رۆژنامەی تایمز رۆڵی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی لەندەن ئاشکرا دەکات ئێران

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

رۆژنامەی تایمزی بەریتانیا نووسیویەتی کە لایەنگرانی ئێران لەو خۆپیشاندانانەکانی لەندەن بۆ بەرگری لە غەززە، ئاماژەیان بە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی بۆ "لەناوبردن"ی ئیسرائیل کردووە.

لە رۆژی شەممە (4/ تەشرینی دووەم/ 2023) ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی تایمزی بەریتانیا لە راپۆرتێکی نوێدا لایەنی دیکەی چالاکی گرووپەکانی پێوەندیدار بە ئێران لە خۆپێشاندانەکانی لەندەن ئاشکرا دەکات و نووسیویەتی کە لایەنگرانی ئێران لەو خۆپیشاندانانەدا تراکتێکیان دابەش کردووە کە ئاماژەیان بە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی بۆ "لەناوبردن"ی ئیسرائیل کردووە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، کاربەدەستانی بەریتانیا کە نیگەرانن لەوەی ئێران لەسەر پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گرژی لە بەریتانیا دروستبکات، چەند گرووپێکیان دەستنیشانکردووە کە بنکەکانیان لە بەریتانیادایە و راستەوخۆ پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە.

لەم راپۆرتەدا هاتووە، کە لایەنگرانی رژێمی ئێران لە رێپێوانەکانی پشتیوانی لە فەلەستین بە ئاماژەدان بە داواکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ "بنبڕکردنی" ئیسرائیل لە راگەیێندراویان لە رێپێوانەکانی پشتیوانی لە فەلەستین، بڵاو کردووەتەوە.

رۆژنامەی تایمز نووسیویەتی، لەو راگەیەندراوانەی کە شەممەی رابردوو لە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە ناوەندی شاری لەندەن بڵاوکرانەوە، وەسفی عەلی خامنەیی بۆ ئیسرائیل بەکارهێنرا، کە ئیسرائیلیان بە "رژێمی قۆرخکاری زایۆنی" ناودەبات، کە دەبێت وەک "شێرپەنجە" بنەبڕ بکرێت. جیالەوەش وێنەی خامنەیی لەناو رێپێوانەکەدا بەرز کراوەتەوە.

هەروەها هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی تایمز نووسیبووی، کە پۆلیسی بەریتانیا هۆشداریداوە، کە ئێران ناڕەزایەتی لایەنگرانی فەلەستین لە بەریتانیا دەقۆزێتەوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی تایمز، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوە جیهانییەکانی سێ حەوتەی رابردوو بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، گوتی: گەمژەیەک پەیدا دەبێ و دەڵێ کە کۆکردنەوەی خەڵک لە بەریتانیا کاری ئێرانە.

رۆژنامەی کەیهان (خامنەیی وەک سەرنووسەرەکەی هەڵدەبژێرێ) سەبارەت بە راپۆرتی تایمز نووسیویەتی "ئەم بانگەشەیە زیاتر شەرەفێکە بۆ کۆماری ئیسلامی، نەک تۆمەتبارکردن".

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین