ئێران ڕووداوەکەی نەتەنزی بە تیرۆریزمی ئەتۆمی ناو برد ئێران

نوچه‌نێت

عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕووبەڕووی "تیرۆریزمی ئەتۆمی" ببنەوە. ساڵحی ڕووداوەکەی نەتەنزی بە نیشانەی شکستی دژبەرانی پێشکەوتنی پیشەسازیی ئێران و دژبەرانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان ناو برد.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١، ساڵحی وێرای ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوە کە بە کردەوەی "سەرشۆڕانە"ی وەسفی کرد، جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی مافی وەڵامدانەوەی هەیە. سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران وتیشی کۆماری ئیسلامیی بە شێوەیەکی جدی پەرە بە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی خۆی دەدات و هەوڵ دەدات گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە.

بێهروز کەمالوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی نیسان، ڕایگەیاندبوو کێشەیەک لە دامەزراوەکانی پیتاندنی نەتەنز ڕووی داوە و وتبووی تۆڕی دابەشکردنی کارەبای ئەو دامەزراوەیە تووشی کێشە بووە بەڵام ئەو ڕووداوە زیانی مرۆیی و ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئەو ڕووداوە لە ماوەیەکی کەمتر لە ٢٤ کاژێر دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمی ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی لە ئێران و هەروەها دوای ڕاگەیاندنی ڕێخستنەوەی "ناوەندی پێکەوەبەستنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی دەرکردن" ڕووی دا.

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هێشتا هۆکاری ڕووداوەکەی ڕانەگەیاندووە بەڵام سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ئەو ڕووداوەی بە "تیرۆریزمی ئەتۆمی" ناوبرد و ئیدانەی کرد. 
مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوویش ئێران ڕایگەیاند ڕووداوێکی تێکدەرانە لە یەکێک لە بنکەکانی نەتەنز ڕووی داوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین