ئێران: رێککەوتنی ئەتۆمی بە دوور نازانین ئێران

نوچەنێت:

تاران پێشتر مۆڵەتی چالاکی ژمارەیەک لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە ئەمش کاردانەوەی رۆژئاوای لێکەوتووەتەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئێران نایهەوێت ئەرکەکانی بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات".

لە رۆژی شەممە (23/ ئەیلول/ 2023) العربیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر لایەنی ئەمریکی "لە شێوازی مامەڵەکردنی فرەلایەن دەربچێت و مەبەست و ئیرادەی راستەقینە نیشان بدات"، گەیشتن بە "رێککەوتن بۆ گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بە بەرجام و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران" دوور نییە. 

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام لە ساڵی 2018 لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە لە ڤیەننا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ئەنجامدرا، بەڵام دانوستانەکان بەبێ هیچ ئەنجامێک لە پاییزی ساڵی رابردوو راگیران. 

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی هەینی رایگەیاند: بڕیاری ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئاماژەیە بۆ نەبوونی ویستی تاران بۆجێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

پێشتر رافائیل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کردەوەی ئێرانی لە هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی پشکنەرانی ئاژانسەکەدا ئیدانە کرد و داوای کرد تاران بەو بڕیارەدا بچێتەوە.

ئەم کردەوەی چەندرۆژی رابردووی ئێران للە راگرتنی کاری لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە کاردانەوە بە هەڵوێستی ئەمریکا و ترۆئیکای ئەوروپا بوو، کە پێنجشەممەی رابردوو لە نامەیەکدا ئاژانسەکەیان ئاگادار کردەوە، کە تاران بە زووترین کات زانیاری باوەڕپێکراو سەبارەت بە شوێنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە تۆرقوزئاباد و ورامین بخاتەڕوو.

ئاژانسەکە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی، دەزگایەکی نێودەوڵەتییە کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پابەندییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین