چالاکوانێکی کورد بە 45 مانگ زیندانی کردن سزادەدرێت ئێران

نوچەنێت:

بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی مافی مرۆڤ، چالاکێکی ئەدەبی و فەرهەنگی خەڵکی شاری مەهاباد، بە 45 مانگ زیندان و دوورخستنەوە سزادراوە.

رۆژی یەکشەممە (17/ کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی شاری مەهاباد، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری نهێنی" بە 45 مانگ زیندان و دوورخستنەوە لە زێدی خۆی سزادراوە. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکارییەکانی ئەم تۆمەتە و بەڵگەکانی بڵاونەکراوەتەوە.

بەگوێرەی پێگەی مافی مرۆڤی کورد، ئەشکان فەهیم و محەمەد تەدینی، رەزا ئەندێشە و رزگار رەحیمیان، بەرەبەیانی رۆژی هەینی (15/ئەیلول)ی ئەمساڵ، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بە "توندوتیژییەوە" دەستبەسەر کراون.

دواتر رەزا ئەندێشە و رزگار رەحیمیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کران، بەڵام ئەشکان فەهیم و محەمەد تادینی، بە تۆمەتی هاوشێوە بە 45 مانگ زیندان و دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیان سزا دراون.

لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی کورد، شەپۆلێکی بەرفراوانی بانگهێشتکردن، گرتن و دەرکردنی سزای قورس لە دژیان دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن ژیان ئازادی" زیادی کردووە. 

سەرچاوە:  رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین