ئێران نیگەرانی پشتیوانی رووسیایە لەوڵاتانی عەرەبی ئێران

نوچەنێت:

دوابەدوای پشتیوانی دووبارەی رووسیا لە هەڵوێستی ئیمارات سەبارەت بە سەروەریی لەسەر سێ دوورگەی کەنداوی فارس، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە ئێران لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی خۆی "بچووکترین دوودڵی نابێت".

ڕۆژی پێنجشەممە (21/ کانونی یەکەم/ 2023) ئێران ئینتەرناشناڵ، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوە بە بەشێک لە بەیاننامەی شەشەمین کۆڕبەندی هاوکاریی عەرەب و رووسیا لە مەغریب، بەشەی پێوەندیدار بەو سێ دوورگەیە، کە ناکۆکی نێوان ئێران و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی "بێ بنەما و رەتکراوە" زانێ و ئیدانەی کرد.

کەنعانی دەڵێت، دورگەکانی ئێران ئەبو موسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک، کە دەکەوێتە ئاوە شینەکانی کەنداوی فارسەوە، بۆ هەمیشە سەر بە ئێرانن و بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئێرانن.

کەنعانی دەشڵێت، ئێران پرسی یەکپارچەیی خاکی و سەروەری خۆی بەسەر ئەو سێ دوورگەیەدا بە قابیلی دانوستان نازانێت و هەر بانگەشەیەک لە هەر لایەنێکوەە لەم پێوەندییەدا رەتدەکاتەوە.

کۆبوونەوەی هاوبەشی رووسیا و وڵاتانی عەرەبی رۆژی چوارشەممە لە مەغریب بەبێ ئامادەبوونی جەزائیر، کە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی رووسیا لە باکووری ئەفریقا بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، بەشداری کرد و هاوکات لەگەڵ وەزیرانی تری دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی خوازیاری ئاسایشی کەشتیوانی بازرگانی بووە.

لە کۆبوونەوەی هاوبەشی هاوینی ئەمساڵدا لە مۆسکۆ، رووسیا و شەش وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد "دۆسیەی ئەو سێ دوورگەیە ئاراستەی دادگای نێودەوڵەتی بکرێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم پرسە، بەگوێرەی شەرعیەتە نێودەوڵەتییەکان". 

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین