تاکی کورد لە نێوان جیهانی سۆشیال میدیا و واقیعیدا بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

"دەستەکانت خۆش بێت، زۆر جوان و شیرینی. خواردنەکەت زۆر بەتام دیارە. جلەکان و قژت زۆر جوانە و هەر گەنج دەبییەوە". ئەمە ئەو وشانەیە، کە بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دنیای مەجازی دەیخوێنینەوە و دەیبیستین.
ئەگەر ئەم وشە جوانانەی رۆژانە بە کۆمێنت بۆ خەڵکی دەنووسین، بەرامبەر ئەندامانی خێزانەکەمان "هاوسەر، کچ و کوڕ، دایک و باوک" بەکاری بهێنین، دەبێتە رێگاچارەی زۆربەی کێشەکانمان، چونکە لە بنەمادا کێشەکانی ئێمە لە گرنگی پێنەدان و دەرنەبڕینی ڕێز و خۆشەویستی بۆ یەکتر دەستپێدەکات. ئایا بۆچی ئێمە بەرامبەر بە خەڵكێک لە دنیای مەجازی زمانمان شیرین و بەڕێزین، بەڵام بەرامبەر ئەندامانی خێزانەکانمان بەو جۆرە نین؟
وەک ئاشکرایە رۆژهەڵاتی ناوین، بە سرووشتی قۆناغەکانی ژیانی نەبڕیوە و کەڵەکەبوون و ئەزموونی لەم بوارەدا نییە، بۆیە دەبینین لە هەموو بوارەکاندا، مامەڵەی ناپێویست و نا تەندروستمان هەیە. وێڕای هێرش و پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا، کە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بەرچاون، هاوکات گۆڕانکارییەکان ئەوەندە خێزا روودەدەن، کە تەنانەت کلتوری بەهێز و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان هەزمی ناکەن، چ جای کۆمەڵگەکانی جیهانی سێیەم، لە ناویاندا کورد لە باشوور، کە هێشتا کێشەی ئاو، کارەبا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانمان هەیە. لەگەڵ ئەوەی، وەکو قۆناغ لە قۆناغی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و دەوڵەتین.
هەموو ئەم پلەبەندییەی، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە ئامادە نییە و بە سرووشتی نەڕۆیشتووە و دووڕووییەکی کوشندەی دروستکردووە. دووڕووییەک، کە لە جیاتی خۆ دۆزینەوە و درککردن بە دۆخی نائاسایی خۆمان، زیاتر و زیاتر ڕۆدەچینە ناو جیهانی بێ ناسنامە و بێ سنوری تەکنەلۆژیا، کلتورێکی وەها تێکەڵ ئالودەمان دەکات، کە بنەڕەت و قۆناغەکانمان بیردەچێتەوە. بەتایبەتی، خەڵکی ئەم ناوچەیە لە سەر بنەمایەکی "خۆشباوەڕی، ئەفسانە و خورافات" پەروەردە بووە، کەواتە گرفتی سەرەکی کاراکتەرەکانی ئەم ناوچانە، هزری ئەفسانەیی لەبواری هزری زانستی نەداوە، کە بتوانێت کاراکتەرێک پەروەردە بکات، کە بەشێوەیەکی عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ پێشهات و مۆدێلە هاوردەکان بکات.
لێرەدا ئەگەر بێین باس لە جیهانێکی گریمانەیی بکەین، خەڵکی ئێمە، کە جاران لە نێوان هەژموونی ئەفسانە و زاستە ئێستا کەوتوونە قۆناغێکی تر، بە ناوی جیهانی گریمانەیی و جیهانی واقیعیدا. 
هەڵبەت ئەو دیاردانەی، کە لە جیهانی گریمانەییدا پەیدادە بێت لە سەرچاوەیەک دێت، کە زۆر دوورە لە ئاست و پەروەردەی تاکەکانی کۆمەڵگە. ئەمەش وادەکات بە تایبەتی گەنجەکان جۆرێک لە وونبوون لە نێوان جیهانی گریمانەیی و جیهانی واقیعیدا. ئەمەش وایکردووە، جۆرێک لە راکردن بەرەو پێشەوە بێت، بەڵام لە سەر بنەمایەکی ناتەندروست و ناواقیعی. هەروەها رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە، لە بواری ئابوری و یەکڕیزی لەسەر ئاستی کورد و لە سەر ئاستی عیراق وادەکات، کە توێژی گەنجان بکەونە ناو جیهانێکی بێ هیوا. وەک زۆرجار باسمان کردووە، بەداخەوە کورد تا ئێستا ناوەندێکی هزری نیشتیمانی نییە، کە بتوانێ بەهەر شێوەیەک بێت، بەرگری لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان بکات، جۆرێک لە ئاراستەکان لەسەر ئاراستەی گەنجەکان.

دەرئەنجامی ئەم رەوشە، وایکردووە لە جیاتی ئێمە ئەمجۆرە کەناڵ و مۆدێلانە بخەینە خزمەتی "دۆز، دابونەریت، کلتور و زمان"، بەداخەوە زۆرجار "دیالۆگ، نووسین و لایڤەکان" بەرەو ئاقارێک رۆیشتوون، کە مرۆڤ شەرم دەکات باسیان بکات. شتی سەیر بۆ من ئەوەیە، کە هەموو لایەنێک ئەم دیاردە نیگەتیڤانە دەبینێ چ لە سەر ئاستی زانا و رۆشنبیرانی، کە لە ناو وڵات یان دەرەوەی وڵاتن، هیچ دەنگ و رەنگیان بە ئاستی پێویست بەرامبەر ئەم دیاردەیە نییە، کە لەوانەیە لە دواڕۆژ کاریگەری زۆر خراپ لە سەر نەوەی نوێی گەلەکەمان هەبێت.

ئێمە دەتوانین ئەمجۆرە کەناڵانە بخەینە خزمەتی ئەوەی، کە چۆن پردێک لە نێوان رەوەندی کورد/ دیاسپۆرا لە دەرەوە، پسپۆڕان لە ناوەوە دروست بکەین و بیر لە نەخشە رێگایەک بکەینەوە، کە ئایا چی بکرێت بۆ ئەوەی ماوە لە دەستی نەدەین. هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێمیش، ئاوڕێک لە رەوەندی کوردی/ لۆبی بداتەوە، چونکە ئێمە دەزانین زۆر دەوڵەت و قەوارە، وەک نەخشەڕێگا و پلانداڕێژی لە رێگای رەوەندەکان دروستبووە، وەک دەوڵەتی "ئیسرائیل، بۆسنە و... هتد".

بە پێی ئاماری نافەرمی چەندین ملیۆن کورد لە دەرەوە هەن و لە بواری جیاجیادا کار دەکەن، دەتوانن ئێمە سود لەو ئێنێرژییە وەربگرین و بیخەینە خزمەتی رەوشی ئەمڕۆ، چونکە بەداخەوە کۆمەڵگە بەرەو رەوشی بێ هیوابوون دەچێت.
ئەم تێکچوونی باڵانسە وایکردووە، کە جۆرێک لە سەقامگیری مۆراڵی لای ئێمە لاواز ببێت. کۆمەڵگەش، کە لە لایەنی دەروونییەوە ناسەقامگیر بێت، ناتوانێت خەڵکی بەرهەمدار و خاوەن پڕۆژە بەرهەم بێنێت، چونکە تاکێک دروست دەبێت، لەو وونبوونەدا هیچ ئامانج و دواڕۆژ لە فەرهەنگ و بیری ئەم تاکانەدا جێگای نابێتەوە. ئەمەش دەرئەنجامی ئەم رەوشە، زیاتر لە دوارۆژ بەرچاو دەبێت و کاریگەری نەرێنی لە سەر دواڕۆژی کۆمەڵگە دەبێت.
لە بواری راگەیاندنیشدا، بە ئاستی پێویست گرنگی بە دیبەت و کۆنفرانسات لە سەر ئەم دیاردەیە نەداوە، چونکە دەزانین پەیدابوونی هەر بوونەوەرێک لە هەر بوارێکدا، پێویستی بە ژینگە و زەمینەسازییە، بۆ ئەوەی ئەم بوونەوەرە، بتوانێ بە شێوەیەکی تەندروست لە دایک ببێت یان گەورە ببێت.
بەکورتی، بە تێگەیشتنی من وەک لە سەرەوە باسمانکرد، ئەم جۆرە دیاردە نەرێنییانە لە ناو کۆمەڵگە، پێوستە ببنە مایەی "دیبەیت، کۆنفرانس و لێکۆڵینەی کۆمەڵناسی، هزری و دەروونی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین