لە دۆسیەی نەوتی هەرێم توركیا بە دوای قازانجی زیاتر دەگەڕێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپەڕێكی عێراقی ئاشكرای دەكات، توركیا دەیەوێ‌ پارەی زیاتری لە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستبكەوێت، بۆیە هەناردەی نەوت دەستپێناكاتەوە. ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقیش داوا دەكات چیتر سازش بۆ توركیا نەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی یەكەمی 2023 ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی باسی لە هۆكارەكانی دواكەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهانی توركی كردووە و بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك دەڵێ‌، "توركیا داوای كرێی زیاتر دەكات بۆ گواستنەوەی نەوتەكە هەروەها دەیەوێ‌ لێخۆشبوون بۆ ئەو پارەیە هەبێت كە لە لیژنەی ناوبژیوانی بەسەری سەپێندراوە".

هاوكات باسم غرێباوی ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دووپاتی دەكاتەوە، ناكرێت چیتر سازش بۆ توركیا بكرێت و لێخۆشبوونی بۆ بدرێت. ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە توركیا زیاد لەو نرخی لە پێناسەی عێراق دانراوە هەقی گواستنەوەی نەوتی وەرگرتووە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەسەر بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس وەستاوە، كە بڕیارەكەش لەسەر سكاڵایەكی عێراق لە دژی توركیا دراوە. بەگوێرەی بڕیارەكە توركیا بۆی نییە بێ‌ رەزامەندی بەغدا مامەڵەی وزە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، بۆیە دەبێت بە بڕی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بكاتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین