شەڕی غەزە ئەركێكی قوڕس بە سوودانی دەدات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ماڵپەڕی كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، بە هۆی شەڕی غەزەوە ئەركێكی قوڕس كەوتووەتە ئەستۆی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و كە ناتوانێ‌ بە ئاسانی رایپەڕێنێت.

ئەمڕۆ سێشەمممە 24ی تشرینی یەكەمی 2023 ماڵپەڕی سكای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێكدا باس لەو راگەیێندراوە دەكات كە سوودانی دوێنێ‌ لەسەر زاری گوتەبێژە سەربازییەكەی بڵاویكردووەتەوە و باسی لەوە كردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە دەكات كە هێرش دەكەنە سەر بنكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لە راپۆرتەكەدا ئیحسان شەمەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی قسەی كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو راگەیێندراوەی بڵاوكراوەتەوە دەریدەخات نیگەرانییەكی زۆر لەلای سوودانی هەیە و هەوڵ دەدات ئەمریكا رازی بكات. شەمەری پێیوایە هەوڵەكانی سوودانی تەنیا لە رازیكردنی ئەمریكا قەتیس دەبێت و هیچی تری لەدەست نایەت.

سوودانی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە ناتوانێ‌ زۆر دوور بڕوات

چونكە ئەو گرووپانەی هێرش دەكەنە سەر بنكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، لە دەرەوەی دەسەڵاتی سوودانین و زۆربەشیان باڵی چەكداری لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەن كە هەر ئەوانن حكومەتیان پێكهێناوە.

دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەزە لەنێوان بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل، میلیشیاكانی شیعە لە عێراق هەڕەشە لە ئەمریكا  دەكەن و بەوە تۆمەتباری دەكەن كە لایەنگری ئیسرائیل دەكات، دوێنێیش بەرپرسانی ئەمریكا دووپاتیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئێرانە هانی ئەو میلیشیایانە و حزبوڵای لبنانی و حەماسی فەڵەستینی دەدات بۆ ئەوەی هێرشەكان ئەنجام بدەن و ئاستی گرژییەكان بەرزبكەنەوە.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە لە تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەچوو، لە تشرینی یەكەمی 2022 حكومەتی سوودانی بە پاڵپشتی لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە پێكهات. چەندان ساڵ بوو میلیشیاكانی شیعە بنكەكانی هاوپەیمانانیان بە مووشەك و بە درۆن بە ئامانج دەگرت، بەڵام دوای پێكهێنانی حكومەتی سوودانی هێرشەكان وەستێنرا، بۆ ئەوەی حكومەتەكە لە بەرانبەر ئەمریكا تووشی ئیحراجی نەبێت، كەچی دوای رووداوەكانی غەزە دەست بە هێرشەكان كراوەتەوە و لە چەند رۆژی رابردوو هێرش كراوەتە سەر بنكەكانی ڤیكتۆریا لە بەغدا و هەریر لە هەولێر و عەین ئەسەد لە ئەنبار. 

واشنتن وەك پێشتر گرووپەكانی شیعەی سەربە ئێران لەو هێرشانە تۆمەتبار دەكات، دواجاریش حكومەتی سوودانی دوێنێ‌ بوو پەیامێكی لەسەر زاری یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بڵاوكردەوە، تێیدا دووپات لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە سوودانی فەرمانی داوەتە هێزە ئەمنییەكان بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە بكەن كە هێرش دەكەنە سەر هاوپەیمانان.

ئیحسان شەمەری بۆ سكای نیوز لە بارەی هەوڵەكانی سوودانی دەڵێ‌، "سوودانی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە ناتوانێ‌ زۆر دوور بڕوات، چونكە ئەمە لێكەوتەی دەبێت بۆ سەر ئایندەی سیاسی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، بە تایبەتی دەزانرێت ئەوان بەشێكن لە چوارچێوەكە".

بە پێچەوانەی شەمەری، عەلی بودەیر چاودێری سیاسی لە راپۆرتەكەی سكای نیوز باس لەوە دەكات عێراق ویست و توانایەكی زۆری هەیە و دەتوانێ‌ بەسەر ئەو گرووپانە زاڵ بێت و جڵەویان بكات. عەلی بودەیر دەشڵێ‌، "سوودانی لەبەردەم تاقیكردنەوەی داخستنی دۆسیەی ئەو گرووپانەیە كە لە دەرەوەی یاسان".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین