ئێران رێگە نادات بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ گەشت بکەن ئێران

نوچەنێت:

گەشتکردن لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی گرنگی مافی مرۆڤ بۆ رێزلێنان لە ژینا لە فەرەنسا قەدەغە کرا.

رۆژی شەممە (9/ کانونی یەکەم/ 2023) بی بی سی فارسی لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی رایگەیاندووە، کە هێزەئەمنییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران ئەو و هاوسەرەکەی و کوڕەکەی لە فڕۆکەخانە پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە و رێگەیان نەداوە گەشت بکەن.

ئەوان پلانیان دانابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ گەشت بۆ ستراسبۆرگ بکەن. دوای ئەوەی ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن دەوریەی ئیرشادەوە گیانی لەدەستدا و کاردانەوەی زۆری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەرفراوانی لێکەوتەوە ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوە.

ئەمجەد ئەمینی لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی: ڤیزەمان هەبوو و ویستمان بە شێوەیەکی یاسایی گەشت بکەین، بەڵام دوای ئەوەی چووینە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران و وەرگرتنی کارتی گەشتەکە و رادەستکردنی جانتاکان، بەداخەوە لە بەشی پۆلیسی پاسپۆرت پێمان گوترا، کە رێگەتان پێنادرێت گەشت بکەن، "دەستیان بەسەر پاسپۆرتی من و هاوسەر و منداڵەکەمدا گرت، و رێگریمان لێکرا.

ئەمینی هەروەها نووسیویەتی "هەرچەندە پێشتر بانگهێشتنامە بۆ سەفەرکردنمان بۆ ئەوروپا بۆ قائیمقام و پارێزگاری کوردستان و دامودەزگاکانی دیکەی پەیوەندیدار نێردرابوو، بەڵام کەس راینەگەیاندووە، کە ئێمە مافی ئەوەمان نییە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەین".

لە لەیەکی دیکەوە، رۆبێرتا متسولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: داوا لە حکومەتی ئێران دەکەم بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی دایک و باوک و براکەی ژینا ئەمینی هەڵبوەشێنێتەوە.

سەرۆکی پەرلەمان ئەوروپا دەشڵێت، کە پێویستە رۆژی سێشەممەی داهاتوو (12ی مانگ) لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ پشتیوانی لە "ژنە ئازاکانی ئێران" بەشداری بکەن.

متسولا جەختی لەوە کردۆتەوە، کە " ناتوانرێت راستییەکان بشاردرێنەوە".

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین