توركیا ئامادەیى خۆى بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەربڕى کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ باڵیۆزى تورکیا لە عێراق کۆبوونەتەوە و هەردوولا هاوڕابوونە لەسەر "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان."

ڕۆژى دووشەممە (27/تشرینى دووەم/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ عەلی ڕیزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە پەیامێکى بڵاوکردووە.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنەمان تاوتوێ کرد و جەختمان لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کردەوە."

هەروەها دەشڵێت، تەوەرێکی کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هاوڕابووین لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لە زووترین کاتدا". لەمبارەیەوە باڵیۆزی تورکیا "ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین