ئێران توانای پیتاندنی یورانیۆمی بۆ چەندین مانگ لە دەست دا ئێران

نوچه‌نێت

بە هۆی تەقینەوەکەی ڕۆژی ڕابردوو لە سیستەمی کارەبای بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێران، ئەو وڵاتە تا چەند مانگی تر توانای پیتاندنی یورانۆمی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە کە نیویۆرک تایمز بە گەڕانەوە بۆ دوو سەرچاوەی زانیاری وتوویەتی بە هۆی تەقینەوەکەی دوێنێ لە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، سیستەمی کارەبای ئەو بنکەیە کە کارەبای ئامێرەکانی دەرکردنی پیتاندنی یورانیۆمی دابین دەکرد بە تەواوەتی لە ناو چووە. دوو بەرپرسی ئەمریکیی و ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە ئیسرائیل لەو ڕووداوەدا دەستی هەبووە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا ئیسرائیلی بە هۆکاری ڕووداوەکەی نەتەنز ناساند و وتی " زایۆنیستەکان دەیانەوێ تۆڵەی ئەو پێشکەوتنانە بکەنەوە کە لە گفتوگۆکان بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆ ستەمکارانەکانی دژی گەلی ئێران هاتوونەتە ئاراوە بەڵام ئێمە ڕێگا بەوە نادەین و تۆڵەی ئەو کارانە لە زایۆنیستەکان دەکەینەوە".

زەریف لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە دوایین وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی هەفتەی ڕابردوو قسەی کردووە.

زەریف وتوویةتی "ئەو کردەوە ترسنۆکانە پێگەی ئێمە لە دانوستانەکاندا بەهێزتر دەکاتەوە و پێویستە لایەنەکان لەوە ئاگادار بن ئەگەر تا ئێستا دامەزراوەکانی پیتاندنی یورانیۆم بە کەڵکوەرگرتن لە ئامێرەکانی نەوەی یەکەمیان دەبینی لە ئێستا بەدواوە نەتەنز دەتوانێ لێوانلێو بکرێ لە ئامێرە پێشکەوتووەکان کە توانای پیتاندنیان چەند هێندەی ئامێرە پێشووەکانە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین