60 وڵاتى جیهان ڤاكسینیان ده‌ستناكه‌وێت تەندرووستی

نوچه‌نێت

ڕەنگە نزیکەی ٦٠ وڵاتی جیهان، بە تایبەت هەندێ لە هەژارترین وڵاتان، ڤاکسینیان دەست نەکەوێت یان بۆ قۆناغی دووەمی ڤاکسینەکردن تووشی کێشە بن، چونکە هەموو ئەو ڕێگاکانی هەناردنی ڤاکسین کە بەرنامەی جیهانی یارمەتیدان بەو وڵاتانە پێشتر پێشبینی کردبوون، لە ئێستادا داخراون و لەوانەیە تا مانگی حوزەیران بە داخراوی بمێننەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتێکی رویته‌رز بڵاوی کردەوە، "کۆڤاکس" کە سیستەمێکی داڕێژراوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ دابەشکردنی دادوەرانەی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە وڵاتی هەژار، هەفتەی ڕابردوو ڕۆژێک دوو جار و هەر جار ٢٥ هەزار دۆز ڤاکسێنی بۆ وڵاتانی کەم داهات ناردووە، بەڵام لە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە ڕادەستکردنی ئەو ڤاکسینانە ڕاوەستاوە. 
بە پێی زانیارییەکانی یۆنیسف، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن دۆز ڤاکسینی کۆڤاکس بە مەبەستی هەناردن بۆ ٩٢ وڵات ئامادە کران. ئەو ڕێژەیە بەرانبەرە لەگەڵ ڕێژەی ئەو ڤاکسێنانەی لە وڵاتی بەریتانیا کوتراون. 
سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕەخنەی لە هەبوونی نابەرابەری و ناهاوسەنگییەکی زۆر ناخۆش لە ڕەوتی ڤاکسیناسیۆنی جیهانیی گرت. تدروس ئەدهانوم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی جیهانیی، وتی لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەوڵەمەند لە هەر چوار کەس یەک کەس ( ٢٥٪ی کۆی دانیشتوان) ڤاکسێنی وەر گرتووە، لە وڵاتانی هەژاردا لە هەر ٥٠٠ کەس یەک کەس ڤاکسێنی بۆ کوتراوە. 
کەمبوونی ڤاکسین لەو وڵاتانەدا زیاتر بەهۆی بڕیاری دەوڵەتی هیند سەبارەت بە مۆڵەتنەدان بە هەناردەکردنی ڤاکسینی کارخانەی "ئەنێستیتۆی سرم" کە زیاترین ڕێژەی ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەرهەم دێنێت. کۆڤاکس چاوەڕوانی دەکرد بۆ نزیکەی یەک لە سێی جەماوەری جیهان، لە ڤاکسینی ئەو کارخانە کەڵک وەربگرێت. 
جێگای ئاماژەیە کۆڤاکس تەنیا مۆڵەتی هەناردەکردنی ئەو ڤاکسینانەی پێ دەدرێت کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی ڕێگایان پێ دەدات.  


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین