سیناتۆرێکی ئەمریکی داوای تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەکات ئێران

نوچەنێت:

سیناتۆرێکی کۆمارییەکان، جۆ بایدن بە نەرمی نواندن لە بەرانبەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات و داوای تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان لە ئێران دەکات.

ڕۆژی دووشەممە (27/ تەشرینی دووەم/ 2023) بی بی سی فارسی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، تۆم کاتن، سیناتۆری کۆمارییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بە ئاماژە بە هێرشەکانی سەر بنکەکانی ئەمریکا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران داوای "ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان" لە بەرانبەر ئێران دەکات.

بە گوتەی سیناتۆر کاتن، لەو کاتەوەی جۆ بایدن دەستبەکاربووە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران زیاتر لە 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەمریکا تەنیا چەند هێرشێکی سنوورداری دژی پێگەی میلیشیاکان ئەنجامداوە.

کاتن دەڵێت، رێگای راگرتنی ئەم هێرشانە نیگەرانی، خۆپارێزی و مامەڵەی بە وریایی نییە. پێویستە دەست بە رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان بکرێت، بۆ ئەوەی روون بێتەوە، کە ئێمە بەرگەی هێرشکردنە سەر هێزەکانمان ناگرین. بە پێچەوانەوە رەنگە هێرشێکی کوشندە لە دژی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا رووبدات.

ئەو سیناتۆرە دەڵێت "کاتێک هێرش دەکەین، هێرش دەکەینە سەر کۆگا چۆڵەکان. بایدن بەنیازی بریندارکردنی هێزە سەربازییەکانی ئێران نییە".

تۆم کاتن، کە ئەندامی لیژنەکانی هێزە چەکدارەکان و هەواڵگری ئەنجومەنی پیرانە، داوای کرد هێرشی راستەوخۆ بکرێتە سەر هێزەکانی ئێران، وەک هێرش بۆ سەر هێزی دەریایی ئێران و نوقمبوونی پێنج کەشتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی رۆناڵد ریگان.

بە گوێرەی راپۆرتەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەر، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لانیکەم 70 جار کراونەتە ئامانج. لە بەرانبەریشدا ئەمریکا سێ جار هێرشی کردووەتە سەر پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا.

هەروەها هەفتەی رابردوو لە تۆڵەی بە ئامانج گرتنی پێگەیەکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بە مووشەکێکی بالیستیکی کورت مەودا، فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی هێرشی کردە سەر ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەی کە موشەکەکە و تیمەکەی ئاراستەیان کردبوو.

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین