دیمیتری پسکۆڤ: مۆسکۆ پەیوەندییە تەکنیکی و سەربازییەکانی لەگەڵ تاران فراوانتر دەکات ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی کۆشکی کرملین، لە کاردانەوە بە بانگەشەی کۆشکی سپی سەبارەت بە دابینکردنی مووشەکی بالیستیکی ئێرانی بۆ رووسیا دەڵێت، کە مۆسکۆ پەیوەندییە تەکنیکی- سەربازییەکانی لەگەڵ تاران فراوانتر دەکات.

لە رۆژی چوارشەممە (22/ تەشرینی دووەم/ 2023) ئیرنا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، کە بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دیمیتری پسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی ئەو بانگەشەیەی جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تاران فراوانتر دەکەین، لەوانەش لە بواری هاوکاری تەکنیکی- سەربازی، بەڵام لەبارەی ئەم زانیارییە رای خۆمان ئاشکرا ناکەین.

کێربی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کە ئەمریکا رەوشی نێوان ئێران و رووسیا چاودێری دەکات و بەو شێوەیەی کە پێویست بێت رێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر.

رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاران ژمارەیەکی بەرچاوی درۆن، بۆمب و تۆپخانەی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە و رەنگە بیر لە گواستنەوەی مووشەکی بالیستیکی بۆ ئەو وڵاتە بکاتەوە.

ئەمریکا پێشتر نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕیبوو و ئەم کارلێککردنە بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت.

سەرچاوە: ئیرنا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین