مەسرور بارزانى: فەرمانبەرانى هەرێم دەبێت مانگانە مووچەکانیان وەربگرن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئیتالیا کۆبووەوە دەڵێت، "پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ کێشە مووچەکانیان وەربگرن."

ڕۆژى سێشەممە (10/تشرینى یەکەم/2023)  مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووە و بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا ئاڵوگۆڕ کرا.

بەپێى ڕاگەیێندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە "چارەسەرکردنی بنەڕەتیی گشت کێشەکان بە تایبەتی بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا کرایەوە."

هاوکات مەسرور بارزانى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان گوتى، دەبێت "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ هیچ کێشەیەک و بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەکانیان وەربگرن."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین