پەیوەندییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا: خۆڕاگری کۆمەڵایەتی لە ئێران وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

کۆرۆنا دەرد و کارەسات بوو، بەڵام ئەو کاریگەریەشی هەبوو کە کەڵکوەرگرتن لە ئینتەرنێتی لە ئێران بەرفراوانتر کرد و خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەربارەی شێوازی بەرەنگاربوونەوەی حکومەت لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکەیان دەگرن.

"ڕادیۆ زەمانە" ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هاووڵاتیانی ئێران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە باسی ئەوەی کردووە کە ڕابەری کۆماری ئیسلامی بەردەوام بەرپرسانی بواری ئاسایش هان دەدات ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ بکەن. بێ گومان ئەو جۆرە سیاسەتە پێچەوانەی بەشێک لە دەستووری خۆدی کۆماری ئیسلامیشە. چونکە ڕابەری ئەو وڵاتە زۆر بە ئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی دەربارەی گواستنەوەی ئازادانەی زانیارییەکان بۆ هاووڵاتییان دەردەبڕێ. بەرپرسانی ئێران چاوەڕوانن هاووڵاتیان بەردەوام بێدەنگ بن و لە پەراوێزدا بمێننەوە و تەنیا گوێ لە ئامۆژگارییە سیاسییەکان یان ڕێنوێنییە شەرعییەکانی ڕابەری خۆیان بگرن. 
ئەو ڕوانینەی ڕابەری ئێران بۆ ژینگەی ئینتەرنێت لە کاتێکدایە کە ڕابەری ئێران و تیمە سیاسییەکەی خۆیان بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی چالاکانە ئامادەن. واتە ئەو تۆڕانە کە پێشوەخت بۆ هاووڵاتییان قەدەغە کراون. جگە لە ڕابەری ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن. نفوزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا ئەوەندە پەرەی سەندووە کە مەلاکانی سەربە دەسەڵات و بەرپرسانی تریش وەک کەرەسەیەک بۆ پڕۆپاگەندە گرنگییان پێ دەدەن. بە واتایەکی تر، کۆماری ئیسلامیی هەم قەدەغە کردن و فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێویست دەزانێت و هەم کەڵکوەرگتنی بەرپرسانی باڵا لەو تۆڕانە.

فیلتەر و ڤی پی ئێن 


بەرپرسانی حکومەتی ئێران هەم فیلتەرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە پێویست دەزانن و هەم ئەوەی کە لە جۆرە جیاوازەکانی  ڤی پی ئێن (فیلتەرشکێن) سوود وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو هێڵە سوورانەی کە خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە ئینتەرنێت دیارییان کردوون، تێپەڕێنن.

کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی کەڵکوەرگرتنی قوتابییان لە ئینتەرنێت
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی ئەوەی قوتابیان و خوێندکاران بە ناچار بە شێوەی ئینتەرنێتی درێژە بە خوێندن بدەن. بۆیە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئێراندا بەرزبووەوە. ئەوەش هەمیشە پێچەوانەی خواستی دەسەڵاتدارانی ئێران بووە. ئینتەرنێت قوتابیان لەگەڵ شتانێکی نوێ ئاشنا دەکات و ئەوەش تەحەدایەکە لە ڕوانگە سیاسییە باڵادەستەکانی حکومەت. هەروا کە ئێستا هەموو قوتابیان وێرای دانانی ڤی پی ئێن لەسەر مۆبایلەکانیان، سەردانی هەموو ئەو ماڵپەڕانەش دەکەن کە فیلتەر و قەدەغە کراون. 
بەو چەشنە، قوتابییان بە ئاسانی تێدەگەن کە کۆماری ئیسلامی سنووری زۆری بۆ داناون. هەروەها تێدەگەن ئەو سنوورانە تەنیا بەو مەبەستە دانراون خەڵک دەستیان بە زانیارییەکان لە ژینگەی ئازادی ئینتەرنێتدا نەگات. هاوکات قوتابیان هان دەدرێن سەردانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە بکەن کە فیلتەر و قەدەغە کراون. چونکە هەر لەو ڕێگایەوە دەتوانن لەگەڵ هاوپۆلەکان و مامۆستایانی خۆیان پەیوەندی بگرن و بە یارمەتی ئەوان وانەکان فێر بن. هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوڕێی نوێ پەیدا دەکەن. جگە لەوەی کە هەر لەو تۆڕانەدا دەتوانن بە ئاسانی بە تاک یان لەگەڵ هاوڕێکانیان یاری ئەلکترۆنیکی بکەن. تەنانەت قوتابیان و ئەندامانی بنەماڵەیان ئێستا فێری ئەوە بوون لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە کاڵا بکڕن یان بفرۆشن.

پێویستی گشتیی بە ئینتەرنێت

 

واتسئەپ زیاتر لە هەر تۆڕێک هێڵێکی زەقی جیاکەرەوە لە نێوان خەڵک و بەرپرسانی دەسەڵات دروست دەکات.


نزیکە حەوت مانگ پێش ئێستا کۆماری ئیسلامیی سیاسەتێکی سەبارەت بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمی بانکیی لە ئینتەرنێت گرتە بەر. بە پێی ئەو سیاسەتە لەوە بەدوا پێویست بوو هەر هاوڵاتییەک کە لە ڕێگای ماڵەپڕەکان کاروباری بانکی یان دارایی خۆی ئەنجام دەدات جگە لە ژمارەی ناسنامەی خۆی، ڕەقەمی تەلەفوونەکەیشی بنووسێت بۆئەوەی سیستەم بیناسێتەوە. کاروباری بانکیی ئەو هاووڵاتیانە کە ڕەقەم تەلەفۆنیان نییە، ئەنجام نادرێت. هەر ئەوە وایکرد ملیۆنان کەس مۆبایل بکڕن و ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بەرز بووەوە. تەنانەت خەڵکی ئاسایی دەستیان گەیشتە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەش پێچەوانەی خواستی دەسەڵاتدارنی ئێرانە.

ژینگەی ئینتەرنێت لە دژی حکومەت


سیاسەتەکانی حکومەت دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی نەیارانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرز بێتەوە. ئەو نەیارانەی کۆماری ئیسلامی کە ژمارەیان دەگاتە دەیان ملیۆن کەس، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ژینگەیەکی گونجاو بۆ یەکگرتنەوە و لێکنزیکبوونەوە دەبینن. ڕۆژانە چەند ملیۆن جۆر بەرهەمی کولتووریی هاووڵاتیانی ئاسایی هەر لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدا پیشان دەدرێن بۆ ئەوەی هەموو کەس بە ئازادانە بیانبینێت و ڕای خۆی سەبارەت بەو بەرهەمانە دەرببڕێت. گومانێک لەوەدا نییە  کە حکومەت تەنگی پێهەڵچنراوە. بێ هۆ نییە ڕابەری کۆماری ئیسلامی تەنیا بیر لە سڕینەوە و سانسۆرکردنیان دەکاتەوە. دەنگ و ڕەنگی ئێران و میدیاکانی تری سەر بە دەسەڵات توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژینگەیانە نییە. 
هاووڵاتیان وێرای خۆدوورخستنەوە لە سیستەمی سیاسیی و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەوڵ دەدەن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان نزیک ببنەوە بۆ ئەوەی داواکاری گشتیی خۆیان لەو تۆڕانەدا نیشان بدەن. بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لەو وڵاتەدا هەموویان بە بێ هەماهەنگی پێشوەختە، گەمارۆیان خستووەتە سەر میدیاکانی حکومەت و سەیریان ناکەن بۆئەوەی بەشێوەیەکی ئازادانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەیری ڕاستییەکان بکەن.

هۆگری بۆ واتسئه‌پ


لە ئێراندا واتسئه‌پ WhatsApp)) زیاتر لە هەر تۆڕێکی تر لایەنگری هەیە. ڕەنگە ئەوە پەیوەندی بە تواناکانی واتسئەپەوە بێت. چونکە زۆرێک لە خەرجییەکانی بەکارهێنەرانی کەم دەکاتەوە. جگە لەوە، بەکارهێنانیشی زۆر ئاسانە. 
خەڵک لە واتسئەپدا دەتوانن هاوکات دەنگ، وێنە و نووسراوە لە پەیوەندییەکانیاندا بەکاربهێنن. ئەو بابەتانەی دەنێردرێن زۆر خێرا لە لایەن چەند ملیۆن بەکارهێنەرەوە دەساودەس دەبن و خەڵک دەتوانن ڕەخنەیش لە یەکتری بگرن. ئەوە وا دەکات خەڵک پشوودرێژتریش بن.

ڕۆنانی کۆمەڵایەتی


خەڵک نەک هەر سیاسەتی ڕۆژ لە واتسئه‌پ فێر دەبن بەڵکو هەر لەو ژینگەیەشدا فێری لێکنزیکبوونەوە و هاودەنگی دەبن. 
واتسئەپ زیاتر لە هەر تۆڕێک هێڵێکی زەقی جیاکەرەوە لە نێوان خەڵک و بەرپرسانی دەسەڵات دروست دەکات. بەکارهێنەرانی واتسەئەپ نموونەی بەرفراوان دەربارەی ڕەفتارە لێکدژەکانی بەرپرسانی حکومەت ئاشکرا دەکەن. بەڵام ئەوەندەش پێویست ناکات کەسێ هەوڵ بدات پرسێک دابهێنێت، ڕەنگە تەنیا بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە بەرپرسانی حکومەت بتوانێ یارمەتی بەکارهێنەران بدات بۆ ئاشکراکردنی ڕەفتارە ناڕەواکانی بەرپرسان. 
[لە ڕوانگەی هاووڵاتیانی ئێرانەوە] توانای ڕۆنانی کۆمەڵایەتی واتسئەپ زیاتر لە هەموو تۆڕەکانی ترە و بۆیە لەو وڵاتەدا زیاتر لە هەر تۆڕێک لایەنگری هەیە. بە جۆرێک کە ئێستا زۆرێک لە خەڵک بە واتسئەپ خەویان لێ دەکەوێ و بە واتسئەپ خەبەر دەبنەوە. تەنانەت لە شەقام و دامودەزگاکانیشدا واتسئەپ لە خەڵک دانابڕدرێ. چونکە وێرای ئەوەی هاوڵاتیان لێک نزیک دەکاتەوە، وەڵامێکی گونجاویش بە پێداویستییە هاوبەشە دەروونی و کلتوورییەکانی هاوڵاتیانی ئێران دەداتەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین