دوو هاوڵاتی ئەمریکی بەتۆمەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران سزادەدرێن ئێران

نوچەنێت:

دادگایەک لە ئەمریکا دوو هاوڵاتی ئەم وڵاتەی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران بە پاڵاوگەکانی چین و ساختەکردنی بەڵگەنامە و سپیکردنەوەی پارە بە تاوانبار ناساند.

رۆژی شەممە (18/ تەشرینی دووەم/ 2023) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا بەیاننامەێکدا رایگەیاند: ژنیۆ وانگ لەگەڵ دانیل ری لین، لە شارەکانی داڵاس و مەک کینی ویلایەتی تەکساس، هەوڵیانداوە بە شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتی ئێران، فرۆشتوویانە بە پاڵاوگەیەک لە چین و کاری سپیکردنەوەی پارەیان ئەنجامداوە.

ئەم دوو کەسە کە هەردووکیان 42 ساڵەن بەلایەنی زۆرەوە 45 ساڵ سزای زیندانی کردن بەسەریاندا دەسەپێندرێت بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و سپیکردنەوەی پارە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە درێژەدا دەڵێت، ئەو دوو کەسە لە ساڵی 2019 و سەرەتای 2020دا بەشدارییان لە پیلانگێڕییەکدا کردووە بۆ کڕینی نەوت لە ئێران.

هەروەها لە راپۆرتە نوێیەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکادا ئەم بابەتە پشتڕاست کراوەتەوە و باس لەوە کراوە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکەیان کردووە.

داواکاری گشتی ناوچەی رۆژهەڵاتی پێنسێلڤانیا لەو بارەوە رایگەیاند "تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بە پێشێلکردنی راستەوخۆی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایان پێشێل کردووە. پیلانگێڕی بۆ پێشێلکردنی سزاکان و ئەنجامدانی سپیکردنەوەی پارە لەم پرۆسەیەدا تاوانێکی جددی و قبووڵنەکراوە".
سەرچاوە: رادیۆفەردا 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین