خۆپیشاندانەکانی ئیرلەندا توندوتیژییان لێکەوتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

خۆپیشاندانەکانی ئیرلەندای باکووری کە ماوەیەکە دەستیان پێکردووە شەوی چوارشەممە پەرەیان سەند و توندتر بوونەوە و بەرپرسانی بەریتانیا ناچار بوون هەڵوێست بگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە بۆریس جۆنسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە بلفاست بە کۆکتۆل مۆلۆتۆف پاسێکیان ئاگر تێبەردا، توندوتیژییەکانی ئیدانە کرد.

ئەو توندوتیژیانە دوای یەک هەفتە گرژیی و خۆپیشاندان دێنە ئاراوە. چاودێران ئەو خۆپیشاندانانە بە لێکەوتەی برێکزت (رێککەوتنی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا) دەزانن.

پرۆتستانەکان کە دژی جیابوونەوەن و پشتیوانی لە یەکپارچەیی لەگەڵ به‌ریتانیا دەکەن لەو بڕوایەدان ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی دوای برێکزت بوونەتە ڕێگر و لەمپەریان درووست کردووە بۆ ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ شوێنەکانی تری بەریتانیا.

ناکۆکییەکان سەبارەت بەو پرسە بە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکانی دوای برێگزت پەرەیان سەند و ئێستا توندوتیژییان لێ کەوتووەتەوە. پۆلیسی ئایرلەندی باکووری ڕایگەیاندووە جەماوەری خۆپیشاندەر شەوی چوارشەممە لە "لانارک وی" لە بلفاست کۆبوونەتەوە، واتە لەو شوێنەی پاسەکە تێدا سووتێنرا.

بۆریس جۆنسۆن ئێوارەی چوارشەممە بە بڵاوکردنەوەی تویتێک وێرای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە توندوتیژییەکان نووسی: "ناکۆکییەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێن نەک بە توندوتیژیی یان ئەنجامدانی تاوان".

ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی بلفاست باس لەوە دەکەن نیوەشەوی چوارشەممە چەند شوێنێک لە ناوچەی "لانارک وی" لە بلفاست، ئاگر دراون. بەگوێرەی میدیاکان سەدان خۆپیشاندەر کۆکتۆل مۆلۆتۆفیان هاوێشتووە. دوای دەستێوەردانی پۆلیس توندوتیژییەکان که‌متر بوونەتەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین