ئۆكرانیا چاوى لە هاوكارى توركیایە بۆ دووربارەكردنەوەى ئەزموونى هەرێمى قەرەباخ بەرامبەر رووسیا شیکاری

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

٣٠ مانگى ئادارى رابردوودا سەرۆك ئەركانى سوپاى ئۆكرانیا رایگەیاند بە پاساوى مەشقى سەربازى رووسیا هێزەكانى لەسەر سنوورى ئۆكرانیا بڵاوكردۆتەوە، ئەوەش جارێكى تر بووە هۆى ئاڵۆزى لە نێوان ئۆكرانیا رووسیا دروست ببێتەوە، ئەو جارەیان توركیاش هاتۆتە ناو ئەو هاوكێشەیە، بەهۆى رێڕەوى ئاوى، كە دوو كەشتى ئەمریكى داوایان كردووە بە توركیا دا تێپەڕن.

ململانێكانى ئێستاى رووسیا و ئۆكرانیا دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ئازارى (٢٠١٤).  رووسیا ناوچەى كریمیاى ئۆكرانیاى خستە سەر خاكى خۆى، ئەو هەنگاوەى رووسیا بووە هۆى ناكۆكیەكى گەورە لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا، لەبەرامبەردا وڵاتانى رۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا چەندین سزایان خستە سەر رووسیا.


سەردانى سەرۆكى ئۆكرانیا بۆ توركیا
 

ماڵپەڕى(ئەنادۆڵ) بڵاوى كردەوە رۆژى شەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكى سەرۆككۆمارى ئۆكرانیا گەیشتە ئیسته‌نبوڵ، دواى كۆبوونەوەى هەردوو سەرۆك، رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆنگرەیەكى رۆژنامەنووسى لەگەڵ هاوتا ئۆكرانییه‌كه‌ى بەست، لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیە رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختى لەوە كردەوە، توركیا بە هەموو هێزییەوە بەرگرى لە سەروەرى و یەكێتى خاكى ئۆكرانیا دەكات.
لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان گوتى" پێویستە چارەسەرى قەیرانى رۆژهەڵاتى ئۆكرانیا بە رێگەى ئاشتیانە و دیپلۆماسیانە بێت، لەسەر بنەماى یاساى نێودەوڵەتى و یەكێتى خاكى ئۆكرانیا".
لە بەشێكى ترى قسەكانى دا گوتى" هیواخوازین لە نزیكترین كات لە رێگەى گفتوگۆ لەسەر بنەماى رێككەوتنى(مینسك) كۆتایى بە ئاڵۆزییەكانى رۆژهەڵاتى ئۆكرانیا بێت"
هەروەها جەختیشى لەسەر ئه‌وە كردەوە، كە پێویستە نێردەى ئەوروپى تایبەت بە ئۆكرانیا ئەركى چەپاندنى ئاشتى بێت، لە ناوچەى دونباس لە رۆژهەڵاتى ئۆكرانیا.
سەبارەت بە ئامانجى توركیا روونى كردەوە، كە ئامانجى سەرەكى توركیا ئەوەیە ئارامى و سەقامگیرى و هاوكارى لە دەریاى رەش بەردەوام بێت.
سەبارەت بە هاوكارى نێوان توركیا لەگەڵ ئۆكرانیا رایگەیاند، بەهیچ جۆرێك هاوكارى توركیا لەگەڵ ئۆكرانیا دژى لایەنى سێیەم نیە"
 

هاوكارى توركیا دژى لایەنى سێیەم نییە


هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیە، جەختى لەسەر باشتركردنى ژیانى دانیشتوانى تەتارى كریمییا كردەوە، كە ناچاربوون نشتیمانى خۆیان جێبهێڵێن، كە ئەوەش بۆ توركیا بەرپرسیاریەتى مێژوویى و مرۆییە.
هەروەها لە بەشێكى ترى قسەكانى بۆ لایەنى ئۆكڕانى ئاماژەى بەوە دا پاڵپشتى"كریمییا" كە ئامانجى ئۆكرانیایە لە رێگەى یەكخستنى كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ ئەو نیمچە دورگەیە.
سەبارەت بە پرۆژەكانى توركیاش لەو ناوچەیە ئاشكراى كرد" توركیا پرۆژەى دروستكردنى نیشتەجێبوون و مزگەوتى تەتەرەكانى كریمییا هەیە".
(توركیا پرۆژەى نیشتەجێبوون و دروستكردنى مزگەوتى هەیە لە بۆ تەتەرەكانى كریمییا)
سەبارەت بە پەیوەندى دوو لایەنەش گوتى" هەر دوو وڵات هاوبەشیان بەهێز دەكەن بە بۆنەى كۆبونەوەى ئەنجومەنى ستراتیژى لە سەر ئاستى باڵا، كە ئیسته‌نبوڵ میواندارى دەكات.
سەبارەت بە ئاستى بازرگانیش رایگەیاند متمانەم هەیە كە ئاستى بازرگانى ساڵانە لەگەڵ ئۆكرانیا لە رێگەى رێككەوتنى بازرگانى ئازاد بگاتە (١٠) ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە په‌یوەندیشیان لە بوارى گەشتو گوزار  ئەردۆغان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، كە توركیا لە چوارچێوەى (پرۆگرامى بینینى گەشتێكى ئارام) باشترین سیستەمى هەیە بۆ میواندارى  بەهەموو جۆرێك لە هەر مەترسیەكى تەندروستى دووریان دەخاتەوە.
سەبارەت بە داهاتووش رایگەیاند"هەردوو وڵات"مینبەرێكى تازە"یان داناوە  (٢+٢)كە وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى هەردوو وڵات بەشدارن بۆ بەهێزكردنى هەماهەنگى هەردوو لا.
لە كۆتایى قسەكانى ئەردۆگان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، كە پیشەسازى بەرگرى رەهەندێكى گرنگە لە پەیوەندى دوولایەنە لەگەڵ ئۆكرانیا.


پیشەسازى بەرگرى دوولایەنە رەهەندێكى گرنگى ئۆكرانیا و توركیایە

دوێنێ شەممە توركیا و ئۆكرانیا لە چوارچێوەى كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى باڵاى نێوان هەردوو وڵات، ژمارەیەك رێككەوتنى دوولایەنەیان واژۆكرد.
هەر دوێنێ سەبارەت بە كۆبوونەوەى دوولایەنە، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، بەیاننامەكە لە ماڵپەڕى(ئەنادۆڵ) بڵاوكراوەتەوە، كە بەیاننامەى كۆتایى ئەنجوومەنى ستراتیژى توركیا - ئۆكرانیایە كە لەسەر ئاستى باڵا بە سەرۆكایەتى رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤۆلۆدیمیر زیلینكسى لە شارى ئیسته‌نبوڵ بەسترا، لەو بەیاننامەیەدا هاتووه‌:
"رۆژى شەممە توركیا و ئۆكرانیا رێككەوتن لەسەر بەردەوامى هەماهەنگى بۆ هەنگاونان بە ئامانجى گێڕانەوەى خاكى ئۆكرانیا، كە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دانى پێدانراوە، بەتایبەت هەروەها ئازادكردنى كۆمارى كریمیا كە خاوەن حكومى زاتیە، شارى سیفاستۆبۆڵ، هەردوو ناوچەى دونیتسك و لوهانسكى داگیركراو".
لەو چوارچێوەیە "رێككەوتن لەسەر بەردەوامى پاڵپشتى هەوڵە فرە لایەنەكانى رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجوومەنى ئەوروپا، رێكخراوى ئاسایش و هاوكارى لە ئەوروپا".


دەربارەى پاڵپشتى" مینبەرى كریمیا" وەك دەستەواژەیەكى نوێ بۆ چارەسەرى خستنە پاڵى نایاسایى و ناڕەوا بۆ نیچمە دوورگەى كریمیا لە لایەن یەكێتى رووسیاوە، روونى كردەوە "سەرەڕاى پاڵپشتى زیادبوونى هەوڵە هاوبەشەكان بۆ باشتركردنى دۆخى ژیانى هاونشتیمانانى ئۆكڕانى، بەتایبەت تەتەرەكانى كریمیا، كە ناچاركراون دواى داگیركردنى كاتى نشتیمانى خۆیان بەجێ بهێڵن، پاڵپشتى هەموو هەوڵێكى چارەسەرى دەكەین".
هەروەها "هەردوولا رێككەوتن لەسەر هەماهەنگى بەگوێرەى یاساى نێودەوڵەتى و ئازادكردنى سەرجەم هاونشتیمانانیانى ئۆكڕانى لەوانەش تەتەرەكانى كریم، بە نایاسایى دەستگیركراون لە كۆمارى كریمیا، كە خاوەن حكومى زاتى و شارى سیفاستوبوڵ، كە لە ژێر داگیركارین".
سەبارەت بە چارەسەریش" پاڵپشتى خۆیان بۆ چاسەركردنى كێشەكان دەربڕى لە رێگەى گفتوگۆ لە هەردوو ناوچەى "دونیتسك و لۆهانسك"ى ئۆكڕانى، لەسەر بنەماى رێككەوتنى"مینسك" ئەو جگە لە بەردەوامى پاڵپشتى كارەكانى نێردەى تایبەتى چاودێرى ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا، كە سەر بە رێكخراوى ئاسایش و هەماهەنگیە لە ئەوروپا".
لەبەشێكى ترى ئەو بەیاننامە هاتووە" هەردوولا جەختیان لەسەر رێككەوتن كردۆتەوە لەسەر زیادكردنى هەوڵە هاوبەشەكانى هەردوولا بۆ قوڵكردنەوەى هاوكارى و هەماهەنگى لە بوارى ئابوورى و بازرگانى و گەشتوگوزار و ئاسایش و پیشەسازى بەرگرى و زانست و فێركردن".
هەروەها "توركیا و ئۆكرانیا جەختیان لەسەر بەهێزكردنى هاوكارى یەكتر پێكەوە بوون كردەوە، لەسەر نەهێشتنى تیرۆر و جوداخوازى و توندڕەوى بە هەموو جۆرەكانى".
سەبارەت بە سنووربەزاندیش" هەردوولا جەختیان كردووه‌ته‌وه‌ لەسەر بڕیارى گرتنەبەرى رێوشوێنى هاوبەش بۆ رێگرى لە قەدەغەكردنى تاوانى رێكخراو بۆ سنوور بەزاندن و تاوانى ئەلیكترۆنى، كۆچى نایاسایى و مادە هۆشبەرەكان و چەك و بازرگانى بە مرۆڤ، هەروەها چارەسەرى خێراى رادەستكردنى تاوانبارانى هەردوو وڵات"
جەختیشیان لەسەر" پابەندبوون بە بەردەوامى گەشەپێدانى هاوكارى لە بوارى پیشەسازى بەرگرى و پلاندان بۆ پرۆژە نوێیە هاوبەشەكان كرد، لە رێگەى تەواوكردنى پرۆژەكانى كە لەنێوان توركیا و ئۆكرانیا هەیە".
هەر لەو بەیاننامەدا ئاماژە بە" پەلەكردن لە بڕیارى كۆتایى دانووستانى بازرگانى ئازادكراوە، كە لە چوارچێوەى لێكتێگەیشتنى دوولایەنە و هەڵوێستى بنیاتنەرانە كراوە".
بڕیاریش درا" رێوشوێنى پێویست بگیرێتە بەر بۆ لادانى بەربەستەكانى وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكانى هەردوولا، لەگەڵ هاندانى وەبەهێنانى تازە و ئاسانكارى رێكارەكانى هاتنە ناوەوە و بەردەوامى لە باشتركردنى پەڕینەوەى سنوورەكان و هاندانى گەشتوگوزارى دوولایەنە".
هەروەها هەردوولا" بڕیاریان دا پابەند بە هاوكارى و هەماهەنگى لە هەوڵەكانیان بۆ پاڵپشتى چالاكیەكانى فێركردن بۆ وەقفى مەعارفى توركى و رێگرى لە بڵاوبوونەوەى پەتاى كۆڕۆنا".
لە كۆتایى بەیاننامەكە هاتووە" جەختیان لەسەر پاڵپشتى دیدى ناتۆ كردۆتەوە بۆ چۆنیەتى گەیشتن بە ئەنجامى ناتۆ، بەتایبەت نیازێك هەیە لە گەیشتن بە پلانى كارى ئەندامبوون لەو نزیكانە و راگەیاندنى پاڵپشتى بەشدارى لە بەگەڕخستنى هێزەكانى ئەلینیا بۆ هێزە چەكدارەكانى ئۆكڕانى لەگەڵ(هێزەكانى هاوپەیمانان) و بەرزكردنەوەى ئاستى هەماهەنگى لە چوارچێوەى پاڵپشتى ئاساییش و سەقامگیرى ناوچەى دەریاى رەش لە رێگەى میكانزمى دوولایەنە و لایەنە جۆراوجۆرەكانى تر لەوانەش ناتۆ".
 

كاردانەوەى ناوخۆى توركیا


لەسەر ئاستى ناوخۆى توركیا وەزیرى دەرەوەى پێشووترى توركیا هۆشدارى دادەته‌ توركیا بەرامبەر بەرژەوەندى ئۆكرانیا.
لەو بارەوەیە ماڵپەڕى(ئارتى) لە هەواڵێكدا بڵاى كردەوە" یاشار یاكیش وەزیرى دەرەوەى پێشووترى توركیا رایگەیاندووە باشترین سیاسەت بۆ توركیا لە پرسى پەیوەست بە خراپ تێگەیشتنى نێوان رووسیا و ئۆكرانیا بێلایەنیە"
گوتیشى"دەبێ توركیا لەو پرسە بێلایەن بێت، خۆى نەداتە پاڵ هیچ لایەك، بەڵكو پێویستە لە ئاستێك لە نێوان هەردوو وڵات بوەستێت، لە هەمان كات توركیا دەتوانێت نێوەندگیرى لە نێوان هەردوو لایەن بكات"
سەبارەت بە سەردانى رۆژى شەممە زیلینسكى سەرۆكى ئۆكرانیا، گوتى" پێویستە ئەو رووداوە بە شتێكى ئاسایی دابندرێت لە سۆنگەى بەرەو پێشچوونەكانى نێوان هەردوو وڵات" هەروەها "پێویستە لەسەر بەرپرسانى توركیا لەو سەردانەى سەرۆكى ئۆكرانیا زیانیارى زیاتر دەربارەى دۆخى دونباس بەدەستبهێنن، بۆ زانینى دیدى زیلینسكى"، جەختیشى لەسەر ئەوە كردەوە" پێویستە توركیا خۆى لە دیاریكردنى هەڵوێستى خۆى بپارێزێت بۆ لایەنێك لەو دوو لایەنە ناكۆكە". 
سەبارەت بە هاوكارى سەربازى نێوان هەردوولاش ئاماژەى بەوە كرد" پێویست ناكات هاوكارى سەربازى تێكەڵ بەو پرسە بكرێت، هاوكارى لە بوارى پیشەسازى بەرگرى لە نێوان و ئۆكرانیا هەیە، بە هەمان شێوە لە هاوكارى بوارى بەگرى لەگەڵ رووسیا و وڵاتانى تریش هەیە، كە ئەوەش هاوكارییەكى سوود بەخشە بۆ هەردوولا".

بەشدارى ئەمریكا 


ماڵپەڕى(حوڕە) هەواڵێكى بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانى(لەسەروبەندى ناكۆكى رووسی ئۆكڕانى یەكەم پاڵپشتى پەڕینەوەى دوو كەشتى جەنگى بۆ دەریاى رەش)، لەو هەواڵە هاتووه‌، "رۆژى هەینى وەزارەتى دەرەوەى توركیا رایگەیاند "بەهۆى ناكۆكیەكانى نێوان رووسیا و ئۆكرانیا ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا دوو كەشى بەرێگەى گەرووى بۆسفۆڕ رەوانەى دەریارەى رەش دەكات" 
سەرچاوەیەكى لە وەزارەتى دەرەوەى توركیا رایگەیاند" بەر لە ١٥ رۆژ لە رێگەى دپلۆماسیەوە بە گوێرەى پەیماننامەى"مۆنترۆ" ئاگاداركراینەوە، كە دوو كەشتى جەنگى ئەریكى بەڕێگەى بە توركیا بەرەو دەریاى رەش دەپڕەنەوە، دەربارەى كاتى پەڕینەوە سەرچاوەكە ئاشكراى كرد لە ١٤ و ١٥ى مانگى نیسان ئەو دوو كەشتیە بە ئاراستەى پێچەوانە دەڕۆن"
هەڵوێستى ئەمریكا 
ماڵپەڕى(ئەلقودس لعەرەبى) راپۆرتێكى بەناونیشانى (پنتاگۆن هۆشدارى دەداتە رووسیا لە بڵاوكردنەوەى هێزەكانى لەسەر سنوورى ئۆكرانیا)بڵاو كردەوە، لەو راپۆرتە هاتووه‌: رۆژى هەینى رابردوو "جۆن كیربى وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى ئەمریكا  (پنتاگۆن) رایگەیاند"  لە چەند رۆژى رابردوو  زۆرترین ژمارەى سەربازى ناردۆتە سەر سنوورەكانى ئۆكرانیا، كە لە (٢٠١٤)بۆ یەكەم جارە ئەو ژمارەیە رەوانە بكات" 
لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى" رووسیا بەروونى نیەتى خۆى دەرنەخستووە،  ئەو كۆكردنەوەیە (لەسەر  سنوورى ئۆكرانیا) مایەى دڵەڕاوكێیە، هەنگاوێكە خزمەتى سەقامگیرى ئەو ناوچەیە ناكات" 
لە بەشێكى ترى ئەو راپۆتە هاتووە: ویلاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا ئەو هەڕەشانەى توركیا لەو ناوچەى دروستكردنى كردووە، بە هەندى وەرگرێت.
سەبارەت بە بوونى سەبارزانى ئەمریكا كە گوێزراونەته‌وە بۆ دەریاى رەش، وتەبێژى بنتاگۆن رایگەیاند" ئەو رەوانەكردنە بە هەماهەنگى لەگەڵ توركیا بووە، لە چوارچێوەى رێككەوتنى"مۆنترۆ" كە تایبەت بە رێكخستنى رۆیشتن بەو گەرووانە".
لە لایەكى ترەوە ماڵپەڕى (جزەیرە) لە راپۆرتێكیدا بەناوى (واشنتن و لەندەن پاڵپشتى دەكەن ئەردۆغان هیواخوازە بە ئاشتى چارەسەر بكرێت) وەزارەتى درەوەى ئەمریكا رایگەیاند" ئەنتۆنى بلینكن وەزیرى دەورەوەى ئەمریكا لەگەڵ دۆمینیك راب بە تەلەفۆن جەختیان لەسەر پاڵپشتیان بۆ ئۆكرانیا كردۆتەوە، لەبەشێكى ترى قسەكانیان جەختیان كردەوە، كە دەبێت مۆسكۆ دەستبەجێ كۆكردنەوەى و سەربازى و گوتارى هاندانانى بووەستێنێت").


ئەگەرى دووبارەبوونەوەى سیناریۆى هەرێمى قەرەباخ ــ ئازه‌ربایجان


ماڵپەڕى(جەزیرە) راپۆرتێكى بڵاوكردۆتەوە بەناونیشانى"رووسیا هێزەكانى لەسەر سنوورى ئۆكرانیا بڵاو دەكاتەوە... چى تازە هەیە؟ فاكتەرەكانى زیادبوونى ئاڵۆزى چین؟
خاڵى چوارەمى ئەو راپۆرتە بەناونیشانى"هەماهەنگى لەگەڵ توركیا"  كە تێیدا ئاماژە بەوە دەكات "هەماهەنگى سەربازى و ئەمنى و تەكنیكى توركیا و ئۆكرانیا گەیشتۆتە ئاستى (ستراتیژى) كە لە مێژووى پەیوەندى دوولایەنە بەو جۆرە نەبوو، بەو هۆیەوە توركیا بۆتە سەرچاوەى سەرەكى فرۆكەى بێفرۆكەوان بۆ سوپاى ئۆكڕانى، ئەو هاوكارییەى توركیا لە جەنگى ئازادكردنى قەرەباخ پێشكەشى ئازه‌ربایجانى كرد، بەو دواییە ئەوەى لاى ئۆكرانیا دروستكردووە، هەمان سیناریۆ پەیڕەو بكات ئەگەر بەشێوەیەكى لاوەكیش بێت بۆ گێرانەوەى خاكەكانى هەرێمى دونباس كە لە دەرەوەى دەسەڵاتى خۆیەتى".


ئۆكرانیا هەوڵى دووبارەكردنەوەى ئەزموونى ئازربایجان دەدات


سەبارەت بە هەڵوێستى رووسیا لە راپۆرتەكە هاتووە" رووسیا هۆشدارى داوە لە جێبەجێكردنى ئەو بژاردەیە، بەڵام ئەو سیناریۆیە لە دۆسە سیاسى و بەرگریەكانى ئۆكرانیا بەردەوام باس دەكرێت"

هەڵوێستى ئەوروپا 
سەبارەت بە هەڵوێستى ئەوروپاى پاڵپشت بۆ ئۆكرانیا، لە خاڵى سێیەمى راپۆرتەكەى(جەزیرە) هاتووە" هەڵوێستى پاڵپشتى ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا پاشەكشەى كردووە، بەهۆى بەرژەوەندییەكان، كە لەو نێوەندە رۆڵى گەورە لەو كارە دەبینن"
پیتەر دیكنسۆن پسپۆڕى كاروبارى ئۆكرانیا لە ئەنجوومەنى ناتۆ دەڵێت، " ئاشكرایە ئەمرۆ ئەڵمانیا گرنگى بە تەواوكردنى پرۆژەى (نۆرد ستریم٢٢) دەدات، بۆ گواستنەوەى  گازى رووسى بەشێوەى راستەوخۆ، بە دەر لە لێكەوتە سیاسى و ئەمنیەكانى"
لە بەشێكى ترى قسەكانى دەڵێت" ئەڵمانیا و فەڕەنسا گرنگى دەدەن بە باشتركردنى پەیوەندیەكانیان لەگەڵ رووسیا و هەنگاو هەنگاو بۆ سروشتى خۆى، لە سایەى ئەوە گڵۆپى سەوز ئاماژەى زیاترە، پاڵ بە پۆتینەوە دەنێت بۆ چاوبڕینى زیاترى لە ئۆكرانیا"
هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات"دوور بەر لە ئێستا پوتین گفتوگۆى لەگەڵ میكڵ و ماكرۆن ئەنجامداوە، بەبێ زیلینسكى، ئەوەش ترسى دوورخستنەوەى ئۆكرانیاى بۆ پەراوێزى پرۆسەى ئاشتى لە چوارچێوەى "چوار لایەنەى نۆمارندى" كە پێكهاتبوو لە (ئۆكرانیا و رووسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا) بۆیە پێمانوایە: زۆربەى كەسایەتیە گەورەكان لەگەڵ چۆنیەتى داواكردنى پێدانى رۆڵى زیاترن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، لە ناوخۆ، یاخود دەرەوەى چوار لایەنە"
(ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەهۆى بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ رووسیا پشتیان لە ئۆكرانیا كرد)


پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان ئەردۆغان و پوتین


ماڵپەڕى  ئارتى لە هەواڵێكى دا بڵاوى بەناونیشانى( پوتین لەگەڵ ئەرۆدغان ئۆكرانیا و دەریاى رەش و سووریا و لیبیا و قەرەباخ و پێكوتەى "سپوتنیك V"ى رووسیان تاوتوێكرد)
لەو هەوڵەدا هاتووە كۆشكى كرملین لە بەیاننامەیەكدا بڵاوى كردەوە  پۆتین رۆژى یەكەم  شەمە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆكى توركیا باسیان لە پرسە نێودوڵەتییەكان و دوولایەنەكان كرد.
لە بەشێكى ترى هەواڵەكە دا هاتووە" پوتین دیدى سیاسى رووسیاى بۆ چارەسەرى ناكۆكیەكانى ئۆكرانیا بۆ ئەردۆغان خستۆتەروو، جەختى لەسەر گرنگى رێككەوتنى واژۆكراوى مینسك كردووە، كە لە (٢٠١٥) وەك بنەمایەك چارەسەرى قەیرانى ئۆكرانیا داندراوە، كە هیچ جێگرەوەیەكى ترى نییە" لە بەشێكى ترى بەیاننامەكە هاتووە" لایەنى رووسى لە دڵەڕاوكێدایە بەرامبەر خۆدزینەوەى ئۆكرانیا لە جێبەجێكردنى پابەندیەكانى بەگوێرەى رێككەوتنى منسیك و دەستپێكردنەوەى چۆنیەتى سەركێشیە مەترسیدارەكانى كە ئامانجى گەیشتنە بە هێڵى دیاریكراوە.
سەبارەت بە كەرتكردنى" كەناڵى ئیستنبوڵ" لایەنى رووسى جەختى لەسەر پارێزگارى لە سیستەمى ئێستاى پەڕینەوە  بە گەرووەكانى دەریاى رەش كردووه‌ته‌وه‌، بەگوێرەى رێككەوتنى واژۆكراوى (١٩٣٦) بۆ دەستبەركردنى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەیى.


هەنگاوى ناتۆ و كاردانەوەى رووسیا 


ماڵپەڕى(بی بى سى)  راپۆرتێكى بەناوى (رووسیا هۆشدارى دەداتە ناتۆ لە رەوانەكردنى هێز بۆ ئۆكرانیا) بڵاوى كردەوە، لەو راپۆرتە هاتووە: بەرپرسێك لە هاوپەیمانى ناتۆ بە ئاژانسى هەواڵى(رۆیتەرز)ى راگەیاندووە، "رووسیا هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەى ناكۆكییەكان لە رۆژهەڵاتى ئۆكرانیا تێكدەشكێنێت، جەختیشى لەوە كردەوە رۆژى پێنجشەمە باڵیۆزانى هاوپەیمانى ناتۆ بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بەو  هەوڵانەى رووسیا كۆدەبنەوە" لە بەشێكى ترى قسەكانىدا رایگەیاند" ئەندامانى ناتۆ نیگەرانن لە چالاكییە سەربازییە فراوانەكانى رووسیا لە ناوە و دەوروبەرى ئۆكرانیا"

لە لایەكى ترەوە دیمترى بیسكۆف وتەبێژ بە ناوى كرملین رایگەیاند"رووسیا  رێكارى تر دەگرێتە بەر ئەگەر ناتۆ هەنگاوى لەو شێوەیە بهاوێژێت، هۆشداریشى دا ناتۆ لە ناردنى هێزەكانى بۆ هاوكارى ئۆكرانیا"
 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین