خامنەیی: تێڕوانینمان ئەوە نییە جولەکەکان فڕێ بدەینە ناو دەریا ئێران

نوچەنێت:

رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دیدارێکدا دەڵێت، دیدگای کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە، کە جوولەکەکان فڕێ بداتە ناو دەریاوە.

رۆژی چوارشەممە (29/ تەشرینی دووەم/ 2023) بی بی سی فارسی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەسیجییەکان رایگەیاند: دیدگای کۆماری ئیسلامی ئەوە نییە، کە زایۆنی و جوولەکەکان فڕێ بداتە ناو دەریاوە.

ئەو لێدوانەی رۆژی رابردووی خامنەیی دژ بە دروشمی سەرەکی رۆحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییە، کە داوای "لەناوبردنی ئیسرائیل" دەکات و هاوکات پێچەوانەی قسەکانی پێشووی خۆیەتی، کە دەڵێت "ئیسرائیل 25 ساڵی داهاتووی خۆی نابینێت".

خامنەیی رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا و بلۆکی رۆژئاوا سەبارەت بە قەیرانی ئیسرائیل و فەلەستین دەگرێت و دەڵێت، کۆماری ئیسلامی رازییە بە گشتپرسی لە فەلەستین و بۆچوونی خەڵک هەیە.

رێبەری ئێران کە لە لایەن رۆژئاواوە وەک گرینگترین لایەنگری گرووپە چەکدارەکانی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل دەناسرێت، دوێنێ رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوە کرد، رووداوی مێژوویی گەردەلولی ئەقسا دژی ئیسرائیلە، بەڵام ئەوە (هەروەها) دوورخستنەوەی ئەمریکاشە. گەردەلولی ئەقسا توانی خشتەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە تێکبدات.

بە گوتەی خامنەیی "ئەوان دەیانویست حزبوڵڵا لەناوببەن، لەو پلانە نوێیەی کە هەیانبوو، حزبوڵڵا دە هێندە بەهێزتر بوو. ئەوان دەیانویست عێراق قووت بدەن، بەڵام نەیانتوانی. ئەوان دەیانویست دەستبەسەر سووریادا بگرن لە رێگەی هێزە بەوەکاەتەکانیانەوە بە ناوی داعش و جەبهەت نوسرە و لەم شێوازانەیان خستە گیان حکومەتی سووریا.

موجتەبا نەجەفی، شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکانی ئێران بە بی بی سی فارسی راگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە تا دەتوانێت ئەو گرژییەی ئەم دواییە "کۆنترۆڵ" بکات و رێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی و ئەو جۆرە لێدوانانەش لەلایەن خامنەیی یان بەشێکی دیکە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، کە دەکرێت دژایەتی هەڵوێستە توندەکانی پێشووی ئێران بێت، هەموویان دەبێت بە ئاراستەی "کۆنترۆڵکردنی گرژی" لەلایەن ئێران و رێبەری ئەم وڵاتەوە لێکبدرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەش بە بۆچوونی نەجەفی، ئێران لایەنگری "چارەسەری دوو دەوڵەت" نییە و بە کردەوە هەوڵدەدات قەیرانەکە بەردەوام بێت، بەڵام لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت و لەو چوارچێوەیەشدا تاران پرسی فەلەستین بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین