ئێران زیندانییە سویدییەکە بە هاوکاری بەرفراوان لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات ئێران

نوچەنێت:

دەزگای دادوەری ئێران، کارمەندێکی سویدی یەکێتی ئەوروپا کە لە تاران زیندانی کراوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەزگای ئەمنی ئیسرائیل و ئەوروپا دادگایی کرد.

رۆژی دووشەممە (11/ کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەزگای دادوەری ئێران، رایگەیاند، نوێنەری داواکاری گشتی لە یەکەم دانیشتنی، بۆ تۆمەتەکانی یۆهان هنریک نیلز فلودروس، هاوڵاتی سویدی، خوازیاری سزادانیەتی بە پشتبەستن بە "ماددەی 286ی یاسای سزادانی ئیسلامی".

بەگوێرەی ئەم ماددەیە، هەر کەسێک کە "بەشێوەیەکی بەرفراوان تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات" ئەنجام بدات بەشێوەیەک، کە "ببێتە هۆی پشێوییەکی توند لە ئاسایشی گشتی وڵات و نائەمنی"، بە "مفسد فی الارض" دادەنرێ" و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.

بە پێی راپۆرتی میزان، "بەپێی راپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەش کراون، لێکۆڵینەوەی ئەنجام دراو و لێدوانەکانی تۆمەتبار، لەگەڵ کەسانی ئەمنی ئیسرائیل لە پەیوەندیدایە".

نوێنەری داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە ئامادەبوونی فلودروس "لە ژێر چەتری کارمەندێکی یەکێتی ئەوروپا" و "لەگەڵ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان" بووە. دەشڵێت "ئامانجی سەرەکی گەشتی ئەم هاوڵاتییە سویدییە بۆ ئێران، هاوکاری لەگەڵ دەزگا و دامەزراوەی هەواڵگریی ئەوروپی و ئیسرائیل لە ئێرانە".

دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتییە سویدییە لە کاتێکدایە، کە لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ستۆکهۆڵم ئاڵۆز بووە.

تاران خوازیاری ئازادکردنی حەمید نووری-یە، کە بەهۆی تێوەگلانی لە کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لەلایەن دەزگای دادوەری سویدەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

پێشتریش ئێران حەبیب ئەسیود، هاوڵاتی ئێرانی-سویدی کە لە تورکیا رفێندرابوو، لەسێدارە دا.

هەروەها پزیشکێکی خاوەن دوو رەگەزنامەی بە ناوی ئەحمەدرەزا جەلالی، لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین