ساڵح نیکبەخت خەڵاتەی ژینا ئەمینی وەردەگرێت ئێران

نوچەنێت:

پارێزەری بنەماڵەی مەهسا (ژینا) ئەمینی، کە توانی ئێران بچێتەدەرەوە، بە بەشداریکردن لە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی وەرگرت و پەیامی دایکی ژینای خوێندەوە.

ڕۆژی چوارشەممە (13/ کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە،  ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی مێهسا (ژینا) ئەمینی، کە توانیویەتی ئێران بەجێبهێڵێت، لەگەڵ ئەفسون نەجەفی خوشکی یەکێک لە قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و مرسدە شاهینکار، یەکێکە لەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکان چاوی زیانی پێگەیشتووە، بە بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا، خەڵاتی ساخارۆڤی وەرگرت.

پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە بەردەم سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و هەروەها بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، کە خەڵاتی سەخارۆڤ بە ناوی هەموو ژنانی ئێرانی بە ژینا ئەمینی بەرز دەنرخێنێت.

ژینا ئەمینی، کچێکی تەمەن 22 ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، لە (13/ کانونی یەکەم /2022) لە ژێر دەستی دەوریەی پۆلیسی ئیرشاد لە تاران، کەوتە کۆما و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران، کۆچی دوایی کرد. بەوهۆیەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد، کە بەهۆی درووشمی سەرەکیەکەیەوە، ناوی بزووتنەوەکە بووە "ژن، ژیان، ئازادی" و تا ئێستاش بەردەوامە.

ساڵح نیکبەخت، بە ناوی ئەو بنەماڵەیەوە خەڵاتەکەی وەرگرت، چونکە پێشتر ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا رایگەیاندبوو، کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کاتی سەفەرکردن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مافی مرۆڤی سەخارۆڤی یەکێتی ئەوروپا، چوونە دەرەوەیان لێ قەدەغە کراوە.

رۆبرتا متسولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، لە وتارێکدا لە پێش رێوڕەسمی خەڵاتەکە، لەوەی کە کۆماری ئیسلامی رێگری لە گەشتی بنەماڵەی ژینا کرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "ئەمە شتێکە کە خەڵکی ئێران رۆژانە رووبەڕووی دەبێتەوە".

هەروەها لەم رێوڕەسمەدا پارێزەی بنەماڵەی ئەمینی، پەیامی دایکی ژینای بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.

خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیر و بیروڕا، بەرزترین خەڵاتە، لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە ساڵانە دەبەخشرێتە چالاکانی مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکی مافی مرۆڤ. خەڵاتی نەختینی ساخارۆڤ 50 هەزار یۆرۆوە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین