سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا، ویستی وڵاتەکەی بۆ برەودانی زیاتر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

ڕۆژی چوارشەممە (یەکی تشرینی دووەم/2023) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە لیۆ جیۆن کونسوڵی گشتیی نوێی چین لە شاری ھەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، کۆنسوڵی چین لە ھەولێر "پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە مێژوو و ھاوکێشەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا ھەبوو و ھەروەھا قوربانیدانی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بەرز نرخاند."

ھەوەرھا کۆنسوڵی چین، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەکانی نێوان بارزانیی نەمر و سەرکردەکانی چین و ھەردوو حزبی شیوعی چین و پارتی، "خوازیاری ئەوە بوو کە پەیوەندییەکانی وڵاتی چین و ھەرێمی کوردستان لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و کولتووری و زانستی و بازرگانی و گەشتکردنی ھاووڵاتیان پەرەی زیاتر بستێنن."

لە ڕاگەیێندراوێکدا ھاتووە،لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی "ھیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی تازەی چین لە ھەولێر خواست و پێزانینی بۆ مێژوو و شارستانیەتی چین و گەل و سەرکردایەتیی چین ھەبوو کە ئاستەنگی زۆر گەورەیان تێپەڕاندووە و خزمەتی زۆریان پێشکەشی مرۆڤایەتی و جیھان کردووە و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا نیشان دا."

دەشڵێت، گفتوگۆکردن لەبارەی بارودۆخ و دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی جیھان و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین