مەسرور بارزانی: دەمانەوێ پێداویستییەکانمان لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان دروست بکەین کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەڕێوڕەسمی کردنەوی کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی پاکەت و کارتۆن ڕایگەیاند، " جێی دڵخۆشییە کە دەبینین لە کوردستان کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی."

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، (31/تشرینی یەکەم/2023)،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی لە ھەولێر کردەوە و لەڕێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "ئێمە مەبەستمانە لە کوردستان بتوانین ھەموو پێداویستییەکانی خۆمان، ئەوەی پێمان بکرێ لە ناو خودی کوردستانەوە دروستی بکەین، ئەمە ھەلی کاریش بۆ خەڵکێکی زۆر دروست دەکات".

  

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم کارگەیە کە کارگەی دروستکردنی کارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و کاری کاغەزە، کە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو، بە ئامراز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دانراوە، جێی دەستخۆشییە و من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەکەم کە ئەم کارەتان کردووە.

بەڕاستی جێی دڵخۆشییە کە دەبینین لە کوردستان کەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی زۆر بێت بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کە ماوەیەکە ئێمە توانیومانە بەروبوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکەین، ئەم جۆرە کارانە یارمەتیدەرێکی زۆر دەبن بۆ پەکێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ ئەوەی وەکوو براندی کوردستانی، ئێمە بتوانین بەروبوومەکانی خۆمان ھەناردەی دەرەوە بکەین.

بەروبوومەکانی ئێمە تام و چێژێکی تایبەتیان ھەیە و داواکاری زۆریشیان لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە ئەمەیە کە بە شێوەیەکی جوان و ڕێکوپێک، بەرگی بۆ دروست بکرێ و پاکێجینگی بۆ بکرێ و بتوانین ھەناردەی دەرێی بکەین. ئەم جۆرە کارگانە زۆر زۆر دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئەم کارەیە بکەین. وابزانم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیشیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ھەیە کە ئەمە یارمەتیدەرێکی زۆرە ھەم بۆ بەروبوومەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، یارمەتیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. بە پێچەوانەشەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەم شێوەیە زۆر زۆر زیاتر دەتوانێت یارمەتیی کەرتی تایبەت و پیشەسازی بدات.

ئێمە مەبەستمانە لە کوردستان بتوانین ھەموو پێداویستییەکانی خۆمان، ئەوەی پێمان بکرێ لە ناو خودی کوردستانەوە دروستی بکەین، ئەمە ھەلی کاریش بۆ خەڵکێکی زۆر دروست دەکات. ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان ھەلی کاری نوێ لەم کارگەیە دروست کراوە کە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشیی زۆرە. ئەوەی لەسەر حکومەتیشە ئێمە ئاسانکاری و پشتیوانی بکەین و یارمەتیی کەرتی تایبەت بدەین. ئومێدیشمان وایە کە بە ھاوکاریی حکومەت و کەرتی گشتی لەگەڵ کەرتی تایبەت، بتوانین ھەموو پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش کوردستان بەرەو پێشەوە بەرین.

ئێوەش ھەر شاد و سەرفراز بن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین