کەسایەتییەکی ئایینی لەئێران بە سێ ساڵ زیندانی کردن سزا دەدرێت ئێران

نوچەنێت:

دادگای تایبەتی رۆحانییەکانی شیراز،لە بڕیارێکدا شەهابەدین حائری شیرازی، مامۆستای ئایینی رەخنەگر و کوڕی ئیمامی جومعەی پێشووی ئەم شارە، بە سێ ساڵ زیندان کردن سزای بەسەردا سەپاند.

ڕۆژی یەکشەممە (26/ تەشرینی دووەم/ 2023) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، شەهابەدین حائری شیرازی، بەتایبەت لە یەک ساڵی رابردوودا رەخنەی لە حوکمڕانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی گرتووە، لە کەناڵی تەلگرامی خۆیدا نووسیویەتی "رۆژی رابردوو چووەتە دادگای تایبەتی رۆحانییەکانی شیراز و حکومی سێ ساڵ زیندانی کردنی پێ راگەیەندراوە.

حائری شیرازی دەشڵێت، کە بەهۆی "تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ دژی رۆحوڵڵا خومەینی" (رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی) بە "دوو ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 15 ملیۆن تمەن" و "گەڕاندنەوەی کەرامەت، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامە بەناوبانگەکانەوە" سزا دراوە. هەروەها لە بەشێکی دیکەی حوکمی دادگای تایبەتی رۆحانی، بە تۆمەتی "چالاکی بانگەشە دژ بە ‌‌‌حکومەت" بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

لەگەڵ ئەو سزایانەی سەرەوەدا، ئەو دادگایە حائری شیرازی بە "قەدەغەکردنی چالاکی لە فەزای ئەلیکترۆنی بۆ ماوەی سێ ساڵ" و "بلۆککردنی کەناڵی تەلگرامەکەی" وەک "ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوان" مەحکوم کردووە.

شەهابەدین حائری کوڕی محی الدین حائری شیرازی، کەسایەتی ئایینی، کە بۆ ماوەی 27 ساڵ، بە فەرمانی رۆحوڵڵا خومەینی و دواتر عەلی خامنەیی، "نوێنەری وەلی فەقی لە پارێزگای فارس و ئیمامی جومعەی شیراز"ی لە ئەستۆ بووە.

ئەم پیاوە ئایینییە رەخنەگرە، روو لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، کە ئەو رێگایەی کە بۆ "داخستنی دەمی رەخنەگران" گرتوویانەتە بەر، رێگایەکی سەلامەت نییە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین