سەرۆکی حکومەتی هەرێم و باڵیۆزی بەریتانیا: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزى بەریتانیا لەعێراق، هاوڕابوون، کە پێویستە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە کاتى خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ڕۆژى شەممە (11/تشرینى دووەم/2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد، حکومەتى هەرێم لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیى عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە" تاوتوێ کران.

سەبارەت بە سەقامیگریی عێراق و هەرێمى کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیى هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق."

ڕاگەیێندراوەکەى حکومەتى هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەم بارەیەوە"، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین