رۆژنامه‌یه‌كى به‌ریتانى: ئه‌سه‌د ئاماده‌بوو پشت له‌ ئێران بكات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژى پێنجشەممە هه‌شتی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئیندێپێندێنت"ى لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتر بەشار ئەسەدى سه‌رۆكى رژێمى سووریا ئامادە بووە لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی جۆلان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت. هەروەها باس لەوە دەکات نتانیاهۆ ئەو پێشنیارەی پێ باش بووە بەڵام گومانی لە ڕاستگۆیی بەشار هەبووە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە یەکێک لە دیپلۆماتکارانی بە ئەزموونی ئەمریکیی کە یەکێک بووە لە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا لە کاروباری سووریا، چوارشەممەى رابردوو وتوویەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، ئامادە بووە لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی بەرزاییەکانی جۆلان، ئاشتی نێوان ئیسرائیل و لوبنان مسۆگەر بکات و کۆتایی بە هاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنان بێنێت. 
فردریک سی هۆف ڕۆژی چوارشەممە بە گۆڤاری ئەلکترۆنی "نیولاینز" گوتی، ئەسەد لە کۆبوونەوەیەکدا لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە قەسری تشرینی دیمەشق ئەو پێشنیارەی کردووە. هۆف لەو کاتەدا نێردەی تایبەتی ئیدارەی باراک ئۆباما لە سووریا بووە. 


بەرزاییەکانی جۆلان بە فەرمی بەشێکە لە خاکی سووریا کە لە ساڵی ١٩٦٧دا لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوه‌. 
ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨١دا ئەو هەرێمەی خستە سەر خاکی خۆی، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانیی ئەو هەرێمە بە خاکی سووریا دەزانێت. ئەمریکا تاكە دەوڵەته‌ لە جیهاندا کە دانی بەو هەرێمەدا ناوە وەک بەشێک لە خاکی ئیسرائیل.
ئەو هەرێمە کوێستانییە لەسەر سنوورەکانی سێ وڵاتی ئیسرائیل، سوریا و لوبنان هەڵکەوتووە. لوبنان ( و بە تایبەت حزبوڵای لوبنان) بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەشێکی بچووک لەو هەرێمە بە ناوی "مزارع شبعا" بەشێکە لە خاکی لوبنان نەک سووریا، بۆیە هێشتا ئیسرائیل بە داگیرکەری خاکی لوبنان دادەنێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٠٠دا، دوای نزیکەی بیست ساڵ کۆتاییان بە داگیرکاری خاکی لوبنان هێنا. 

ئیسرائیل پێشنیاره‌كه‌ى به‌لاوه‌ باش بوو
به‌ڵام متمانه‌ى به‌ به‌ڵێنى ئه‌سه‌د نه‌بووه‌


بە وتەی هۆف، ئەسەد لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١١دا گوتبووی ئەگەر ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلان ڕادەستی حکومەتی سووریا بکاتەوە، ئەوا ئەو بانگەشەکانی حزبوڵا سەبارەت بە "مزارع شبعا" بە توندی ڕەت دەکاتەوە، کۆتایی بە پەیوەندییە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دێنێت و یارمەتی دەدات ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان ئیمزا بکرێ کە ببێتە هۆی پەراوێزکەوتنی حزبوڵا. 
ئەو دیپلۆماتە ئەمریکییە گوتی، ئەو کۆبوونەوە بەشێک بوو لە پرۆسەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە لە نێوان ئەو و وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا، دەستی پێکردبوو. وەلید موعەلیم ماوەیەکی زۆر پێش ئەوە داوای ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سووریای کردبوو بە مەرجێ ئیسرائیل جۆلان بگەڕێنێتەوە. دەگوترا ئەو دیپلۆماتە بە ئەزموونە، پێشنیاری دوورکەوتنەوەی دیمەشق لە تاران و حزبوڵای هێنابووە ئاراوە. 
بە گۆتەی هۆف، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو ڕێککەوتنەی پێ باش بوو، بەڵام دەربارەی ڕاستگۆیی ئەسەد لەو بوارەدا گومانی هەبوو. هۆف کە ئێستا لە کۆلیژی "بارد" وانەی دیپلۆماسی دەڵێتەوە، ئەو دیدارەی خۆی لەگەڵ ئەسەد بە یەکێک  لەو ئەزموونانەی ژیانی خۆی وەسف کرد کە هیچ کات لە بیری ناکات. 
بەڵام هۆف ئەوەشی گوت کە خۆیشی لەوە دڵنیا نەبووە کە بەشار ئەسەد بتوانێ بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، چونکە حزبوڵا و ئێران بە ئاسانی ئاوا سیناریۆیەکیان قەبووڵ نەدەکرد.   
بڕیارە هۆف لە کتێبێکدا کە بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە، بە وردی باسی ئەو دیدارە بکات و بە وردی باس لەو هەوڵانە بکات بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاشتی لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب ئەنجام دران. 
لە سەردەمی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆن، پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سووریا ( ئەو کاتەی حافز ئەسەد سەرۆک بوو) خێراتر بووەوە. بەڵام هەرگیز نەگەیشتە ئەنجام. لە ساڵی ٢٠٠٨یشدا هەندێ گفتوگۆ لەو بوارەدا لە نیوان سووریا و ئیسرائیل ئەنجام دران. بە گۆتەی سەمیر تەقی، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیرانی سووریا کە لەو گفتوگۆیانەدا ئامادە بوو، ئەسەد لەو گفتوگۆیانەدا داوای ڕاگەیاندنی کۆتایی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە بێ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی کردووە. بە گۆتەی تەقی، ئیسرائیل لەو کاتەدا خوازیاری گۆڕانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ ئێران و حزبوڵا بووە بەڵام ئەسەد گوتوویەتی پێویستە پرسی ئێران دوای هەموو پرسەکانی تر باس بکرێ. 
بەڵام پەیوەندی و ساتوسەودای نێوان ئیسرائیل و سووریا، تەنانەت دوای نزیکبوونەوەی زۆری ئەسەد لە کۆماری ئیسلامیش نەپچڕاوە. 
لە مانگی شوبات، چەند لە چەند ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دیداری سێ لایەنەی نێوان بەرپرسانی هەواڵگریی سووریا، ئیسرائیل و ڕووسیا بڵاو کرایەوە و ئاماژە کرابوو کە بەشار ئەسەد خۆی لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بووە. بە گوێرەی میدیاکانی ناوچە ئەو دیدارە لە بنکەی ئاسمانیی حمه‌میم لە سووریا ئەنجام دراوە کە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسەکاندایە. 
مەهدی دەخلوڵا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا و سەفیری پێشووی ئەو وڵاتە لە سعوودیە، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی حکومەتی سووریا تەنانەت هەواڵی "ئەگەری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلی" ڕاگەیاندبوو. 
تەقی لەم دواییانەدا لە وتارێکدا گۆتبووی دوورە ئیسرائیل، جۆلان ڕادەستی سووریا بکاتەوە. تەقی نووسیبووی، "من بە پێی ئەزموونی خۆم لە گفتوگۆ پێشووەکان، چاوەڕوانی ئەوە ناکەم ئیسرائیل شتێ زیاتر لەوەی کە ڕێگا بدات بە هاووڵاتییانی سووریا بدات شێوەیەکی سنووردار سەردانی بەرزاییەکانی جۆلان بکەن، پێشنیار ناکات، ئەویش بە مەرجێ کە بە هیچ جۆرێ دەسەڵات و هەیمەنەی ئیسرائیل لەو هەرێمەدا کەم نەبێتەوە". 
تەقی گوتبووی بەڵام ئیسرائیل دەتوانێ یارمەتی مرۆیی ڕادەستی هاووڵاتییانی باشووری سووریا بکات و یارمەتی بەشار بکات دەسەڵات بگرێتەوە و ببێتەوە بە کەسێک وەک جەنڕاڵ فرانکۆ، دیکتاتۆری پێشووی ئیسپانیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەقی گۆتبووی ئیسرائیل زۆر نیگەرانی ئامادەبوونی هێزەکانی ئێران لە سوریایە و ئەوە بە "پەرەسەندنی مەترسی ئەتۆمی" دەزانێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین