خامنەیی گلەیی لە حەماس دەکات ئێران

نوچەنێت:

ئاژانسی رۆیتەرزدا بە گێڕانەوە لە سێ بەرپرسی ئێرانی، عەلی خامنەیی لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئاگاداریانی کردۆتەوە، کە تاران بەشداری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناکات.

رۆژی چوارشەممە (15/ تەشرینی دووەم/ 2023) یۆرۆنیوز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دیدارێکدا لە سەرەتای ئەم مانگە، لە نێوان ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە تاران، خامنەیی گلەیی لە هەنیە کردووە، کە بۆچی پێشتر لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل ئاگاداریان نەکردوونەتەوە. هەروەها لە درێژەی دیدارەکەیدا بە هەنیەی گوتووە، بڕیار نییە ئێران بچێتە ناو ئەم شەڕە.  

بەرپرسانی باڵای ئێران و حەماس کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، خامنەیی لەم دیدارەدا لەگەڵ ئیسماعیل هەنیە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کۆماری ئیسلامی لە رووی سیاسی و ئەخلاقییەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی حەماس، بەڵام راستەوخۆ دەستوەردان لەم شەڕە ناکات.

هەروەها بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەو دیدارەدا خامنەیی فشاری خستۆتە سەر هانیە بۆ ئەوەی ئەو دەنگانەی لە فەلەستین هەیە بێدەنگ بکات، کە داوای دەستوەردانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنان دەکەن لەم شەڕەدا.

پێدەچێت حزبوڵڵای لوبنان تەنانەت ئاگاداری هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نەبووبێت و دوای دەستپێکردنی شەڕەکە ئاگادار بووەتەوە. سێ سەرچاوەی نزیک لەم گرووپە لوبنانییە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، چەکدارانی حزبوڵڵا تەنانەت لە گوندەکانی نزیک لە هێڵی پێشەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبوون و هیچ حاڵەتێکی ئامادەباشی سەبارەت بەم گرووپە نەبووە.

یەکێک لە فەرماندەکانی حزبوڵڵا لەو بارەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: دوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە رووداوەکە ئاگادار بووینەوە.

رۆیتەرز لە زاری شەش بەرپرسی شارەزا کە بە گوێرەی ئەم ئاژانسە، ئاگاداری بیرکردنەوەی تارانن، رایگەیاندووە، کە ئێران راستەوخۆ دەستوەردان لەم ململانێیە ناکات مەگەر ئەوەی راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە هێرشی بکرێتە سەر. هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دەسەڵاتدارانی ئێران بەنیازن بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی هاوپەیمانە چەکدارەکانیان لەوانە حزبوڵڵا، بۆ بە ئامانجگرتنی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە بەردەوام بن.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین