پشكی هەرێم لەو 10 ملیۆن ڤاكسینەی عێراق دەیكڕێ، پارێزراوە تەندرووستی

وەزارەتی تەندروستی:

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوە ئاشكرا دەكات كە عێراق 10 ملیۆن ڤاكسین دەكڕێ و پشكی هەرێمیش تیایدا پارێزراوە. سەبارەت بەو بڕیارەی وەزارەتی تەندروستیش كە بۆ كارئاسانی بۆ گەشتیارانی دەركردووە، دەڵێ بەپێی ئەو بڕیارە تەنها هەندێ رێنمایی گۆڕدراون بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لە شارەكانی عێراقەوە لەرێی فڕۆكەخانەكانەوە دێن، بۆ ئەوانەش لەدەرەوەی هەرێم دێن رێكارەكان هەروەك خۆیەتی.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (نوچەنێت) د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باس لە بڕیارەكەی وەزاتەكەیان دەكات و دەڵێ “بەپێی ئەو برٍیارەی وەزارەت دەریكردووە، تەنها هەندێك لە رێنماییەكان گۆڕدراون، گۆڕانكارییەكانیش بریتیە لەوەی كە ئەو گەشتیارەی لە بەسڕەو لە بەغدا بە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانیدا دێت، ئەوانە پێویستیان بە پشكنین نیە، بەڵكو ئەو 14 رۆژەی كە دەمێنێتەوە، هەر نیشانەیەكی لێدەركەوت ئەوا دەبێ دەزگا تەندروستییەكان ئاگادار بكاتەوە”، بەڵام وتیشی ” بۆ ئەو گەشتیارنەش كە لە دەروازە سنوورییەكانەوە دێن جیاوازە لەوانەی كە لە ناوخۆی عێراقەوە دێنە هەرێمی كوردستان تەنها كەرەنتین بۆ ئەوانە نامێنێت”.

سەبارەت بەوانەش كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە دێنە ناو هەرێم ناوبراو وتی “ئەوانەشی كە لەدەرەوەی هەرێم دێن ئەوا رێكارەكان هەروەكو خۆیەتی”.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای پەتای كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستاندا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا كە “دەتوانین بڵێن دۆخی كۆڕۆنا لەهەرێمی كوردستاندا تاڕادەیەك باش بووە، نەك زۆر باش یان كۆنتڕۆڵ كرابێ،بەڵام لەگەڵ ئەو رێكارانەی كە وەزارەتی تەندروستی كاری لەسەر كردوون بەتایبەتیش داخستنی قوتابخانەكان و یان هەندێ ناوەندو شوێنی تر، رێژەكە  30% كەم بووۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حاڵەتی خراپمان هەر هەیە و رێژەی مردنیش هەیە”.

لەبارەی ڤاكسین و چۆنیەتی سوود وەرگرتنی هەرێمی كوردستان لێیەوە، د. ئاسۆ ئەوەی دووپات كردەوە كە پشكی هەرێم لەو ڤاكسینە پارێزرازوە كە حكوومەتی عێراق دەیكڕێ، ئەوەشی خستەڕوو “دیارە نەك وەزارەتی تەندروستی بەڵكو جەنابی سەرۆكی حكوومەتیش خۆی لەسەر خەتە  چونكە بابەتی ڤاكسین پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە،  بۆ ئەم مەبەستەش پشكی هەرێمی كوردستان لەو ڤاكسینە پارێزراوە كە بڕیارە عێراق بیكڕێ، ئەمەشیان زۆر گرنگە، دیارە ئێمەش وەك وەزارەت درێخی ناكەین لە دابینكردنی ئەو ڤاكسینە یان هەر پێداویستییەك كە بمانەویً”.

وتەبێژی وەزارەت ئەوەی ئاشكرا كرد كە “عێراق 10 ملیۆن ڤاكسین دەكرێت و لەناو ئەو ڤاكسینەی كە عێراق دەیكڕێت پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایەو پارێزراوە، ژمارەكە بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لەو ڤاكسینە دیاری نەكراوە ، تا ئێستا نازانین چەند دێتە هەرێمی كوردستان، 17% یە یان رێژەیەكی ترە ، بەڵام نوێنەری WHO ش ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە دەبێ پشكی هەرێمی كوردستان لەو ڤاكسینە پارێزراوبێت”.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین