ئەمریکا: بە درۆنی ئێرانی هێرشکراوەتە سەر کەشتیەکی ئیسرائیلی ئێران

نوچەنێت:

پێشتر گوتەبێژی حوسییەکان رایگەیاندبوو، کە دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئیسرائیلدا لە دەریای سووردا گرتووە و ئاراستەی بەندەری ئەلحەدیدەیان لە کەناراوەکانی یەمەن کردووە.

لە رۆژی شەممە (25/ تەشرینی دووەم/ 2023) ئەلعەرەبیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، کە کەشتییەکی بارهەڵگر بە خاوەنداریەتی ملیاردێرێکی ئیسرائیلی، لەلایەن درۆنێکەوە، کە رەنگە ئێرانی بێت لە زەریای هیند هێرشی کراوەتەسەر.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەیتد پرێس" ئەمە دووەم هێرشە بۆ سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، کەشتییە ئاماژەپێکراوەکە کە لەژێر ئاڵای ماڵتادا جوڵەی دەکرد، پێدەچێت لەلایەن درۆنێکی خۆکوژی ئێرانی لە جۆری شاهد-136 کراوەتە ئامانج.

ئەم بەرپرسە بە ئاماژەدان بەوەی "ئەمریکا چاودێری دۆخەکە دەکات". هەروەها هێرشەکە زیانی بەو کەشتییە گەیاندووە، بەڵام هیچ کام لە کارمەندانی کەشتییەکە بریندار نەبوون.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە وەرگرتن لە کەناڵی ئەلمەیادین بڵاویکردووەتەوە "ئێوارەی پێنجشەممە و بەرەبەیانی هەینی رابردوو، لە دەریای مەکران کە دەکەوێتە باکووری زەریای هیندی هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری ئیسرائیلی و ئاگری گرتووە. هەروەها تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشەی بەئەستۆنەگرتووە.

پێشتریش حوسییەکان دووشەممەی رابردوو بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی رایانگەیاند، کە دەستیان بەسەر کەشتی گالاکسی لیدەر لە دەریای سووردا گرتووە. گوتەبێژی حوسییەکان جەختی لەوەکردەوە، کە سەرجەم کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەکرێنە ئامانج.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین