له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ زیندانه‌كانى ئێران هۆشداریى ده‌درێت ئێران

نوچه‌نێت

هەندێ لە زیندانیانی سیاسیی ئێران بە ئیمزانیکردنی ڕاگەیێندراوێک سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی "ئەوین"ی تاران هۆشدارییان دا و داوایان کرد زیندانییەکان بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەخبار ڕوز" بڵاوی کردەوە ئەو کەسانەی ئەو ڕاگەیێندراوەیان ئیمزا کردووە لە ژووری ژمارە هەشتی زیندانی "ئەوین" زیندانی کراون و زۆربەیان زیندانی سیاسین.

لەو ڕاگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا گەیشتووەتە زیندانی ئەوین و دوو زیندانی لە ژووری ژمارە هەشت و سێ کارمەندی زیندان تووشی کۆرۆنا بوون. 
لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران هەواڵی تووشبوونی چەند زیندانییەکیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاندبوو. 
ئەو کەسانەی ئەو ڕاگەیێندراوەیان ئیمزا کردووە وێرای ئاماژەکردن بە ڕێوشوێنەکانی بنکەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی قەدەغە کردووە  جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێوستە زیندانیان بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن و وتوویانە ئەوە خواست و داواکاری هەزاران خێزان و کەسوکاری زیندانییانە لە هەموو ئێران. 
شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران خێراتر بووەتەوە و وەزیری تەندرووستی ئەو وڵاتە، ئەو دۆخەی بە "ڕۆژانی ڕەشی کۆرۆنا" وەسف کردووە. وەزارەتی تەندروستی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئامارەکانی کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاژێری ڕابردوودا بە شێوەیەکی تایبەت بەرز بوونەتەوە و وتی لەو ماوەیەدا ٢٥٨ نەخۆشی تر گیانیان لە دەست داوە. 
بەو جۆرە بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٦٤ هەزار و ٤٩٠ کەس، ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێ لە شارەزایان لەو بڕوایەدان ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر زیاترە لەو ئامارەی حکومەت ڕایدەگەیێنێت.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین