامەی ناوەکی ئێران کرد و نیگەرانی خۆی لە ئەگەری دەستکەوتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی دەربڕی. دەسەڵاتدارانی ئێران هەمیشە رەتیدەکەنەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بن.

شازادەی سعوودیە سەبارەت بە ئەگەری هەوڵدانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی خراپە" و گوتیشی "ئەگەر بەکاری بهێنیت، ململانێیەکی گەورەی لەگەڵ باقی جیهاندا دەبێت."

محمد بن سەلمان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت چی روودەدات گوتی: ئەگەرئەوان بۆمبی ئەتۆمییان هەبێت، ئێمەش لانیکەم لەبەر هۆکاری ئەمنی و بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت بەدەستی بهێنین. هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد "نامانەوێت دۆخێکی لەو شێوەیە ببینین".

لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و دامەزراندنی حکومەت بە سەرۆکایەتی پیاوانی ئایینی شیعە لەم وڵاتەدا، زۆرجار پەیوەندی نێوان ئەوان و حکومەتی بنەماڵەی پاشایەتی وەهابی لە سعودیە، رۆربەی کات سارد و لە هەندێک حاڵەتدا لە ڕادەبەدەر گرژی بووە و ئەو دوو وڵاتە لەسەر زنجیرەیەک پرسی ناوچەیی لەگەڵ کێشەیان هەبووە.

دوای چەند ساڵێک لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەدوای هێرشکردنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی سعودیە لە ئێران، لە ساڵی رابردوو، هەردوو حکومەت رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی باڵیۆزەکان. هەروەها هێرشەی راگەیاندنە توندەکان و قسە و باسەکانی بەرپرسانی حکومەت لە ئێران دژی سعودیە راگیران.

شازادەی جێنشینی سعوودیە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران، کە لە رێگەی نێوەندگیری چینەوە ئەنجامدرا، گوتی کە پرۆسەی باشترکردنی پەیوەندییەکان "دەستپێیەکی باشی هەبووە" و هیوای خواست کە ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.

لە هەمان کاتدا ئێران پێداگری لەسەر بەردەوامی دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و لە دوایین لێدوانی سەبارەت بە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیل، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک رایگەیاندووە، کە "هەر پابەندبوونێکی ئەمنی بە رژێمی زایۆنیستی، یەکسانە بە خەنجەر لێدانە لە پشتی گەلی فەلەستین.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین