کێشەکانى هەولێر و بەغدا لە پەراوێزى کۆبوونەوەکانى سوودانى لە ئەمەریکا ناوخۆیی

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

پێشەکی 

ڕۆژی (2021-10-10) لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، لە ڕۆژی (2022-10-27) حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی لە لایەن هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێندرا، کە پێکهاتبوون لە زۆربەی حزبە سوونی و شیعیەکان لە عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێمى کوردستان، متمانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەرگرت.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق ئاماژەکان زیاتر بەرەو گەشبینی دەڕۆیشتن و زۆربەی باوەڕەکان ئەرێنی بوون، بۆیە چاوەڕوان دەکرا گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق ڕووبدات و هاووڵاتیان لە ژیان و دۆخێکی باشتردا گوزەران بکەن. بێگومان هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا بەدەر نەبوو لەو چاوەڕوانییانەی کە لە حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی دا دەکرا. زۆربەی کات هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە و سەردانەکان، بابەتە جیاوازەکانی ئەم ماوەیەدا باسێکی گرنگ بووە و هەڵوەستەی لەسەر کراوە.

ڕۆژی (18)ی ئەیلوولی (2023) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک. کۆبوونەوەی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر “ناونیشانی  لووتکەی دروستکردنەوەی هاوئاهەنگی و متمانە” لە ڕۆژانی (23-19)ی ئەیلوول لە نیویۆرک بەڕێوەچوو.

لە (19-9-2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە وەک ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرابووەوە لە کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا، بەردەوام بوون لە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزی، سەقامگیری، و خۆڕاگری حکومەتی هەرێمی کوردستان."[1]جێگای تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردنە کە بەردەوام لە کۆبوونەوە گرنگ و جیاوازەکان لە نێوان وڵاتانی جیهان و عێراقدا باسی هەرێمی کوردستان دەکرێت و گرنگی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ هەرێم دەخرێتە ڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی بە فەرمی بانگهێشتنامەی کۆشکی سپی پێگەیشت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا. 

سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەندین دیداری لەگەڵ میدیا جیاوازەکان ئەنجامدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیهان کرد. لە باسی هەرێمی کوردستاندا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، "هیچ قەیرانێکی سیاسی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە و دوای ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانمان قۆناغێکی باشتری بە خۆیەوە بینیوە."[2] ڕۆژی (22)ی ئەیلوولی (2023) سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بوو، گوتارێکی پێشکەش کرد باسی چەندین تەوەرى جیاوازی کرد لە نێوخۆی عێراق و لەگەڵ دەرەوەشدا، 

کە هاتە سەر هەرێمی کوردستان سوودانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "هەوڵدەدەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، پەرە بە پرۆژە جۆراو جۆرەکانمان بدەین، و حکومەتەکەمان لەلایەن هاوپەیمانییەتییەکی فراوان و بەهێزەوە پشتیوانی دەکرێت."[3] بیرکردنەوە لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و کار کردن بۆ ڕاگرتنی بنەماکان و ڕێککەوتنەکەکانی کە حکومەتی لەسەر پێکهاتووە پێویستە ببێتە مایەی بنەمای کارکردن و کارکردنی زیاتر و هەمیشەیی بۆی لە پێناو برەودان بە پێشکەوتنەکان و لە کۆتایشدا خزمەتکردنی هاوڵاتیانی وڵات بێ جیاوازی.

ڕۆژی (10)ی ئۆکتۆبەری (2023) سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیای کرد و ئامانجی سەردانەکەی بریتی بوو لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی برەودان بە هەماهەنگی زیاتری نێوان رووسیا و عێراق بە تایبەت هاریکاری سیاسی و ئابووری.

ڕۆژی دواتر سوودانی و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەشدارییانکرد لە شەشەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی هەفتەی ووزەی رووسیا وێڕای باسکردنی چەندین بابەتی جیاواز باسی نەوتی هەرێمی کوردستان و دووبارە دەستکردنی بە هەناردەکردنەوەی کرا کە زیاتر لە شەش مانگە بە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە سەرۆک وەزیرانی عێراق گووتی "بۆڕییەکە ئامادەیە و هەماهەنگیمان هەیە و لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.  ئێمە کار لەسەر فرەچەشنی ئابووریمان دەکەین و هەوڵ دەدەین ئابووریمان بەهێز بکەین، چاومان لەوەیە پەیوەندی و هەماهەنکیمان زیاتر بکەین."[4]جەخت کردنەوە لە بەهێزبوونی و بەردەوامی پەیوەندییەکان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئامانجی هەردوولا پیشان دەدات بۆ پێویستی هەبوونی پەیوەندی بەهێز لە ناوخۆی عێراق و لە دەرەوەشدا لە پێناو بەرەو پێشبردنی کەرتە جیاوازەکاندا. 

 کۆتایی

زیاتر برەودان بە پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتان کاری زیاتری بۆ بکرێت و ببێتە بەرنامەی کاری هەر حکومەتێك کە پێکدەهێندرێت. لە لایەنی پەیوەندییەکان هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەی خۆی دیاریبکات و لەسەر ئاستی کۆبوونەوە، دیدار، لووتکە، و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا باس بکرێت و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت بە تایبەت لە کاتە هەستیارەکاندا کە پەیوەست دەبێت بە مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەرکەکانی هەرێمی کوردستان چونکە پێویستە ماف و گوزەرانی هاوڵاتیان لە پێشینەی ئامانجەکانی حکومەت و وڵاتان بێت.

[1]Secretary Blinken’s Meeting with Iraqi Prime Minister al- Sudani, State.gov, 2023. https://www.state.gov/secretary-blinkens-meeting-with-iraqi-prime-minister-al-sudani-2/?fbclid=IwAR3UuaY0xQtTH-D6GxP-MJicmEteScV9s5MRPzjDteasbVNuQH83HNfq4-c

[2] Al-Monitor Staff. Al-monitor/ Semafor Summit: Iraqi’s Sudani says solution is in Baghdad to issues with KRG, Al-Monitor.com, 2023, https://www.al-monitor.com/originals/2023/09/al-monitorsemafor-summit-iraqs-sudani-says-solution-baghdad-issues-krg

[3] Iraq His Excellency Mohammed Shia. Al Sudani Prime Minister.2023, https://gadebate.un.org/en/78/iraq

[4] Moscow-INA. Al-Sudani Participates in the 6th Russian Energy week International Forum at Russian President’s invitation.ina.iq.2023, https://ina.iq/eng/29149-al-sudani-participates-in-the-6th-russian-energy-week-international-forum-at-russian-presidents-invitation.html

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین