زیانە مرۆیى و ئابوورییەکانى شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین وەرگێڕان

تایبەت بە نوچەنێت:

ئا: سنور یاسین

پێشەکی

بەرەبەیانی ڕۆژی (7)ـی ئۆکتۆبەری 2023) حەماس هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد لایەنی کەم (5000) موشەکی بۆ ئیسرائیل هاوێشت. بەمشێوەیە شەڕ دەستیپێکرد و لە سەرەتاکانی جەنگەکەوە حەماس چووە ناو ئیسرائیل و چەندین کەسى بەدیل گرت. کەرتی غەززە نزیکەی (2.3) ملیۆن دانیشتوانی هەیە و ڕووبەرەکەی (365) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە (5) پارێزگا پێکدێت کە ئەوانیش (باکووری غەزە، شاری غەزە، دێر ئەلبەلە، خان یونس، و ڕەفە)ن. شەڕی ئیسرائیل و فەڵەستین مێژووی هەیە و چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕووی داوە.

دوای مانگێك 

مانگێک تێپەڕی بەسەر هەڵگیرسانى شەڕى حەماس و ئیسرائیل، بەڵام هێشتا پێکدانەکان بەردەوامە و وڵاتان هۆشداری دەدەن لە فراوانبوونی جەنگەکە و هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی، کە لە پشتی شەڕەکەوە بێت یان هاوکار و هەماهەنگی لایەنێک بکەن لە دژی لایەنەکەی تر. ئێستا بەهۆی خاپووربوونی ماڵەکانیان و ترسییان لە شەڕ زۆربەی دانیشتووانی غەزە لە قوتابخان و نەخۆشخانەکان دەمێننەوە بە هیوای ئەوەی کە نەبنە ئامانجى هێرشەکانى ئیسرائیل. تا ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتە و لە ماوەی ئەو مانگەدا لە غەزە "(10,177) کەس کوژراون کە لە نێویاندا ژنان و منداڵانیش ژمارەیەکی زۆریان بەرکەوتووە و (25,408) کەس بریندارن. هەروەها لە ئیسرائیل (1,405) کەس کوژراون و (5,600) کەس بریندارن، وەک وڵاتانى بێلایەن لەو شەڕە بە کارەساتێکی مرۆیی ناوى دەبەن و داوا دەکەن هەنگاوی گرنگ و بەپەلە لە پێناو وەستاندنى ئەو جەنگە بگیرێتە بەر.

لە سەرەتای شەڕەکەوە لە هەر کاتژمێرێکدا لە غەزە (15) مرۆڤ دەکوژرێن، کە شەشیان منداڵن واتا لە هەر دە خولەکێکدا منداڵێک لەکەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکوژرێت. (35) کەس بریندار دەبن، (42) بۆمب دەهاوێژترێنە کەری غەزە و (12) باڵەخانە"[1] تیکدەشێوێندرێت یاخود خاپوور دەکرێن، ئەو ژمارانەش بەردەوام لە بەرز بوونەوەدایە. ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر زارى ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "پێویست ناکات لە نێوان بەرگریکردن لە ئیسرائیل و یارمەتیدانی خەڵکی سڤیلی فەڵەستین یەکێک هەڵبژێرین، ئێمە دەبێت هەردووک بکەین و دەتوانین ئەوەش بکەین".[2]

زیانە ئابوورییەکان

لە کاتێکدا ئێستا شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامییان هەیە، ئاسان نابێت بتواندرێت باسی زیانە ئابوورییەکان بکرێت، بەڵام کۆمەڵێک بینینی ڕۆژانە و چۆنیەتی ژیانکردن لە غەزە و ئیسرائیل پێمان دەڵێن، کە چۆن وێرانکارییەکان بە بەردەوامی ڕوودەدەن و خەڵك "ناتوانن بە ئاسانی دەستییان بگات بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان کە مافێکی ئاسایی ژیانی خۆیانە و دەیانەوێت ئاو و خۆراک بۆ خۆیان و خێزان و منداڵەکانیان بەدەستنهێنن".[3] بۆیە ڕێکخراوەکانی مرۆیی هەوڵ دەدەن لایەنی کەم پێداویستییە سەرەکییەکان خۆراک، خواردنەوە بگەیەننە کەرتی غەزە کە ئەوانیش ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستەنگی زیاتری گەیاندنی ئەو هاوکارییانەیان بۆ دروست دەبێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕی بلوومبێرگ، "ئابووریی ئیسرائیل پێویستی بە (520) ملیار دۆلار هەیە تەنها بۆ ئەوەی شوێنی ئەو زیانە ئابوورییە بگرێتەوە کە لە (7)ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا کردوویەتی، تەنها تەلئەبیب نزیکەی (25) ملیار دۆلاری لە ڕووی ئابوورییەوە لە دەستداوە، چەندین کۆمپانیای وەبەرهێنان گرێبەستەکانییان هەڵوەشاندۆتەوە یان کۆتاییان بە گرێبەستەکانییان هێناوە".[4] بەمەش زیانی ئابووری بەردەوام دەبێت و ڕوو لە زیادبوون دەکات. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی "سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵدا ئیسرائیل (%11) ئابووری خۆی لە دەستبدات".[5] داڕمانی ئابووری پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دووبارە هەستێتەوە، وە کاریگەرییەکەی لە دوای جەنگیش بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت. 

سەبارەت بە زیانە ئابوورییەکانی فەڵەستین ماڵپەری ئەنادۆڵی تورکی بلاوی کردووەتەوە "لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکردووە، ئابوویری فەڵەستین بە تەواوەتی وێران بووە و بەرەو لاوازییەکی زۆر ڕۆیشتووە، هەر پێش جەنگیش ڕێژەی بێکاری (%46) بوو، کە ڕێژەیەکی زۆر زۆرە و ئێستا لە کاتی جەنگ زۆر زیاتر بووە و کارکردن زۆر ئەستەم بووە".[6] ئەگەر پێش جەنگ ڕێژەی بێکاری بەم جۆرە بووبێت و سنووردارکردنی ئابووریی فەڵەستین بوونی هەبوو بێت، دەبێت لە کاتی جەنگ و دوای جەنگ کاریگەرییەکی چۆن و چەند بن وەڵامەکەی زەحمەتە لە ئێستادا دەستبکەوێت یاخود ئامارێکی ڕاستەقینەمان دەستبکەوێت.

ئەو داراییەی کە لە کڕینی چەک، ئامێرە گرانبەهاکانی شەڕکردن، هەمەجۆرەی موشەک و تانک و تا دوایی خەرج دەکرێت، ڕۆژانە لەو جەنگەدا بەکاردێت خەرجییەکی زۆر زۆرە و پێویستە لە بری خەرجکردنی ئەو داراییە لەو مەبەستانە بۆ مەبەستی تر بەکاربهێندرێت بۆ باشترکردنی ژیان خەرج بکرێت.

نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکان، نەخۆشخانەکان، دامو دەزگاکان، ماڵەکان، ڕێگاکان هەموو خەرجی زۆرە و لەوانەیە چەندان ساڵی بوێت بە گووژمە و دابینکردنی پارەیەکی زۆر بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێنەوە یاخود دووبارە بونیات بنرێنەوە. بە بەردەوامی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە "کارەساتی جەرگبڕ لە غەزە ڕوودەدات خۆراک، خواردن، چارەسەر، لە کەمبوونەوەدایە و بەردەوام نامێنێت و تەنانەت پزیشکەکان بەبێ بەکارهێنانی ماددە سڕکەر نەخۆشەکان چارەسەر دەکەن".[7] بۆیە پێشبینى دەکرێت "ئاو، خۆراک، چارەسەرییە پزیشکییەکان بەتەواوەتی نەمێنن."[8] بەردەوام هۆشداری دەدرێتە خەڵکی سڤیلی کەرتی غەزە "بەرەو باشوورى غەزە کۆچ بکەن، وە کۆڕەوی سەرتاسەری بۆ باشوور دەستی پێکردووە، لە ئیسرائیلیش زیاتر لە (120) هەزار ئیسرائیلی ناچارکراون کە ماڵەکانییان جێبهێڵن".[9] لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە "پێویستە هاوڵاتییانی سڤیل بپارێزرێن".[10] لە کاتی شەڕدا پێویستە هاوڵاتیانی سڤیل نەکرێنە ئامانج و بەردەوام هەوڵی گواستنەوەیان بۆ شوێنە ئارامەکان بدرێت. 

کۆتایی

شەڕەکان بە ئاسانی تەشەنە دەکات و تێوەگلانی وڵاتانی تر بە ئاسانی دەتواندرێت بکرێنە بیانوو بۆ فراوانبوونى شەڕەکان. وڵاتان هۆشداری دەدەن لە دەستێوەردانی دەرەکی ئەگەر هەبێت لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا یان بە ئامانج گرتنی وڵاتانی تر، کە گوایە دەستییان هەیە لە شەڕەکەدا و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە لایەنێک دەکەن لە دژی لایەنەکەی تر. ئیسرائیل چەندین جار و لە ڕیگەی جیاوازەوە تاکە مەرجی خۆی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ئاشکرا کردووە کە ئەویش تەنها و تەنها ئازاد کردنی هەموو بارمتە  ئیسرائیلییەکانە لە لایەن حەماسەوە و تەنها بەو مەرجە ئیسرائیل بە ئاگربەست ڕازی دەبێت. جار جارە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە پێناو هۆشداری دان بە خەڵکی سڤیل، دەرچوونی خەڵک، و گۆڕێنی تاکتیکی جەنگ، شەڕەکە ڕاگیراوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو وەستانە چەند کاتژمێرەییانە بە مانای ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕ نایەت. 


[1] https://www.aljazeera.com/news/longform/2023/10/9/israel-hamas-war-in-maps-and-charts-live-tracker4

[2] Israel-Hamas Conflict: Latest Updates. State.gov. 2023, https://www.state.gov/israel-hamas-conflict-latest-updates/

[3] https://www.unrwa.org/resources/reports/unrwa-situation-report-no-21-situation-gaza-strip-and-west-bank-including-east-Jerusalem

[4] Altstein, G. Israel’s Economy convulsed by the war with Hamas. Bloomberg.2023, https://www.bloomberg.com/news/newsletters/2023-10-30/israel-hamas-war-s-economic-shock-turkey-rates-egypt-pound-egp-black-market#xj4y7vzkg

[5] Karakaya, K. Israel’s Economy set to shrink 11% as Hamas war Escalates JPMprgan.bnnbloomberg.ca. 2023, https://www.bnnbloomberg.ca/israel-s-economy-set-to-shrink-11-as-hamas-war-escalates-jpmorgan-1.1990970

[6] Asmar, A. Palestinian economy hit hard in 1 month of Israeli attacks on Gaza. AA.com. 2023, https://www.aa.com.tr/en/economy/palestinian-economy-hit-hard-in-1-month-of-israeli-attacks-on-gaza/3046368

[7] https://www.dw.com/en/catastrophic-humanitarian-situation-in-besieged-gaza/a-67310921

[8] https://www.aljazeera.com/news/liveblog/2023/11/7/israel-hamas-war-live-one-month-of-conflict-10000-dead-in-gaza

[9] Altstein, G. Israel’s Economy convulsed by the war with Hamas. Bloomberg.2023, https://www.bloomberg.com/news/newsletters/2023-10-30/israel-hamas-war-s-economic-shock-turkey-rates-egypt-pound-egp-black-market#xj4y7vzkg

[10] Gaza aid Conference opens in France.DW.com.2023, https://www.dw.com/en/gaza-aid-conference-opens-in-france/a-67350635

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین