تۆفانی غەزە لە عێراق! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

جەمسەر و سەرۆكی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە عێراق بەپەلە گوزارشتیان لە پاڵپشتی خۆیان لە ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا كرد، كە لایەنە فەڵەستییەكان دژی ئیسرائیل بەرپایان كردووە. ئەمە بەر لەوەی حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی كە لایەنەكانی چوارچێوەكە باڵایان بە سەر كێشاوە، هەڵوێستێكی فەرمی هەبێت. تێبینی ئەوەش دەكرێت زۆرینەی ئەو هێزانەی پاڵپشتی جووڵانەوەی فەڵەستینی دەكەن هاوپەیمانی ئێرانن یانیش لە ئاراستەی ئێرانەوە نزیكن.

دوور لە هەڵوێستی لایەنە سیاسیەكان، زۆرینەی ناوەندە جەماوەرییەكانی عێراق شەممە بە چاودێریكردنی رووداوی فەڵەستینییەوە سەرقاڵن و دەتوانرێت تێبینی هەست و هاوسۆزیان بۆ فەڵەستیینیەكان لە سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بكرێت.

عێراق هیچ پەیوەندییەكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و بە "دەوڵەتی دوژمنی" دەزانێت، سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی فەرمی عێراق لەگەڵ هەڵوێستی عەرەبە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك بۆ فەڵەستینیەكان، كەچی رەوتی سەدر بەر لەوەی لە پەرلەمان بكێشتەوە، لە ئایاری 2022 سەركەوتووانە یاسای "بە تاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" تێپەڕاند.

هەر یەكە لە نووری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی دیار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، قەیس خەزعەلی سكرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، هادی عامری سكرتێری گشتی میلیشیای بەدر، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو هێرشانە راگەیاند كە لایەنە چەكدارەكانی غەزە لە دژی ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن.

سەرۆكەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نموونەی نووری مالیكی، حەیدەر عەبادی، قەیس خەزعەلی، حەكیم، هادی عامری، لەسەر ئەوە كۆكن پاڵپشتی جووڵانەوەكەی فەڵەستین بكەن. مالیكی لە تویتێكدا دەڵێ‌، "بە شانازی و شكۆوە چاودێری ئەو هێرشە ئازایانە دەكەین، لەگەڵ ئەو پلانە سەركەوتووەی بۆ ئۆپراسۆنی سەربازی لەلایەن هێزەكانی قەسام دانراوە، لەگەڵ برا موجاهیدەكانیان لە فەڵەستین لە دژی هێزەكانی داگیركاری زایۆنیزم، ئەمە ئۆپراسیۆنێكی پیرۆز و جۆرییە، لە دەرەوەی توانا و بیركردنەوەی هێزەكانی داگیركەر و حكومەتی دوژمن بوو، كە بە هەزاران مووشەك هاوێژرا و ژمارەیەك موجاهیدی فەڵەستین بەرەو قووڵایی قەوارەكە رووچوون و دەستیان بەسەر یەكێك لە سەربازگەكان گرت و ژمارەیەك سەربازیان بەدیل گرت. پیرۆزبایی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا لە برایانی فەڵەستینی دەكەن، هیوادارم كۆششی هەموو لایەنەكانی بەرەنگاربوونەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی خاكی داگیركراو یەكبخرێت لە دژی دوژمنی داگیركەر".

مالیكی داواش لە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەكات، لەگەڵ گەلی فەڵەستین بوەستین و داوای رزگاركردنی خاكەكەی لە "تیرۆری زایۆنیزم" بكەن.  قەیس خەزعەلی سكرتێری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێ‌، "ئەنجامی ئۆپراسیۆنی تۆفانی ئەقسا دڵی ئێمە و تەواوی موسڵمانان و بەرگریكارانی لە هەر شوێنێكی زەوی فێنك كردەوە، بە زمانیش نزای سەركەوتن دەكەین، خورپەی دڵمانە بۆ پالپشتی بەرگریكاران لەگەڵ هەر فیشكە و رۆكێت و مووشەكێك كە لەدژی قەوارەی زایۆنیزم دەتەقێنرێت. لە نزیكەوە چاودێری رووداوەكان دەكەین و ئامادەین و تەماشاكەر نین".

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر پاڵپشتی فەڵەستینیەكان دەكات و دەڵێ‌، "مافی فەڵەستینیەكانە خاك و دەوڵەتیان هەبێت، مافیان بەرەنگاری داگیركاریی ببنەوە و سەربەخۆیی و سەروەریی بەدەست بهێنن" هەروەها دەڵێ‌، "داگیركاری زایۆنیزم بۆ فەڵەستین پێچەوانەی مافەكانی گەلان و بڕیارە نێودەوڵەتییەكانە، لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە پاڵپشتی مافی فەڵەستین بكات و داگیركەر ناچاری دووركەوتنەوە بكات، مێژووی سەلماندوویەتی ئایندە بۆ گەلان و مافەكانیانە، لە دژی داگیركەر و خۆسەپێن و ستەمكارە".

هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر گوزاشت لەوە دەكات كە بە هەست شانازی و شكۆ ناوی دەبات و ئامادەیی بۆ پاڵپشتی گەلی فەڵەستین دەردەبڕێ‌ لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ‌، "چاودێری هەواڵەكانی راپەڕینی فەڵەستین دەكەین، كە لە ئۆپراسیۆنی پاڵەوانێتی تۆفانی ئەقسا خۆی بەرجەستە كردووە، گوزاشت لە هاوكاری تەواو دەكەین و ئامادەین پاڵپشتی لەگەلی فەڵەستین بكەین لە گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانیان".

عەمار حەكیمی سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی دەڵێ‌، "ئۆپراسیۆنی بەرەنگاری فەڵەستین كاردانەوەیەكی سروشتییە بۆ كاری سەربازەكانی قەوارەی زایۆنیزم" حەكیم داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات سنوورێك بۆ سیاسەتی قەوارەكە لە فەڵەستین دابنێ‌. حەكیم لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ‌، "چاودێری پێشڤەچوونە خێراكانی خاكی داگیركراو دەكەین، لەگەڵ هەستانی كۆمەڵێك بەرەنگاركاری فەڵەستینی بە ئۆپراسیۆنێك لە قوڵایی قەوارەی داگیركەر، مافی بەرگریكردن لەخۆ و خاك و پیرۆزییەكان، بابەتێكە تەواوی ئاینە ئاسمانییەكان و یاسا مرۆییەكان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان رەوایەتییان پێداوە".

 

 

سەرچاوە: شەرق ئەوسەت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین