له‌ بنكه‌یه‌كى ئه‌تۆمى كێشه‌یه‌ك رووده‌دات و ئێران هۆكاره‌كه‌ى ئاشكرا ناكات ئێران

نوچه‌نێت

بێهروز کەمالوەند، جێگر و وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران وتوویەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە تۆڕی کارەبای دامەزراوەکانی پیتاندنی یورانیۆم لە نەتەنز تووشی ڕووداوێک بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢١، وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "فارس" نزیک لە سوپای پاسداران وێرای ئاماژەکردن بەوەی ڕووداوێک لە دامەزراوەکانی نەتەنز ڕووی داوە، وتوویەتی "بە خۆشحاڵییەوە ئەو ڕووداوە زیانی مرۆیی و ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە".

کەمالوەند وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوەی ئاشکرا نەکردووە و وتوویەتی دوای لێکۆڵینەوەکان هۆکاری ڕووداوەکە ڕادەگەیێنین.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی شەوی ڕابردوو (شەممە) لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو: چەند مانگ پێش ئێستا دوژمن ناوەندی پێکەوەبەستنی ئامێرەکانی دەرکردنی تەقاندەوە. بەڵام ڕانەوەستاین و ناوەندێکی ترمان بە شێوەی کاتیی کردەوە. ئێستا لەناو دڵی چیاکان و لەنزیک نەتەنز بە شەو و ڕۆژ کار دەکەین و ناوەندە هەستیارەکان دەبەینە ناو چیاکان و هیوادارین ئەو ناوەندانە بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە ببن و ئەو دامەزراوانە بگوازینەوە بۆ ئەوێ".

ڕۆژی شەمە ١٠ی نیسان لە ڕۆژی نیشتمانیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران، بە فەرمانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ئامێرە نوێکانی دەرکردن لە ناوەندی پیتاندنی یورانیۆم لە نەتەنز دەستیان بە کار کرد و ئامێری دەرکردنی IR-9 بۆ یەکەم جار تاقی کرایەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین