محەمەد شیاع سوودانى: ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان تاکۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێ وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئا: سنور یاسین

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕۆژانی (23-19ی ئەیلوولی2023) لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوە دەچێت، ڕۆژى هەینى (22/ئەیلوول/2023) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "حکومەت بەرنامەی چاکسازی هەیە و ئامانجی دابیکردنی ژیانێکی باش، خزمەتگوزاری، فەراهەم کردنی هەلی کار، و چەندین لایەنی خۆشگوزەرانی ترە بۆ هاووڵاتیانی". هەروەها ئاماژەی بەوە دا عێراق وڵاتێکی نەوتی گرنگە و پابەندە بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانەوە.

سوودانی ئاماژەی بەوە دا، "عێراق هەناردەی نزیکەی 470 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەڕێگەی بۆریی تورکیاوە لەدەستداوە، کە ئەم ژمارەیە کاریگەری دەخاتە سەر بودجە. چاوەڕێی ئاماژەی لایەنی تورکی دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە، چونکە وەستانی هەناردەکە پێچەوانەی رێککەوتنی (1973)ی نێوان عێراق و تورکیایە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە، "هیچ قەیرانێکی سیاسی نییە لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە دوای سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە (14)ی ئەیلوولی 2023)، چارەسەری کێشەکانیان دۆزیوەتەوە و ناردنی پارە بۆ هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، پێش ساڵی نوێش پرسە داراییەکان لەگەڵ هەرێم یەکلایی دەکەینەوە". ئاماژەکان بەرەو گەشبینی دەرۆن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چاوەڕوان دەکرێت گفتووگۆ و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر هەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ لە بارەی پرسەکانی ماف و شایشتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

محەمەد شیاع سووودانی، له‌ په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ نیویۆرك له‌ دیدارێكی لەگەڵ هه‌ردوو ده‌زگای ئه‌لمۆنیتۆر و سیمافۆرـی ئه‌مه‌ریكی ڕایگەیاند، "هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكن له‌ هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كه‌ حكومه‌تی نوێی عێراقیان پێكهێناوه‌. رێككه‌وتنێكی سیاسی هه‌یه‌ بۆ بنه‌ما گشتییه‌كان و له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌نگی پێ دراوه‌ و حكومه‌تی له‌سه‌ر پێكهێنراوه‌ و ئه‌و حكومه‌ته‌ پابه‌نده‌ به‌ پابه‌ندییه‌كانی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین