پێنتاگۆن: هێشتا رێبەری ئێران بڕیاری کۆتایی نەداوە ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) دەڵێت، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران فەرمانی بۆ گرووپە بە وەکالەتەکانی تاران نەکردووە بۆ زیادکردنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

ڕۆژی سێشەممە (24/ تەشرینی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پێت رایدر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندووە: ئێمە فەرمانی راستەوخۆی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانمان بۆ گرووپەکانی سەر بە تاران بۆ زیادکردنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نەبینیوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، پێت رایدر دەشڵێت: هیچ شتێکمان نەبینی کە بۆ نمونە رێبەری ئێران بەو گرووپانە بڵێت، بچن هێرش بکەنە سەریان.

لەگەڵ ئەوەشدا گوتەبێژی پنتاگۆن ئاماژە بەوەدەدات، کە ئەمریکا لە کۆتاییدا ئێران کە پاڵپشتی ئەم گرووپە چەکدارانە دەکات، بە بەرپرسی ئەم هێرشانە دەناسێت.

لە سەرەتای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە هەزار و 400 هاوڵاتی ئیسرائیلیکوژران و لە هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە هەفتەی رابردووش لە هێرشێکی درۆن لەعێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا چەند سەربازێکی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.

کەناڵی سی ئێن ئێن ئەمریکی بڵاوی کردۆتەوە، کە ئۆپەراسیۆنی راگرتنی 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، کە لە کەناراوەکانی یەمەنەوە ئاراستەکراون، 9 کاتژمێری خایاندووە و رووداوێکی مەترسیدار بوو.

کاربەدەستانی ئەمریکا پێیانوایە، کە هێزەکانی حوسییەکان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکانەیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

هەروەها رۆژی دووشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و بنکەکە و هێزەکانیان زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە چەند رۆژی رابردوو لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی تەنیا دەیەوێت بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک حزبوڵڵا لەم قۆناغەدا "هێرشی سنووردار" بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریکا ئەنجام بدەن، بەڵام خۆیان لە گرژییەک کە تاران تێوەبگلێنێ بپارێزن.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بن، "هەر ئەگەرێک دەکرێ رووبدات".

رۆژی دووشەممە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی واشنتۆن نووسیویەتی، ئەمریکا ئامۆژگاری ئیسرائیلی کردووە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە غەززە دوابخات، بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەکاری بکات بۆ ئەگەری هێرشەکانی بریکارەکانی هاوپەیمانی تاران دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین