بەرپرسێکی باڵای حەماس لەگەڵ عەلی خامنەیی کۆدەبێتەوە ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس سەردانی تارانی کردووە و لە دیدارەکەیشیدا راپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی غەززە داوەتە بەرپرسانی ئێران.

ڕۆژی دووشەممە (6/تەشرینی دووەم/2023) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی دەفتەری سیاسی گرووپی چەکداری حەماس و شاندی یاوەری لەگەڵ عەلی خامنەیی پشتڕاست کردۆتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، کە ئەم گرووپە چەکدارە فەلەستینییە و هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە زیاتر چوارهەفتەیە لە شەڕدان و بەردەوامیشە.

ئوسامە حەمدان، نوێنەری حەماس لە بەیروت پێشتر رایگەیاندبوو، کە هەنیە و شاندەکەی "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر" سەردانی تارانیان کردووە.

نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، وێنەکانی ئەو دیدارەی بڵاوکردۆتەوە و نووسیویەتی، کە بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماس راپۆرتێکی سەبارەت بە "دواین پێشهاتەکانی غەززە" و "تاوانەکانی" ئیسرائیل و هەروەها "پێشهاتەکانی رۆژئاوای ‌غەززە"ی داوەتە بەرپرسانی ئێران.

بە پێی راپۆرتەکە، عەلی خامنەیی، هەروەها جەختی لە سیاسەتی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە "هێزەکانی خۆڕاگری فەلەستین"ی کردۆتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، کە خامنەیی نەک هەر چەند رۆژێک دوای هێرشی حەماس لە باشووری ئیسرائیل، تێوەگلانی وڵاتەکی لەو هێرشەدا رەتکردەوە، بەڵکو لە رۆژانی رابردوودا "هەوڵی" کۆماری ئیسلامی بۆ "دەستوەردان" لە گردبوونەوەکانی هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ پشتگیریکردن لە فەلەستینییەکان ڕەتکردەوە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین