گۆڕان دۆڕانی ‌و یەكێتیش نەیبردەوە! بیروڕا

ئەكرەم میهرداد :

ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بردنەوەی ئاشكرای پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دوو ئەنجامی چاوەڕوانكراوی دیكەی لێكەوتەوە، یەكەمیان دۆڕانی ئاشكرا‌و كارەساتباری گۆڕان بوو، دووەمیان ئەوەبوو، كە سەرەڕای دۆڕانی گۆڕان، بەڵام یەكێتیش نەیبردەوە. بۆیە ئەڵێم ئەم سێ ئەنجامە چاوەڕوانكراو بوون، چونكە ئەوەتەی گۆڕان دروست بووە شانۆی سیاسی كوردستان بریتییە لە ناكۆكی ‌و شەڕی ساردی نێوان ئەم سێ لایەنە ‌و بەلاوەكیش ناكۆكی ‌و دژایەتی لایەنە كەمتر بەهێزەكانی دیكەیە لە بەرامبەر یەكێتی ‌و پارتی.

لەهەلومەرجی ناكۆكی ‌و دژایەتی نێوان حزبەكانی كوردستان لەسەر هەژموون ‌و بەرژەوەندی ‌و دەسەڵات، زۆر جاریش لەسەر بەدەست هێنانی پشتیوانیی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، بێگومان ئەو لایەنە دەیباتەوە كە دیزاین ‌و پێكهاتە مێژووییەكەی لەسەر بنەمای هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و سامان دروست بووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان «یەكەمی بێ ركابەرە». دیزاین ‌و تەوەری سەرەكی حزب ‌و سیاسەتی كۆنەپارێز (موحافەزكار) لە هەموو شوێنێكی دنیا لەسەر سێ بنەما دروست بووە، كە ئەوانیش سەروەری (السیادە)، دەسەڵات ‌و سامانن ‌و ئەركی ئەم سیاسەت ‌و حزبانەش پاراستن ‌و پارێزگارییە لەو سێ بنەمایەی بوون ‌و هەبوون ‌و مانەوەیان.

بێگومان هەر لایەنێك لەم مەیدانانەدا بچێتە دژایەتی ‌و ناكۆكی ئەو لایەنەی، كە خاوەنی مێژوویی ئەم پرسانەیە، هەرگیز نایباتەوە. ئەزموون ‌و رووداوەكانی نۆ ساڵی رابردوو، هەموو لەم دژایەتی ‌و جەنگە ساردە لەبەرامبەر پارتی بووە ‌و سەرئەنجام ئەویش بردییەوە.

ئەنجامی دووەمی چاوەڕوانكراو

ئەنجامی دووەمی چاوەڕوانكراو، كە دۆڕانی گۆڕانە بۆ چەند هۆیەك ئەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە ئەوەتەی گۆڕان دروست بووە هەر خەریكی دژایەتی ‌و ناكۆكییە لە مەیدانی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و ساماندا، بێگومان لەم مەیدانەدا لە هیچكام لە دوو هێزە هەژمووندار ‌و دەسەڵاتخواز ‌و دەوڵەمەندەكەی كوردستان نەك ناباتەوە، بەڵكو لە باشترین رەوشیدا دەبێتە مەجبور ‌و پاشكۆی ئەوان لەم كێشەیەدا. ئاشكراكردنی ئەوەی، كە یەكێتی مانگانە پارەی داوە بە گۆڕان ‌و شەراكەتی هەندێك لە بەرپرسەكانی گۆڕان لە كار ‌و سامانی یەكێتیدا هەمان بڕوا ئەسەلمێنن.

دووەم، گۆڕان نەدەبووایە بچێتە جەنگی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و پارەوە لەبەرامبەر پارتی ‌و یەكێتی، بەڵكو دەبووایە مەیدان ‌و دیزاین ‌و ئامانجێكی دیكەی بگرتایەبەر، كە ئەویش مەیدان ‌و دیزاینی خەباتی خەڵك ‌و داكۆكییە لە ماف ‌و ئازادی ‌و دادپەروەری لە بەرژەوەندی هەژاران ‌و زەحمەتكێشان. هەرچەند بەردەوام ئەو دروشمانە ئەڵێتەوە وەكو بەشێك لە سیفاتی “پۆپۆلیستی ‌و عەوامفریوی” دێرینی خۆیان، بەڵام هەرگیز ئەمە بنەما ‌و تەوەری سەرەكی ‌و ڕەسەنی كار و بڕیاری ئەوان نەبووە، بەڵكو هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە هاتنە مەیدان، كە ببنە شەریكی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و پارە ‌و بێگومان لە سەردەمی تەبایی ‌و ئاشتیدا بەشیان بەركەوت، بەڵام لە سەردەمی ناكۆكی ‌و دژایەتیدا دەركران ‌و بێبەش كران ‌و سەرئەنجام یەكێتی فریایان كەوت ‌و مانگانەیەكی بۆ بڕینەوە. ئەمە هۆكار ‌و زەمینەی شكستی سەرەكی گۆڕان بوو، چونكە پەیگیر ‌و ڕاستگۆ نەبوو لە خەبات لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵكدا.

سێیەم، تێكچوونی دیزاینی سەركردایەتی ‌و ناوەندی بڕیار بەدەست بوو. نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەی گۆڕانی بەو شێوەیە دروست كردبوو، كە بگونجێت لەگەڵ هێز ‌و هەژموون ‌و بڕیارەكانی خۆیدا ‌و لەمەشدا بۆ چەند ساڵێك سەركەوتوو بوو، بەڵام دوو هۆكار هەبوون، كە ئەو سەركەوتنەی لێتێكدا یەكەمیان نەخۆشی ‌و پیری بوو، دووەمیان هەر هەمان هۆكار بوو، كە چووە ناو جەنگی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و پارەوە لەمەشدا خۆی مابوو، كە چەند جار ناچار بوو لەگەڵ یەكێتی ڕێك بكەوێتەوە ‌و ئیمزای دوو رێكەوتنی دەباشان ‌و مایسی 2016 بوو. لەدوای مەرگی نەوشیروانیش سەكردایەتی گۆڕان زۆر لاواز ‌و بێ كاریگەری بوو، كە ئەمەش هۆكارێكی دیكەی شكست بوو.

لەدوای دۆڕانی گۆڕان زۆر كەس چاوەڕوانی ئەوە بوون، كە یەكێتی بیباتەوە ‌و هیچ نەبێت ئەو دەنگ ‌و كورسیانەی، كە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا گۆڕان لێی بردەوە، بۆی بگەڕێتەوە یان بەدەستی بهێنێتەوە، بەڵام ئاكامەكە ئەوە بوو، كە تەنیا سێ كورسی زیاتری بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی خولی چوارەم لەساڵی 2013. هۆكارەكانی نەبردنەوە ‌و سەرنەكەوتنی یەكێتی ‌و بەتایبەتی لەبەرامبەر پارتیدا، بەبڕوای من هەمان هۆكاری شكست ‌و نەبردنەوەی گۆڕانە. لەدوای مەرگی مام جەلال لەناو یەكێتیدا دوو دیزاین ‌و پێكهاتە تێكچوون یان لەڕاستیدا نەمان. رابەرایەتی كارێزماتیك ‌و بەهێز ‌و كاریگەریی مام جەلال، كە هەتا رادەیەكی زۆر یان لە راستیدا هەموو بڕیارێكی سیاسی لە دەستی خۆیدا بوو، لەدوای نەخۆشی ‌و مەرگی ئەویش یەكێتی نەك تەنیا بڕیاری سیاسی نەداوە، بەڵكو هەر بڕیارێكی سیاسی دابێت بەهەڵە ‌و زیان بۆ خۆی ‌و بۆ كوردستانیش شكاوەتەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوو سەردەمی گرنگ ‌و كاریگەردا دیزاین ‌و پێكهاتەكەی لەلایەن خودی مام جەلالەوە دروست كراوە ‌و چاككراوە.

سەردەمی دروست بوونی یەكێتی وەكو نیمچە بەرەیەكی مەیلە ‌و چەپ ‌و ئازادیخواز، كە ئەو كاتە مۆدێل ‌و ستایلی هەندێك لایەنی سیاسی بوون لە جیهاندا، وەكو الاتحاد الاشتراكی جەمال عەبدولناسر، بەرەی میللی ‌و دیموكراتی لە فەلەستین ‌و بەرەی نیشتمانی ‌و پێشكەوتنخوازی گیۆرگی دیمترۆڤ لە بولگاریا.

یەكێتی دەبێتە بەشێك لە سۆسیال دیموكرات

سەردەمی دووەمیش لە دوای راپەڕین بوو، كە مام جەلال بڕیاریدا یەكێتی بكەنە بەشێك لە سۆسیال دیموكراسی ‌و سۆسیال ئەنتەرناسیۆنالی جیهانی، كە بێگومان كارێكی زۆر باشیان كرد، چونكە خۆیان لەو رابردووە پۆپۆلیستیەی جارانی بەرە و نیمچە بەرە رزگار كرد ‌و بوونە بەشێك لە دیزاین ‌و پێكهاتەی سۆسیال دیموكراسی، بەڵام بە هیچ جۆرێك ‌و هیچ بنەمایەكی سۆسیال دیموكراسیان جێبەجێ نەكرد، وەكو بنەماكانی یاسای كار، سۆشیال ‌و بنەماكانی خزمەت گوزاری ‌و لانیكەمی ژیان ‌و دادپەروەری. تێكچوون یان نەمانی ئەم دوو بنەما ‌و پێكهاتەیە یەكێتی كردۆتە حزبێك، كە هیچ بنەما ‌و پرانسیپێكی تیا نەماوە بۆ بڕیاری سیاسی؛ ئەوەی، كە ئێستا ڕوو دەدات بوونی دوو یان زیاتری ناوەندی هێزە (مراكز القوی)، كە هەر جارەی یەكێكیان لەبەرژەوەندی خۆی لە جیاتی یەكێتی بڕیار ئەدات.

سیاسەت ‌و بڕیاری یەكێتی لەدوای نەخۆشی ‌و مەرگی مام جەلال، لەبەرامبەر پارتی بووە بۆ ناكۆكی ‌و دژایەتی لەناو هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و ساماندا، واتە ئەو مەیدانەی، كە پارتی تیایدا باڵا دەستە ‌و ئەو بوارەی، كە پارتی خواخوای بوو یەكێتی بخاتە ناوی. دەبوایە یەكێتی مەیدان ‌و دیزاین ‌و پێكهاتەی سۆسیال دیموكراسی ‌و پرسی ماف ‌و ئازادی ‌و دادپەروەری بكردایە بە مەیدانی سەرەكی ‌و كۆتایی خۆی بۆ جیاوازی ‌و نەیاری هێزەكانی دیكەی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی نەكرد ‌و هەتا ئەوەش نەكات بە مەیدان ‌و بڕیاری سەرەكی خۆی، بڕوا ناكەم پێگەی جارانی لە كوردستان بەدەست بهێنێتەوە.

ئێستا یەكێتی نیوەی كوردستانی لەباری سەربازی ‌و ئاسایش ‌و جەماوەری بەدەستەوەیە ‌و لەناوچەی دەسەڵاتی خۆی هێزی یەكەمە ‌و دەتوانێت بەو هێز ‌و كاریگەرییەی، كە هەیەتی دوو پرسی گرنگ ساز ‌و دروست بكاتەوە. یەكەم پێكهاتەی سەركردایەتی‌ و حزبی خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازی نوێ ‌و مۆدێرنی سەركردایەتی ‌و حزبی، كە بە شێواز ‌و پێكهاتەی دیموكراتی ‌و یاسایی ناسراوە ‌و سەركردایەتییەكی جەماعی بەپێی هەڵبژاردنی دەوری ‌و یاسایی شێوازێكی نوێ دروست بكەن ‌و ببن بە یەكەم حزبی كوردستان، كە جیا لە سەركردایەتی نەریتی ‌و مێژوویی بنەماڵەیی یان رابەرایەتی سیاسی‌ و كارێزماتیكی رابردووی سیاسەتی كوردایەتی.

دووەم، یەكێتی ئەتوانێ‌ و ئەبێت پەیگیر بێت بۆ رێبازی سۆسیال دیموكراسی ‌و جێبەجێكردنی بنەما سەرەكیەكانی (یاسای كار، بیمەی بێكاری، یاسای خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی، لانیكەمی ژیان ‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتی). بەڵام یەكێتی وەكو پارتی ‌و گۆڕان هەمان سیاسەت ‌و رێبازی سەرمایەداری ‌و بازاڕ ‌و چەوسانەوەی ئازادی گرتۆتەبەر ‌و بەمەش تەنیا سەرمایەداران ‌و بەرپرسانی دەوڵەمەند ‌و هێزە چەوسێنەرەكان لێی بەهرەمەند ئەبن ‌و پێگە ‌و بنەما كۆمەڵایەتییەكەشی، كە ڕەنجدەرانی بیر‌وبازوون زۆرترین زیان ‌و بەدبەختی ‌و بێبەشیان پێبڕاوە.

پرسی ماف و ئازادیی و دادپەروەریی

لە ناكۆكی ‌و دژایەتی نێوان هێزەكاندا (پارتی، یەكێتی، گۆڕان ‌و ئیسلامییەكان) لەوانەیە هەر جارەی یەكێكیان بیبەنەوە یان بیدۆڕێنن، بەڵام پلان ‌و سیاسەتی هەڵبژاردن ‌و ڕازیكردنی دەنگدەر، تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم لەژێر كاریگەری ئەو دژایەتی ‌و ناكۆكییەی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و بەرژەوەندی نێوان حزبەكان ئەبێت. هەڵبژاردن ‌و دەنگدان ‌و كاریگەریی لەسەر دەنگدەران تەنیا لەدوو ڕێگا ‌و هۆكارەوە ئەبێت، یەكەمیان پرسی ماف ‌و ئازادیی ‌و دادپەروەرییە بۆ جەماوەری ئەو حزبانەی، كە پێگە كۆمەڵایەتیەكەیان فێری ئەم پرس ‌و مافانە كردووە، كە بێگومان یەكێتی ‌و گۆڕان بەردەوام لەم پرسانە باس ‌و خواسیان كردووە، بۆیە ئەگەر هێزێك بە پەیگیری داكۆكی لەم پرسانە بكات بێگومان دەنگی خەڵكیش فریای ئەكەون.

ڕێگا ‌و هۆكاری دووەم بۆ دەنگدان، مەسەلەی بڕوا ‌و ناسنامەی خەڵكە، كە بێگومان بەشی هەرەزۆری جەماوەر ‌و دەنگدەری پارتی بڕوایان بە رێبازی مێژوویی ‌و سیاسی دێرینی بنەماڵەی بارزانی هەیە ‌و ئەو رێباز ‌و بنەماڵەیەش بە سەرۆك ‌و ئیلهام بەخشی خۆیان ئەزانن ‌و هەر بۆیەش دەنگی پێ ئەدەن. بەشی زۆری دەنگدەر ‌و جەماوەری حزبە ئیسلامیەكانیش پابەندبوونیانە بە ناسنامەی ئیسلامییەوە ‌و ئەوانەش لەهەموو كاتێكدا دەنگیان پێ ئەدەن ‌و فریایان ئەكەون.

ئەوەی جێگای باس ‌وخواسی ئەو كەسانەیە، كە بیر لەپرسە سیاسی‌ و هۆكارەكانی شكست ‌و سەركەوتنی لایەنەكان دەكەنەوە، بێگومان هەمان ئەم ناونیشانەی (گۆڕان دۆڕانی ‌و یەكێتیش نەیبردەوە) چونكە تەنیا گۆڕان ‌و یەكێتی پەیگیر ‌و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ ئەو ناسنامەیەی، كە پێی ناسراون، وایە سۆسیال دیموكراسی بۆ یەكێتی ‌و بەرەو ژیانێكی باشتر بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ‌و هەر ئەمەش وایكرد لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتوو نەبن، بەڵام پارتی هەمان دەنگی جارانی خۆی هێنایەوە، نەك لەبەرئەوەی لە غەمی خەڵك ‌و سیاسەت ‌و پرسی كوردا بووە، بەڵكو لەبەرەئەوەی، كە دیزاین ‌و پێكهاتە‌ و سەقامیگری ‌و ناسنامەكەی وەكو جاران ماوەتەوە. 

ئەحزابی وەكو پارتی، كە سەرەتاكەیان لە ئەوروپاوە بووە ‌و هێز ‌و سیاسەتی هەژموون ‌و دەسەڵات ‌و سەروەت تەوەری بوون ‌و بەردەوام بوونیانە، تەنیا لەلایەن ئەو هێزانەوە دابەش ئەبن یان جیابوونەوەیان تێدا ڕووئەدات، كە نوێنەری سەرسەخت ‌و توندڕەوی سەروەریی نەتەوەیین یان نەژادپەرستێكی ئاشكران. بەڵام كاتی خۆی بڕوای نەتەوەیی ‌و نەژادپەرستی كاژیك ‌و پاسۆكیش هەر نزیك بوون لە پارتی ‌و بارزانی، چونكە ئەوان دەیانزانی تەنیا نەتەوەپەرست ‌و نەژادپەرستەكان لەوانەیە بتوانن، ئەوان بەرەو دابەشبوون یان بێ هێزی بەرن.

پرسی ریفراندۆمیش سەرەڕای ئەو شكست ‌و پیلانەی دەوڵەتانی جیهانی ‌و ئیقلیمی، كە بەسەریان هێنا، بەڵام وەكو ناسنامەیەكی مێژوویی پارتی ‌و بارزانی بەردەوام دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

ئیسلامییەكان هەرچەند دەنگیان كەمی كردووە، كە ئەویش پەیوەندی بە رێككەوتنی نێوان خۆیان ‌و نزیك بوونەوەی بەشێكیانە لە پارتی ‌و بەشەكەی دیكەیان لە گۆڕان، بەڵام دەنگی دەنگدەری ئیسلامی هێشتا هەر بۆ ئەوانە. تەنیا ئەنجامی چاوەڕوان نەكراو ئەو دەنگانەیە، كە (جوڵانەوەی نەوی نوێ) بەدەستی هێناوە، كە ئەویش لەدوو ئەگەر بەدەر نییە، بێگومان دەنگە تووڕە و زۆر نەیارەكانی گۆڕانی بۆ چووە یان دەنگە نەیار ‌و ناڕازییەكانی ئەو نەوەیەی بۆچووە، كە لەم ساڵانەدا بوونەتە دەنگدەر ‌و یەكەمین جارە دەنگ ئەدەن. هەر چۆنێك بێت تەنیا موفاجەئەی چاوەڕوان نەكراوی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە، كە گۆڕان دۆڕانی ‌و یەكێتیش نەیبردەوە، یەكێتی لە دەنگداندا لە گۆڕانی بردەوە ‌و لە پڕۆسەی سیاسی عیراقیشدا لە پارتی بردەوە، بەڵام دەنگی جەماوەری نەبردەوە!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین