نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران: بە هاوکاری چینییەکان ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ دەکەین ئێران

نوچه‌نێت

مەحمود نەبەویان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ٩٠ی پەرلەمانی ئێران وتوویەتی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئینتەرنێتمان نەماوە و زۆر گرنگە ئێران بتوانێ بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتی چین ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ بکات.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئێران وایەر" بڵاوی کردەوە نەبەویان وێرای ئاماژەکردن بە چەند وردەکارییەکی ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین، باسی ئەوەی کردووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پۆستە ئەلیکترۆنییەکان هەندێ لەو بوارانەن کە لە هاوکارییەکانی ئێران و چین گرنگییان پێ دراوە. 
نەبەوی هەروەها وتوویەتی لە بەرهەمهێنانی "تابلێت، لەپتۆپ و مۆبایل و لە بواری زیرەکی دەستکرد"دا دەتوانین لەگەڵ چین هاوکاری بکەین. 
پێشتر نوێنەرێکی تری پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو ئێران بڕیارە لە هاوکاری لەگەڵ چین "ئینتەرنێتی نیشتمانیی" دروست بکات. 
محەمەد ساڵح جۆکار، نوێنەری پەرلەمان لەو بارەوە وتبووی، "پلانی بەنیشتمانیکردنی ئینتەرنێت باسی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستا. ئەرکی حکومەتە بە پێی بەرنامەی شەشەم ئینتەرنێت نیشتمانی بکات و هەموو هەنگاوەکان بۆ ئەو مەبەستە هەڵبگرێت. وڵاتی چین بڕیارە بە پێی گرێبەستی هاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ ئەو مەبەستە یارمەتی ئێران بدات". 
گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین لە نەورۆزی ئەمساڵدا و لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی چین لە تاران لە نێوان دوو وڵاتدا ئیمزا کرا. 
دەقی ئەو ڕێککەوتنە هێشتا بڵاو نەبووەتەوە. 
ئەو لێدوانانەوە بوونەتە هۆی نیگەرانی و بەرزبوونەوەی گومانەکان سەبارەت بە سنووردارکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین