سەرۆکی کوبا سەردانی ئێران دەکات ئێران

نوچەنێت:

باڵیۆزی کوبا لە تاران رایدەگەیێنێت، کە سەرۆک کۆماری کوبا لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئێران دەکات.

لە رۆژی دووشەممە (27/ تەشرینی دووەم/ 2023) هەمشەهری ئۆنلاین لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەلبێرتۆ گۆنزالزس کاسالس، باڵیۆزی کوبا لە تاران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: کە سەرۆک کۆماری کوبا لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ئێران دەکات و دەشڵێت "میگل دیاز کانل، بە سەرۆکایەتی شاندێکی پلە باڵای سیاسی و ئابووری، لەسەر بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، دێتە تاران.

باڵیۆزی کوبا لە تاران ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئامادەبوونی ئەم شاندە باڵایە، ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکی باشی نێوان هەردوو وڵات و هیوادارین لەماوەی ئەم سەردانەدا پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان زیاتر لە پێشوو فراوانتر بن.

ئیبراهیم رەئیسی، لە کۆتا مانگی بەهاری ئەو ساڵ لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی کوبا سەردانی ئەم وڵاتەی کرد و لەو سەفەردا میگل دیاز کانلی بۆ سەردانی کردنی ئێران بانگهێشت کرد.

لەم سەفەرەدا، شەش بەڵگەنامەی هاوکاری لە بوارەکانی دادوەری، هاوکاری سیاسی هەمەلایەنە، رسوماتی گومرگی و هاوکاری لە بواری تەکنۆلۆژیای زانیاری لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران و کوبا، واژۆی لەسەر کرا.

پێشتر حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە کارلێکی نێوان ئێران و کوبا رایگەیاندبوو "دوو وڵات پێشەنگن لە پەرەپێدانی لێکنزیکبوونەوەی ناوچەیی، کە دەتوانن دەرفەتی بەشداریکردن لە هاوپەیمانییە پێکهێنراوەکان لە هەردوو لای گۆی زەوی، بۆ یەکتر فەراهەم بکەن و سەرنجی هاوکارییەکان لە بوارەکانی بایۆتەکنەلۆژیا، تەکنەلۆژیا، پزیشکی و وزەیە.

سەرچاوە: هەمشەهری ئۆنلاین

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین