مەسرور بارزانى سوپاسى وەبەرهێنەرانى هەرێمى کوردستان دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، "ئێستا هەنگاوی باش بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان نراون، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە هەنگاوی زیاتر لەم بوارەدا بنێین."

ڕۆژى سێشەممە (17/تشرینى یەکەم/2023) حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ئاماژەوەى بەوەکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان داوە و کاریکردووە لە پێناو پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێناندا."

مەسرور بارزانى لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە باسى لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەتایبەتی خزمەتگوزاریی داراییەکان کرد.

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆکى حکومەتى هەرێم "سوپاسی وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و هەماهەنگکار بوون لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانى، وەڵامی پرسیارو تێبینی و سەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە کە بە ئامانجی زیاتر برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین